دەرمانێکی ساختە لە دەرمانخانەکانی سلێمانی بڵاوبووەتەوە

شەیری بکە لە:
دەرمانێکی ساختە لە دەرمانخانەکانی سلێمانی بڵاوبووەتەوە

دەرمانێکی قەدەغەکراوی لە سلێمانی دەفرۆشرێت

ئاڤا نیوز

دەرمانێکی قەدەغەکراوی پەستانی خوێن کە لە ساڵی 2020ـەوە هاوردەکردنی ڕاگیراوە، لە بازاڕەکانی سلێمانی بینراوە و گومانی ساختەکردن و قاچاخبردنیشی لێ دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: زیاتر لە پێنج ساڵە، دەرمانی ئێكسفۆرج هاوردەکردنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە، کەچی ئێستا لەهەندێک دەرمانخانەی سلێمانی بە نایاسایی هەیە و دەفرۆشرێت، بۆیە گومان دەکرێت بە قاچاخ هێندرابێت، یان تەزویر کرابێت کە بۆ چارەسەركردنی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەكاردێت، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی كە ناتواندرێت وەك پێویست بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پەستان  یا زەخت كۆنتڕۆڵ بكرێت.

لێدوانە فەرمییەکان: د. ڕەنج محەممەد، سەرۆکی سەندیكای دەرمانسازان - لقی هەولێر: گومان دەکەین ئەم دەرمانە لە سنوورەکانی سلێمانی یان ڕاپەڕینەوە بە قاچاخ و بەبێ ئاگاداریی دەزگا فەرمییەکان هێنرابێتە ناو هەرێمی کوردستان.

د. محەممەد ڕەشید، بەرپرسی چاودێریی بازاڕیش گوتی: هەر دەرمانخانەیەک ئەو دەرمانەی تێدا بێت، دەستبەجێ دادەخرێت و سزا دەدرێت؛ بازرگانەکانیش ڕووبەڕووی دادگا دەکەینەوە، چونکە ئەمە یارییکردنە بە ژیانی خەڵک.

زانیاریی زیاتر: دەرمانەکی (Exforge HCT) شێوازی نووسینی سەر پاکەتەکەی کۆپی کراوە و لەگەڵ جۆرە ڕەسەنەکەی جیاوازیی هەیە. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2020ـەوە هاوردەکردنی ئەم دەرمانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆلکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی لە کوردستان، سەر بە وەزارەتی تەندروستی بە تەواویی قەدەغە کراوە، کەچی ئێستا بە بەرواری بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی "تازە" لە دەرمانخانەکانی سلێمانی دەفرۆشرێت.

لەلایەکی دیکەوە: سەندیکای دەرمانسازان هۆشداریی بە هەموو لقەکانی داوە، تیمەکانی کۆنتڕۆڵی جۆرییش ڕاسپێردراون بۆ پشکنینی وردی کۆگاکان و دەستبەسەرداگرتنی هەر بڕێکی دۆزراوە تاوەکو ڕێگریی لە کارەساتی تەندروستیی بگیریێت.

باکگراوند: بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) ساڵانە لیستی ئەو دەرمانانە نوێ دەکاتەوە کە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکان یان نەبوونی مەرجی تاقیگەیی قەدەغە دەکرێن.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: