لە دێرەزوور هێرشێکی داعش شکستی پێهێنرا و چوار چەکداریش دەستگیرکران

شەیری بکە لە:
لە دێرەزوور هێرشێکی داعش شکستی پێهێنرا و چوار چەکداریش دەستگیرکران

دیمەنی ئەندامێکی هێزەکانی هەسەدە

ئاڤا نیوز

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، هێرشێکی داعشیان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا شکست پێهێناوە، ئەندامێکیان کوژراوە و چوار ئەندامی دیکەشیان دەستگیرکراون کە یەکێکیان ئەمیر و سەرکردەی سەربازیی ڕێکخراوەکەیە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێشتر هەسەدە بەهۆی مەترسی هێرشی داعش، ڕۆژانی حەوت و هەشتی ئەم مانگە هەموو جۆرە ئاهەنگ و گردبوونەوەیەکی بۆ ساڵیادی ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قەدەغە کردبوو.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: هەسەدە ڕۆژی چوارشەممە لە ڕاگەیێنراوێکدا باسی لەوەكردووە، لە گوندی مراشدەی دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دوو ئەندامی داعش لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە هێرشیان کردەسەر خاڵێکی سەربازییان و لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانیشیان بۆیان، چەکدارێکیان کوژراوە و ئەوەی دیکەش بە سەختی بریندارکراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیشدا لە دێرەزوور شانەیەکی نوستووی داعش دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە سێ کەس، یەکێکیشیان سەرکردەیەکی سەربازی ڕێکخراوەکە بووە بەناوی ئەبو زووبێر، ئەم شانەیەش بەرپرسی زۆربەی هێرشەکانی مانگی ڕابردوو بووە بۆسەر هێزەکانیان، بۆیە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە دەستکەوتێکی گرنگ لە شەڕ دژی تیرۆر لەقەڵەم دەدرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ