مەسرور بارزانی و سەرۆکی ئیمارات: پەیوەندییەکانمان بەهێزدەکەین لەپێناو گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی و سەرۆکی ئیمارات: پەیوەندییەکانمان بەهێزدەکەین لەپێناو گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی

شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان

ئاڤا نیوز

لە ئەنجوومەنی کۆشکی بەحر لە ئەبوزەبی، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، پێشوازی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد و پرسی پەرەپێدانی هاریکاریی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکیی نێوان هەردوولا بوو.

چیرۆکی سەرەکی: لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کردەوە، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەردوولا بکات و ببێتە هۆی بەدیهێنانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی.

زانیاریی زیاتر: تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە گرنگیی ئەو بابەتانەی کە لە ئەجێندای لووتکەی جیهانیی حکومەتەکاندا وەک پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی دیدگا و بیرۆکەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی کاری حکومی، باسیان لێوە کرا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەر لە دیدارەکەدا، کە ژمارەیەک لە شێخ، وەزیران و بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئیمارات ئامادەی بوون، هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە کۆمەڵێک پرس و بابەتی جێی بایەخی هاوبەش گۆڕییەوە.

باکگراوند: شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوبەی بەشداریی گەورەترین لووتکەی حکومەتەکان دەکات، کە تێیدا زیاتر لە 60 سەرۆکدەوڵەت و حکومەت، نوێنەرانی 150 حکومەت و زیاتر لە 500 وەزیر ئامادەی دەبن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: