وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارێک بۆ هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەردەکات

شەیری بکە لە:
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارێک بۆ هاووڵاتیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەردەکات

کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت

ئاڤا نیوز


وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕێنمایی مۆڵەتی "خۆتەرخانکار" هەموار دەکاتەوە، بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان، چەندین نەخۆشیی دیکە دەخرێنە ناو لیستی مۆڵەتەکەوە و ئاسانکاری بۆ فەرمانبەرانی بەخێوکەر دەکرێت.


چیرۆکی سەرەکی:
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ڕێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2026، ڕێکاری پێدانی مۆڵەتی بەخێوکاری (خۆتەرخانکار) بۆ ئەو فەرمانبەرانە هەموار کردەوە کە کەسێکی پلە یەکی خێزانەکەیان خاوەن پێداویستیی تایبەتە و پێویستی بە چاودێریی بەردەوام هەیە.


لێدوانی فەرمی: هیوا ڕەحمان، بەرپرسی بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، ڕایگەیاند: "هەموارەکە ژمارەیەک گرفتی گەورەی چارەسەر کردووە، گرنگترینیان لەوانە، زیادکردنی جۆرەکانی خاوەن پێداویستە تایبەتەکان وەکو نەخۆشییەکانی (دەردەفیل، شەکرەی جۆری یەکەم بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵ، تالاسیمیا و هیمۆفیلیا) دەتوانن سوودمەند بن لە مۆڵەتی بەخێوکار."

هیوا ڕەحمان، دەشڵێت: "ئاسانکاری بۆ دایک و باوک دەکرێت، ئەگەر لە خێزانێکدا زیاتر لە تووشبوویەکی ئۆتیزم یان شەلەل دەماغیان هەبێت، دایک و باوک هەردووکیان فەرمانبەر بن، دەتوانن پێکەوە مۆڵەتەکە وەربگرن، هاوکات دەتوانن بە ڕێککەوتنی نێوان خۆیان مۆڵەتەکە بۆ چاودێریی منداڵەکانیان بەکاربهێنن."


٠ ئەو کەیسانەی چارەسەریان نییە وەک (داون، لەدەستدانی ئەندامێکی جەستە، هیمۆفیلیا و تالاسیمیا) تەنیا یەک جار دەچنە بەردەم لیژنەی پزیشکی و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکات.


• فەرمانبەری داواکار دوو ساڵ جارێک مامەڵەی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی ئەنجام دەدات.


زانیاریی زیاتر: لە ڕێنماییەکاندا جەخت کراوەتەوە کە فەرمانبەری داواکار ناتوانێت لە یەک کاتدا بۆ دوو کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت، لە خێزانەکەیدا مۆڵەت وەربگرێت، تەنها لەو حاڵەتە تایبەتانەی کە لە هەموارەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: