لە خانەقین بازرگانێکی نزیک لە حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەیەک

شەیری بکە لە:
لە خانەقین بازرگانێکی نزیک لە حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەیەک

ئاڤا نیوز

 

لە خانەقین بازرگانێکی نزیک لە حەشدی شەعبی، هێڕش دەکاتە سەر ژمارەیەک پەرستاری نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین، بە هۆیەوە کارمەندانی نەخۆشخانەکە بایکۆتی دەوام دەکەن.

 

چیرۆکی سەرەکی: هونەر فارس، پەیامنێری ئاڤا، لە گەرمیان ڕووداوەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە: کچێکی مناڵی بازرگانێکی سەر بە حەشدی شەعبی، لە نەخۆشخانەی گشتی خانەقین نەخۆش بووە و خەوێندراوە، چەند کەسێکی نزیکی بازرگانەکەش بەمەبەستی سەردانیکردن دەڕۆنە لای نەخۆشەکە، بەڵام پەرستارەکان ڕێگایان نەداوە چونکە لەو کاتە نەخۆشەکە خەوێنراوە.

 

دواتر ئەوانیش پەلاماری پەرستارەکانیان داوە، دوایی هەر بەوە نەوەستاون، هەڕەشەیشیان لێ کردوون، وتوویانە باسی بکەن: خراپتان بەسەر دێنین، پەرستارەکان سیانن، خەڵکی کەلارن و دانەیەکیان خاتوونێکە.

 

لێدوانی فەرمی: سەرکەش کەریم، پەرستار لە نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین بە ئاڤای راگەیاند، ئەم ژوورەی منداڵەکەی تێدا خەوێندرابوو، بۆ هیچ کەسێک ڕێگەپێدراو نیە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان بچێتە ژوورەوە، تەنانەت کارمەندەکانیش بە ماسک و تەعقیمەوە بچنە ژوورەوە.

 

-ئەوانەی هاتوون ویستوویانە هەر بە جلوبەرگی ئاسایی خۆیانەوە سەردانی نەخۆشەکە بکەن، ئێمەش ڕێگەمان نەداوە.

 

زانیاریی زیاتر: بەهۆی هەڵسوکەوتی ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین، کارمەندانی نەخۆشخانەکە بایکۆتی دەوامیان کرد.

 

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: بازرگانەکەی نزیک لە حەشدی شەعبی ئاڤای راگەیاند، بەهیچ جۆرێک لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزیدا نین و ئەمنیەتی خانەقینمان دەوێت، ئەوەی ڕوویداوە هەڵە تێگەیشتنێک بووە و کێشەکە چارەسەر کراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ