چوارچێوەی هەماهەنگی نێردراوێکی متمانەپێکراو دەنێرێتە لای سەدر

شەیری بکە لە:
چوارچێوەی هەماهەنگی نێردراوێکی متمانەپێکراو دەنێرێتە لای سەدر

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە

ئاڤا نیوز

هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتوون لەسەر ناردنی نێردراوێک بۆ لای موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بۆ ئاگادارکردنی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و پێکهێنانی حکومەت.

وێنە گەورەکە: پەرلەمانتارانی سەر بە ڕەوتی سەدر، لە خولی پێنجەم دەستیان لەکارکێشایەوە. موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەرەڕای هەوڵەکانی چەندین لایەن و کەسایەتی سیاسی دیار بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکەی، هەڵبژاردنەکانی  ئەمجارەی بایکۆت کرد. چاودێران پێیانوایە دوای بایکۆتکردنی سەدر، هێزە شیعەکان ئێستا زیاتر ئازادن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە قسەی بۆ میدیای عێراق کردووە ڕایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەکان بەردەوامن و باس لە شێوە و ناوەڕۆکی حکومەتی داهاتوو و چارەسەرکردنی گرفتەکان دەکرێت. هەروەها، ڕێککەوتوون لەسەر هەڵبژاردنی نێردراوێک بۆ لای سەدر بۆ زانینی هەڵوێست و داواکارییەکانی.

کاریگەریی و لێکەوتەکان: چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بە زووترین کات حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، بەڵام ئەم هەوڵانەی بەربەستیان دێنێتە پێش. گرنگترینیان بریتییە لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ، یان درێژکردنەوەی ویلایەتی دووەم بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، کە لە لیستەکانی چوارچێوەدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: پێشبینی دەکرێت خاڵە سەرەکییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دوای پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ، دەربکەون.

باکگراوند: هەفتەی ڕابردوو هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی بۆ شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کارەکانی ژماردنی دەنگەکان کۆتایی هاتووە و ئەنجامەکان ئەمڕۆ یان سبەی دووشەممە ڕادەگەیێنرێن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ