هەرێمی كوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دەدات

شەیری بکە لە:
هەرێمی كوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی دارایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا دەدات

دیمەنێک لە کۆنفرانسی لووتکەی کەشوهەوا لە بەرازیل

ئاڤا نیوز

تیمێكی حكومیی لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە بەرازیل بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی لووتكەی كەشوهەوا، بەئامانجی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا بەر هەرێمی كوردستان كەوتوون.

چیرۆكی سەرەكی: لە شاری بێلێم لە وڵاتی بەرازیل، چالاكییەكانی (لووتكەی كەشوهەوا - COP30) بە بەشداری 60 سەرۆكی وڵات و نوێنەری زیاتر لە 170 وڵات، دەستیپێكردووە و تاوەكو 21ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، تیمێكی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەبواری كەشوهەوا بەفەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەشداریكردن لەو كۆنفرانسە جیهانییە، شاندكراون.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: یەکێک لە پلانە سەرەکییەکان بۆ ساڵی 2030، دامەزراندنی سندووقێکی داراییە بە بڕی 1.3 تریلیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی پلانی ستراتیژییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا داڕشتووە یاخود زەرەرمەندترین وڵاتانی گۆڕانی كەشوهەوان، یەكێتی ئەوروپا یەکێکە لە بەخشەرە سەرەکییەکانی ئەم سندووقە.

لێدوانی فەرمی: د. سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنەوەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، تیمی بەشداری حكومەتی هەرێمی کوردستان لەم کۆنفرانسەدا، دابەشی سەر لیژنەکان دەبن بەپێی دابەشبوونی چالاكییەكانی پەیوەست بە: كەمكردنەوە، خۆگونجاندن، لەدەستدان و زیانەكان. لەم بارەیەوە، شاندی هەرێمی کوردستان دوو بەڵگەنامەی لەسەر هەر یەک لە پلانی (کەمکردنەوە و خۆگونجاندن) ئامادەکردووە کە زیاتر لە 50 پڕۆژەی لەخۆگرتووە بەئامانجی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی بەر هەرێمی کوردستان كەوتووە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

مەترسیی پێشبینیكراو: پسپۆڕانی كەشوهەوا، هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرمیی زەوی، كە پێشبینی دەكرێت ئاستی زیادبوونەكە بگاتە 2.8 پلەی سەدی و لە ساڵانی داهاتووشدا، كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەربكەون؛ بەنموونە وشكەساڵی و ژێرئاوكەوتنی شارە كەناراوییەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاكان لەئەنجامی توانەوەی بەفری بەستەڵەكەكان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ