کۆمیسیۆن: 24 کاتژمێر دوای دەنگدان ئەنجامەکان ڕادەگەیێنین

شەیری بکە لە:
کۆمیسیۆن: 24 کاتژمێر دوای دەنگدان ئەنجامەکان ڕادەگەیێنین

دیمەنێک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کاتژمێر 6ـی ئێوارەی 12ـی ئەم مانگە واتە 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاودەکەنەوە.

وێنە گەورەکە: بڕیارە 11-11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەم هەڵبژاردنە 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و حەوت هەزار و 754 کاندیدیش کێبڕکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن.

لێدوانی فەرمی: هادی زایەر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنەکان، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان دەبێت ڕابگەیێنرێن، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمیسیۆن کاتژمێر 6ـی ئێوارەی 12ـی تشرینی دووەم، ئەنجامە سەرەتاییەکان بڵاودەکاتەوە.

وتیشی، ئامێرەکانی دەنگدان سێ ڕاپۆرتی (بەیانی، نیوەڕۆ و کۆتایی) بڵاودەکاتەوە و ڕاپۆرتەکانیش لەگەڵ نوێنەری لایەنەکان و ڕێکخراوەکان هاوبەشی پێدەکرێت، جگە لەوەش بۆ ئەم هەڵبژاردنە تایبەتمەندییەکی نوێ زیاد کراوە و بەهۆیەوە لایەنەکان دەتوانن سات بە سات ئاگاداری ئەنجامەکانی ناوی بنکەکانی دەنگدان بن، ئەوەش شەفافیەتی هەڵبژاردنەکە زیاتر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە: ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، بەم دواییانە کۆمیسیۆن سێ ملیۆن و 500 هەزار کارتی نوێی دەنگدانی ئامادە کردووە و تا ئێستاش دوو ملیۆن و 300 هەزار کارت بە هاووڵاتیان دراوەتەوە، یەک ملیۆن و 200 هەزار کارتیش ماون و داوا لە خاوەنەکانیان دەکەن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ