ئاڤا میدیا ئەنجامی دا

ئاڤا میدیا ئەنجامی دا

ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا ئاڤا میدیا بۆ كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ و تەكیە ئەنجامی دا و بەردەوامیشە كارێكی گەورە بوو. ئەم ڕووماڵە میدیاییە و ئەم شەو و ڕۆژ كردنەوەیە لەگەڵ خەڵكی زیانلێكەوتووی ماڵوێران بوو، كارێكی تەواو پێویست بوو.


پاشان ڕاگەیاندنی كەمپەینی هاوكاری، خۆی لە خۆیدا ئۆپەراسیۆنێكی مەدەنی بوو بۆ بەدەمەوەچوونی خەڵكی زیانلێكەوتووی ئەو دەڤەرە. ڕووماڵی میدیایی ئاڤا بۆ كارەساتەكە و بەدەمەوەچوونی خەڵك بۆ كۆمەك و هاوكاری، ژمارەی پێوانەیی شكاند.

 
شاشە مۆرەكە بە تەواوی ئازار و ناڕەحەتیەكانی زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی گەیاندە تەواوی خەڵكی كوردستان و نەیهێشت ڕووداوەكە لە جێگەی خۆیدا بمرێت و كوێرببێتەوە. ئەمەش هەم سەلیقەیە و هەم دڵسۆزییە لە كاردا. 


هەموومان دەزانین ئەمرۆ هەر بابەتێك بەو چڕوپڕیە تیشكی میدیای نەخرێتە سەر، نابێت بە ڕۆژەڤی خەڵك و نابێت بە بابەتی قسە لەسەركردن، هەروەك ناچێتە ناو ڕای گشتی و خەڵك بۆی ناجوڵێ و ناشچێتە ناو ئەجێندای حكومەتەكانەوە.


ئەوەش بەهۆی زۆری ڕووداوەكان و زاڵبوونی میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەسەر زیهینەت و یادگەی مرۆڤ و كۆمەڵگەكاندا. ئەمڕۆ بە حوكمی بوونی میدیا و داگیركردنی فەزای گشتی لەلایەن ئەم تەكنەلۆژیایەوە، ئەو شتە لەبەرچاوە كە لەناو میدیا و سۆشیاڵمیدیادا هەیە، ئەوی تری وەك ئەوەی  نەبێت وایە، بۆیە پێم وایە ئەگەر ئەو ڕووماڵە چڕوپڕەی ئاڤا میدیا نەبوایە پێم وایە كارەساتەكەی چەمچەماڵ و تەكیە تەنها وەك ڕووداوێكی سرووشتی تێدەپەڕی و هەرگیز وەك ئێستا نەئەبوو بە دۆسیەی ڕای گشتی.


بۆیە ئەوەی ئاڤا میدیا كردی و دەیكات جێی دەستخۆشییە، من دەزانم ئێمە هەر بەوە ڕاهاتوین دەبێ كە نووسیمان هەر ڕەخنە بگرین، بۆ ئەوەی چەپڵەیەكی درۆزنانەی زیاترمان بۆ بێت. بەڵام بیرمان نەچێت ئینساف و هەڵسەنگاندنی بە ویژدان و بابەتیانەش بەشێكە لە ئەركی عەقڵ و كاری نوسەر و ڕۆشنبیران بەدەر لە جیاوازی ئایۆدۆلۆژی و حیزبی.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسە گەنجە مەیدانییەكانی ئاڤا میدیام بینی شەوڕۆژیان لەگەڵ خەڵكە زیانلێكەوتوەكەی چەمچەماڵ و تەكیە و شۆڕش بەش كردبوو. لەناو قوڕو چڵپاوی لافاودا دەستیان خستبوویە  ژێرباڵی ئازار و مەینەتیەكانی خەڵكی لێقەوماو. لەگەڵیان  دەگریان و لەگەڵیان پێدەكەنین و سەرماو خەم و ئازاریان لەگەڵ بەش دەكردن. داخوازیەكانیان دەگەیاندن و پەیتا پەیتاش خەڵكی خێرخواز و جوامێری كوردستان بەدەمەوە دەچوون. 


پێم وایە ئەمەش  ئەركی ڕاستەقینەی میدیایە، ژیان لەگەڵ كێشە و ناسۆرەكانی خەڵك، ئیتر پاش ئەوە كاركاری دام و دەزگاكانی ترە هۆكارە بابەتیەكانی ئەو كارەساتانە چارەسەر بكەن. گەیاندنی وێنەكان، كارەساتەكان، ئازارەكان، رێك وەك ئەوەی كە هەیە، بێ شەرم بێ سڵەمینەوە ئەمە ئەو كارەیە كە میدیا دەبێ بیكات.


لەپاڵ ئەمەدا ئاڤا میدیا كەمپەینیشی ڕاگەیاند، خەڵكێكی زۆری خێرخواز لە شارەكانەوە دەستیان بە ناردنی كۆمەك كردووە، هاوسۆزییەكی گەورە گەیشتووەتە چەمچەماڵیەكان و تێگەیشتن ئەوان بە تەنها نین لەم كارەساتەدا و هەموو خەڵكی كوردستان هاوسۆزی ئەوانە و لەگەڵیانە. خۆشبەختانە وەك خەسڵەتی هەمیشەیی خەڵكی كوردستان خەڵكێكی زۆر بەدەمەوە هاتوون.. ئەمە جگە لە كەسایەتی و خەڵكێكی پارەدار كە هەر دوێنێ گەیشتنە ماڵی زیانلێكەوتوان. هەموو ئەمە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: