پاڵەوانێکی کورد بەشداریی دوو پاڵەوانیەتیی جیهانیی دەکات

شەیری بکە لە:
پاڵەوانێکی کورد بەشداریی دوو پاڵەوانیەتیی جیهانیی دەکات

هەکار گەردی، پاڵەوانەکەی هەولێر

ئاڤا نیوز

هەکار گەردی، پاڵەوانەکەی هەولێر، ئامادەکاریی دەکات بۆ بەشدارییکردن لە دوو گەورەترین پاڵەوانیەتیی وەرزشیی لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهان لە وڵاتانی ئەندەنووسیا و تایلەند.

چیرۆکی سەرەکی: ئەو پاڵەوانە کوردە وابڕیارە ئەمساڵ، لە هەردوو یاری موای تای و کیک بۆکسینگ بەشداری دوو پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی گەورە بکات، ئێستا لە شاری هەولێر سەرقاڵی ڕاهێنان و خۆئامادەکردنە.

لێدوانی فەرمی: هەکار گەردی بە ئاڤای ڕاگەیاند: "ئەمساڵ لەژێر ناوی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە دوو پاڵەوانیەتیی گەورە دەکەم؛ یەکەمیان لە 24ـی ئەم مانگە لە ئەندەنووسیا دەبێت و دووەمیشیان سێ مانگی دیکە لە تایلەند لە پاڵەوانیەتی ONE Championship دەبێت، کە گەورەترین سەکۆی موای تای و کیک بۆکسینگە لە جیهاندا".

زانیاریی زیاتر: ئەم گەنجە کوردە خاوەن مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتە، بە جۆرێک تەنها لە ساڵی 2025ـدا توانیویەتی لە پێنج پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتییدا لە تایلەند و مالیزیا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و هەموو شەڕەکانی بە گورزی کوشندە (KO) بباتەوە. لەم ماوەیەدا توانیویەتی دوو پشتێنی جیهانیی RBS و WKN & CVC لە کێشەکانی 75 و 76 کیلۆگرام بەدەستبهێنێت.

ئەمەش بزانە: ئێستا ناوبراو لە شاری هەولێر بە چڕیی سەرقاڵی ڕاهێنانە تاوەکو جارێکی دیکە بە ئامادەییەکی بەهێزەوە ئاڵای کوردستان لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکاندا بەرز بکاتەوە و نازناوەکانی پێشووتر بپارێزێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم پاڵەوانە هەولێرییە زیاتر لە 17 ساڵە لە هونەرە بەرگرییە جیاوازەکاندا وەک کیک بۆکسینگ، MMA، موای تای و تایکواندۆ دەکات و خاوەنی پشتێنی ڕەشی هەردوو یاریی موای تای و کیک بۆکسینگە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: