پڕۆژەی ڕووناکی؛ پارەدان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و نۆرەگرتن کۆتایی دێت

شەیری بکە لە:
پڕۆژەی ڕووناکی؛ پارەدان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و نۆرەگرتن کۆتایی دێت

پڕۆژەی ڕووناکی

ئاڤا نیوز

پڕۆژەی ڕووناکی بڕیاری دا سیستەمی پارەدانی کارەبا بکاتە ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی کۆتایی بە نۆرەگرتنی زۆری هاووڵاتییان بهێنێت و ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنیەتیی ئەژمارکردنی نرخەکان دەدات.

وێنە گەورەکە: ئەم گۆڕانکارییە هەنگاوێکی گرنگە لە پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ گۆڕینی شێوازی پارەدان لە دەستییەوە بۆ ئەلیکترۆنی، نەک تەنیا کێشەی قەرەباڵغی و نۆرەگرتن لە بنکەکان چارەسەر دەکات، بەڵکو شەفافییەت و خێرایی لە مامەڵە داراییەکاندا دروست دەکات.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی ڕووناکی بە ئاڤای ڕاگەیاند: تەواوی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانمان بەدەست گەیشتووە و کارمان لەسەر کردووە؛ لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کێشەی نۆرەگرتن بە تەواوی نامێنێت و پڕۆسەی پارەدان دەکرێتە ئەلیکترۆنی.

زانیاریی زیاتر: لەبارەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە نرخی کارەبای ڕووناکی؛ ئەو سەرچاوەیە بە ئاڤای گوت: نرخەکان بەپێی یاسا چەسپێنراون و وەک خۆیانن، بەڵام تێگەیشتنێکی هەڵە لە باڵانسی نامەی ژمارە 1992 دروست بووە، چونکە زۆرجار پارەی 20 ڕۆژ داخل کراوە و هاووڵاتی وا دەزانێت ئەوە پارەی تەواوی مانگەکەیە. پڕۆژەی ڕووناکی نموونەیەک لە هاوکێشەی ئەژمارکردنی پارەکە دەخاتە ڕوو، کە تێیدا نرخی هەر کیلۆوات سەعاتێک بە 72 دینار جێگیر کراوە:

• دۆخی یەکەم: 20 ڕۆژ بەکارهێنان (13 کیلۆوات لە ڕۆژێکدا) دەکاتە: 18,720 دینار.
• دۆخی دووەم: 30 ڕۆژ بەکارهێنان (13 کیلۆوات لە ڕۆژێکدا) دەکاتە: 28,080 دینار.

٠ پڕۆژەی ڕووناکی جەختی کردەوە کە چ ئەژمارکردنەکە بۆ 20 ڕۆژ بێت یان 30 ڕۆژ، نرخەکە جێگیرە و دادپەروەریی تێدایە، چونکە پارەکە تەنیا لەسەر بنەمای بڕی بەکارهێنان ئەژمار دەکرێت.


باکگراوند: پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پێوەری زیرەک. پڕۆژەکە سەرەتا لە گەڕەکی بەختیاریی هەولێر دەستیپێکرد و ئێستا بۆ چەندین ناوچەی دیکەی پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان فراوان کراوە. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ڕێکخستنی بەکارهێنانی وزە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و کۆتاییهێنانە بە مۆلیدە ئەهلییەکان کە بارگرانیی دارایی و ژینگەییان بۆ هاووڵاتییان دروست کردبوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ