لە ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتی باسی پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان نەکراوە

شەیری بکە لە:
لە ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتی باسی پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان نەکراوە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ڕۆژنامەی "تورکیا"ـی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە لە ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، باس لە پێدانی مافی هیوا بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە تاوەکو بە مەرج ئازاد بکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێدانی ئەم مافە بە ئۆجەلان، یەکێکە لە بابەتە مشتومڕهەڵگرەکان؛ چونکە وەک هاندەرێکی سەرەکی دەبیندرێت تاوەکو پەکەکە بە تەواوی چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

شێوازی جێبەجێکردن: ڕەشنووسی ڕاپۆرتەکە پێشنیازی گۆڕانکاری لە یاسای سزادان، جێبەجێکردنی سزاکان و یاسای دژەتیرۆر دەکات. ئامانج لێی ڕوونکردنەوەی باری یاسایی ئەو کەسانەیە کە چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە.

خاڵێکی دیکەی گرنگ، پابەندبوونی تورکیایە بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا. شارەزایان پێیان وایە، هەرچەندە ناوی مافی هیوا نەهێنراوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو مافە بۆ ئۆجەلان و زیندانیانی دیکە دابین دەکات.

لە ڕووی سیاسییەوە، ڕاپۆرتەکە داوای هەڵگرتنی سیستەمی قەییوم لەسەر شارەوانییە هەڵبژێراوەکان و گۆڕانکاری لە یاسای پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردن دەکات. ئامانج لێی بەهێزکردنی دیموکراسی و گواستنەوەی چارەسەری کێشەکانە بۆ ناو پەرلەمان.

چی ڕوویدا: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فێتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاندبوو، بۆ پێدانی مافی هیوا لەگەڵ پارتە بەشداربووەکانی کۆمیسیۆنەکە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لەمبارەیەوە هیچ جۆرە ناکۆکییەکیان لەگەڵ ئاک پارتیی دەسەڵاتداردا نییە.

دوای ئەوەی نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان، ڕەشنووسەکەی ڕادەستی پارتەکان کرد؛ بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پێدانی "مافی هیوا" بە ئۆجەلان نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، نۆ ڕۆژ لەمەوبەر دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستیان نەگۆڕە و هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو داوا دەکات ئۆجەلان لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە پێشنیازی چاککردنی دۆخی ئیداریی ناو زیندانەکان دەکات. بەتایبەت کارەکانی لیژنەی چاودێریی زیندانەکان، کە زۆرجار دەبنە ڕێگر لەبەردەم ئازادکردنی مەرجداری زیندانیان. 

ئەمەش بزانە: ئەم ڕاپۆرتە وەک نەخشەڕێگەیەک دەبێت بۆ ئەو یاسایانەی، کە بڕیارە لە مانگی ئاداری داهاتوودا بخرێنە بەردەم پەرلەمانی تورکیا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ