ئەو گەنجانەی كەركووك لەسەر دانانی ئاڵای کوردستان دەستگیركرابوون ئازاد كران

شەیری بکە لە:
ئەو گەنجانەی كەركووك لەسەر دانانی ئاڵای کوردستان دەستگیركرابوون ئازاد كران

دیمەنی گەنجەکان بە ئاڵای کوردستانەوە. وێنە؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

لە كەركووك ئەو چوار گەنجە كوردەی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەلای پەیكەری پێشمەرگە دەستگیر كرابوون، ئازاد كران، خۆپیشاندەرانیش لەسەر بەڵێنی پارێزگاری شارەكە، ماوەی 48 كاتژمێر دەوەستن بۆ ئەوەی ئاڵای عێراق لە دەستی پەیكەری پێشمەرگە لاببردرێت و ئاڵای كوردستان بخرێتەوە دەستی.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەك گەنجی كوردی شاری كەركووك لە دەوروبەری پەیكەری پێشمەرگە گردبوونەوە بۆئەوەی ئاڵای كوردستان لەسەر پەیكەری پێشمەرگە بەرزبكەنەوە، هێزێكی زۆری ئەمنی لە سوپا و دژەتیرۆری عێراق بەرەو ئەو شوێنە جووڵێندران و وێڕای ڕێگریكردن لەو خواستەیان، چوار گەنجی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كران.

لێدوانی فەرمی: عەبدولباست نەجمەددین، ڕێكخەری گردبوونەوەكەی ئەمڕۆی شاری كەركووك لەبەردەم پەیكەری پێشمەرگە بە ئاڤای ڕاگەیاند، سەرجەم ئەو گەنجانەی دەستگیركرابوون، ئازاد كران و ئێمەش لەسەر بەڵێنی ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركووك، كۆتاییمان بە گردبوونەوەكە هێنا كە بەڵێنی دا تاوەكو 48 كاتژمێر كێشەی ئاڵاكەی دەستی پەیكەری پێشمەرگە چارەسەر بكات و ئاڵای عێراق لە دەستی پەیكەرەكە لاببرێت و ئاڵای كوردستان بخرێتەوە دەستی.

ئەو گەنجەی شاری كەركووك ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر پارێزگار لەماوەی دیاریكراودا ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەكات، ئەمجارە بەشێوەیەكی فراوانتر و توەندتر خۆپیشاندن دەكەین و واز لە داواكارییەكانمان ناهێنین تا جێبەجێ دەكرێت. چونكە پێشتریش چەندینجار لەم بابەتە و چەندین بابەتی دیكەی ئیداری، بەڵێنمان پێدراوە كەچی جێبەجێ نەكراوە.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە ئاڤای وت، هیچ گەنجێک لەسەر گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەستگیر نەکراوە، بەڵێنیشم بە خۆپیشاندەران نەداوە دوای 48 کاتژمێری دیکە کێشەکە چارەسەر بکەم.

باكگراوند: هەشت ساڵ لەمەوبەر و بەدیاریكراوی دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 و دۆخی بەزۆر سەپێنراوی شاری كەركووك، ئاڵای كوردستان لە دەستی پەیكەری پێشمەرگە لادرا و بەجێگەی ئەوە، ئاڵای عێراق خراوەتە دەستی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ