خامنەیی: پلانی مۆساد و ئەمریکا تێکشکا

شەیری بکە لە:
خامنەیی: پلانی مۆساد و ئەمریکا تێکشکا

ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران

ئاڤا نیوز

ئایەتوڵا عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئێران پلانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە، بەڵام بە تەواویی شکستیان هێناوە.

لێدوانی فەرمی: ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند: لەرێگەی سەرچاوەیەکەوە ئاگادار کرامەوە کە مۆساد و سی ئای ئەی هەموو تواناکانیان بۆ ئاژاوەگێڕیی لە ئێران خستبووە گەڕ؛ بەڵام پلانەکەیان کە لە دەرەوە داڕێژرابوو و بەڕێوەدەبرا، تێکشکا.

زانیاریی زیاتر: ڕێبەری باڵای ئێران پێیوایە ئەو "فیتنەیە"ی لە ناوخۆی وڵاتدا ڕوویدا، لەرێگەی ژووری عەمەلیاتی دەرەکییەوە ئاڕاستە دەکرا و ئامانجی سەرەکیی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامیی بوو. بە بڕوای خامنەیی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواوی سەرچاوە دارایی و مرۆییەکانیان بەکارهێنابوو تاوەکو خۆپیشاندانەکان بەرەو توندوتیژیی بەرن، بەڵام ورەی هێزە ئەمنییەکان و نەمانی پاڵپشتیی بۆ ئەو پلانانە، بووەتە هۆی ئەوەی کە "دوژمنان" بە شکستخواردوویی لە مەیدانەکە بچنە دەرەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تاران بەهۆی پرسی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی خۆپیشاندەران لە لوتکەدایە.

باکگراوند: ئێران لە کۆتایی ساڵی 2025 و سەرەتای 2026ـەوە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتیی جەماوەریی بووەتەوە. تاران بەردەوام ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاندانی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەردا واشنتن و تەلئەبیب جەخت دەکەنەوە کە ناڕەزایەتییەکان دەرئەنجامی سیاسەتە ناوخۆییەکانی خودی دەسەڵاتدارانی ئێرانن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: