لەسەر دەركردنی ئەو قوتابییەی ئاڵای كوردستانی كێشابوو لێپرسینەوە لە قوتابخانەكە دەكرێت

شەیری بکە لە:
لەسەر دەركردنی ئەو قوتابییەی ئاڵای كوردستانی كێشابوو لێپرسینەوە لە قوتابخانەكە دەكرێت

وێنەی کێشراوەکەی ئاڵای کوردستان. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دەركردنی قوتابییەکی کورد لە کەرکووک لەسەر کێشانی وێنەی ئاڵای کوردستان، كاردانەوەی لێ دەكەوێتەوە، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەم بڕیارە ناڕەوایە نابێت بەهیچ جۆرێک قبوڵ بكرێت، بڕیاریشی داوە پارەی خوێندنەكەی لەئەستۆ بگرێت. سبەی مامۆستاكە بانگهێشتی پەروەردەی كەركووک دەكرێت بۆ لێپرسینەوە.

چیرۆكی سەرەكی: قوتابییەكی كورد لە کەرکووک بەناوی (دیار خەلیل) كە لە دیراسەی عەرەبی لە قوتابخانەیەكی ناحكومی دەخوێنێت، لە تاقیكردنەوەی وانەی هونەر، مامۆستای وانەكە بە قوتابییەكانی وتووە، هەر وێنەیەک كە پێتانخۆشە بیكێشن، ئەو قوتابیە كوردەش لەسەر كاغەزی تاقیكردنەوە، وێنەی ئاڵای كوردستان دەكێشێت.

چی ڕوویدا: مامۆستاكە دوای ئەوەی كە وێنەكە دەبینێت، بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی لێ ئاگاداركردووەتەوە، بەڕێوەبەرەكەش بە كەسوكاری قوتابییەكەی وتووە، ئەو قوتابییە لە خوێندنی ئەمساڵ دەركراوە و فەسڵ كراوە.

لێدوانی فەرمی: دیار خۆی چیرۆكەكە بۆ ئاڤا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "دوێنێ كە تاقیكردنەوەی وانەی هونەرمان هەبوو، مامۆستاكەمان وتی، وێنەی هەرچییەك كە خۆتان پێتانخۆشە بیكێشن، منیش كە ئاڵای نیشتمانی خۆم خۆشدەوێت، بۆیە بڕیارمدا وێنەی ئاڵای كوردستان بكێشم. ئەمڕۆ كە بۆ تاقیكردنەوەی وانەی دواتر چوومە قوتابخانە، بەڕێوەبەری قوتابخانەكە لەبەر دەرگا وەستابوو، ڕێگری لێكردم بچمە ژوورەوە و پێی وتم تۆ ئاڵای كوردستانت كێشاوە و لەسەرەوەی ئاڵاكە نووسیوتە "بژی دەوڵەتی كوردی" بۆت نییە بێیتە ژوورەوە و لە خوێندنی ئەمساڵ فەسڵ كراویت."

ئەو قوتابیە دەڵێت، "من ئاڵای كوردستانم كێشاوە، بەڵام لەسەر وێنەكە بەهیچ جۆرێک نەمنووسیوە بژی دەوڵەتی كوردی، ئەمەیان بۆ زیادكردووە."

دایكی قوتابیەكەش لەسەر ڕووداوەكە دەڵێت، فەخر بە ئاڵای خۆمان دەكەین و كوڕەكەم لەسەر ئاڵای كوردستان فەسڵ كراوە، ئەوە كارێكی ناڕەوایە بەرامبەر سەرەتاییترین مافی نەتەوەییمان.

کاردانەوەکان: د. ئەحمەد کەرکووکی. ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر ئەو بابەتە ڕایگەیاند، ڕاستەوخۆ دوای بیستنی هەواڵی فەسڵکردنی قوتابییەکە، پەیوەندیمان بە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووکەوە کرد بۆ ڕاگرتنی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە. جگە لەوەی بڕیاری فەسڵكردنەكە ڕاگیرا، بڕیاریشدرا سبەینێ ئەو مامۆستایەی ئەم کارەی کردووە، بانگهێشتی پەروەردە بکرێت بۆ لێپێچینەوە.

لەلایەکی دیکەوە: د. ئاڵان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی کوردستان كۆمێنتی بۆ پۆستێكی ئاڤا كردووە و ڕایگەیاندووە، کاتێک بابەتەکەم پێگەیشت، ڕاستەوخۆ مامۆستا کامەران (بەرێوەبەری خوێندنی کوردی)ـم راسپارد کە بەهیج جۆرێک ئەمە نابێت قبوڵ بکرێت و قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک بکەن، قسەی لەگەڵ کردوون و بەڵێنیان داوە سبەی چارەسەری بابەتەکە دەکەن و لێپرسینەوەش لە قوتابخانەکە دەکەن ، بڕیاریشمدا پارەی خوێندنەکەی لە ئەستۆ بگرم وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو ئازیزە و دڵنیابن ئەو منداڵە بێ خوێندن نامێنێتەوە، بابەتەکە چارەسەر دەبێت و جیا لەوەش هەموو قوتابخانە کوردییەکانی ئێمە لە کەرکووک لەبەردەمیدا کراوەیە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: