تورکیا بەهۆی هۆنینەوەی 'کەزی' لێپرسینەوە لە یانەی ئامەد سپۆر دەکات

شەیری بکە لە:
تورکیا بەهۆی هۆنینەوەی 'کەزی' لێپرسینەوە لە یانەی ئامەد سپۆر دەکات

ئەو وێنەیەی کە یانەی ئامەد سپۆر بڵاوی کردەوە و کاردانەوەی لێکەوتەوە

ئاڤا نیوز 

 

هەڵمەتی "هۆنینەوەی کەزی" کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بڕینی قژی کچە شەڕڤانێکی کورد لە سووریا دەستی پێکرد، حکوومەتی تورکیای هەراسان کردووە و دوای دەستگیرکردنی پەرستارێک، ئێستا یانەی ئامەدسپۆریش بەهۆی ئەم هەڵمەتەوە ڕووبەڕووی سزای وەرزشی دەبێتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی "هۆنینەوەی کەزی" لە هەژمارە فەرمییەکانی یانەکە، یانەی ئامەدسپۆر و ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەکە لەلایەن دەستەی دیسپلینی تۆپی پێی پیشەیی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

- تۆمەتەکە بریتییە لە "پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژی" و "زیانگەیاندن بە ناوبانگی تۆپی پێ"، ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناوەندە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتووەتەوە.

ئەمەش بزانە: بەهۆی دەربڕینی هەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە، تاکوو ئێستا چەندین جار یانەی ئامەدسپۆر کە ئێستا پێشەنگی یانە پلە یەکەکانی تورکیای گرتووە و بە جیاوازی چوار خاڵ لە پێش دووەم یانەی ڕیزبەندەکەیە، بە شێوەی جیا جیا سزا دراوە.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: دوای بڕینی قژی کچە شەڕڤانێکی کورد کە بە شێوەی کەزی هۆنرابوویەوە لە تورکیا، هەڵمەتێکی بەرفراوان لە چوار پارچەی کوردستان و تورکیا دەستی پێ کرد.

-لە باکووری کوردستان، پەرلەمانتارانی وەک پەروین بووڵدان، مەڕاڵ دانش بێشتاش، ئایشەگوڵ دۆغان و گوڵستان کڵچ کۆچییغیت بە ڤیدیۆ بەشدارییان تێدا کرد.

- چەندین ئەکتەری ناودار وەک نوور سورەر، نازمی کرک و بێڵچیم بیڵگین (برازازای شێخ سەعیدی پیران) پاڵپشتییان بۆ هەڵمەتەکە دەربڕی. هەروەها نیلای تۆپراک، ئەستێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ پەروین چاکار، هونەرمەندی ئۆپێرا و پارێزەر ئەرەن کەسکین، بەشدارییان لەم ناڕەزایەتییە سیمبولییەدا کرد.

هەراسانی حکوومەتی تورکیا بەرانبەر ئەم هەڵمەتە گەیشتە ناوەندە تەندروستییەکانیش. پەرستارێک لە شاری کۆجائێلی تورکیا بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە کاتی هۆنینەوەی قژی بە شێوەی کەزی و دانانی گۆرانییەک لەگەڵیدا، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر" دەستگیر کرا و ڕۆژێک دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ