ورچە جەمسەرییەکانی سڤالبارد سەرەڕای توانەوەی سەهۆڵ قەڵەوتر بوون

شەیری بکە لە:
ورچە جەمسەرییەکانی سڤالبارد سەرەڕای توانەوەی سەهۆڵ قەڵەوتر بوون

ورچە جەمسەرییەکانی دوورگەی "سڤالبارد"

ئاڤا نیوز

زانایان لە نەرویج ئاشکرای دەکەن ورچە جەمسەرییەکانی دوورگەی "سڤالبارد" قەڵەوتر و تەندروستتر بوون، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ڕووبەرێکی زۆری سەهۆڵبەندانی ناوچەکە تواوەتەوە.

وێنە گەورەکە: پێشتر وا دەزانرا توانەوەی سەهۆڵ یەکسانە بە برسێتیی ورچەکان. بەڵام ورچە جەمسەرییەکان جۆرێک لە "خۆگونجاندنی زیرەک"یان ئەنجام داوە و لە ڕاوکردنی سەر دەریاوە ڕوویان لە وشکانی کردووە. هەرچەندە ئێستا ورچەکان "تەندروست" دەردەکەون، بەڵام زانایان دەڵێن ئەمە "خۆشییەکی کاتییە" و بەردەوامیی توانەوەی سەهۆڵەکان لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتیی ئەم شیردەرە زەبەلاحانە، چونکە ناچار دەبن وزەیەکی زۆر بۆ گەشتکردن بەدوای نێچیردا خەرج بکەن.

لێدوانی فەرمی: دکتۆر جۆن ئارس، سەرۆکی تیمی توێژینەوە لە پەیمانگای جەمسەریی نەرویج ڕایگەیاند: چەندە ورچێک قەڵەوتر بێت، ئەوەندە بارودۆخی باشترە. من چاوەڕێی ئەوەم دەکرد بەهۆی توانەوەی قووڵی سەهۆڵەکانەوە دۆخی جەستەییان بەرەو خراپی بڕوات، بەڵام پێچەوانەکەی ڕووی دا. پێدەچێت ئێستا چێڵە دەریاییەکان (Walruses) بووبێتنە سەرچاوەیەکی نوێ و دەوڵەمەند بە چەوری بۆ ورچەکان.

زانیاریی زیاتر: زانایان لە دوورگەی "سڤالبارد"ی نەرویج لە جەمسەری باکوور، توێژینەوەیان لەسەر 770 ورچی پێگەیشتوو لە نێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 2019 ئەنجام دا و بۆیان دەرکەوت کە ورچەکان بە شێوەیەکی بەرچاو قەڵەوتر بوون.

٠ ئەوان پێیان وایە ورچەکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا گونجاندووە و زیاتر ڕوویان لە ڕاوکردنی نێچیرەکانی سەر وشکانی کردووە، لەوانە ئاسکی کێوی و چێڵە دەریاییەکان.

بڵاوکراوەی فەرمی: ئەم دۆزینەوەیە کە لە گۆڤاری "Scientific Reports" بڵاوکراوەتەوە، جێگەی سەرسوڕمانە چونکە لەم ماوەیەدا ژمارەی ئەو ڕۆژانەی کە ناوچەکە بێ سەهۆڵ بووە، نزیکەی 100 ڕۆژ زیادی کردووە (بە تێکڕای 4 ڕۆژ لە هەر ساڵێکدا). یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە بەهۆی بچووکبوونەوەی ڕووبەری سەهۆڵەکان، سەگی دەریاییەکان لە ناوچەیەکی تەسکدا کۆدەبنەوە و ئەمەش ڕاوکردنیان بۆ ورچەکان ئاسانتر دەکات.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوورگەی سڤالبارد (Svalbard) یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە خێراترین گۆڕانی کەشوهەوای تێدا ڕوودەدات. ورچە جەمسەرییەکان لەو ناوچەیەدا لە ژێر مەترسیی لەناوچوونی یەکجارەکی بوون تاوەکو ساڵانی 1970ـەکان، کاتێک ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنیان واژۆ کران.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ