دوو شاباڵی هەڵۆی کوردایەتی؛ خوێندنەوەیەک بۆ تەواوکاریی نێوان حوکمڕانی و دیپلۆماسییەتی کوردی

دوو شاباڵی هەڵۆی کوردایەتی؛ خوێندنەوەیەک بۆ تەواوکاریی نێوان حوکمڕانی و دیپلۆماسییەتی کوردی

نێچیرڤان بارزانی. سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

لە ناو ئەزموون و دیمەنی حوکمڕانیی هاوچەرخی هەرێمی کوردستاندا ، ساڵانێکە  مۆدێلێکی سەرکردایەتی و دابەشکردنی ئەرک و پێگەی سیاسی و ئیداری، هاتۆتە ئاراوە کە لە خۆرهەڵاتی ناویندا بە دەگمەن هاوشێوەی هەیە. مۆدێلێک کە تەواوکاری بەرجەستە دەکات نەک کێبڕکێ، هاوسەنگی نەک هاودژی، هەماهەنگی نەک پەراوێزخستن، لۆژیک نەک پارادۆکس، کە هەموو ئەوانە هەوێنی یەکگرتنەوەن نەک ململانێ.

ئەم مۆدێلە لە ئاستی ناوخۆدا بریتییە لە  ئیدارەیەکی جێبەجێکاری هاوچەرخی خزمەتگوزار و بە دەستوبرد، کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی پلاندارێژ و سەرپەرشتیکار و بەرپرسی یەکەمێتی و سەرکەوتووانە پیادەیدەکات. لە ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکانیشدا دیپلۆماسیەتێکی سەنگین و هاوسەنگ و ئاشتیخواز، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نێچیرڤان بارزانی دایدەڕێژێ و سەرکەوتووانە پیادەی دەکات. ئەو فاکتەرە سەرەکییەش کە ئەم دوو هێڵە تەواوکارە، یەکدەخاتەوەو وەک دوو ڕووباری بەخوڕ دەیانڕێژێتەوە ناو دەریای کوردایەتی، ئەو میراتە سیاسی و ڕەمزییەیە کە لە خودی سەرۆک مەسعود بارزانی دا بەرجەستەبووە.

ئاوەدانکردنەوە و گەشەی هەرێم :

مەسرور بارزانی لە قۆناغێکی هەستیاردا پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی گرتە ئەستۆ: قەیرانە داراییەکان، لێکەوتەکانی شەڕی تیرۆر، فشارەکانی پرسی مووچە و بڕینی بودجە، گێچەڵ و شەڕە سیاسییەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق، ئاڵنگارییەکانی پرۆسەی چاکسازی و بە دامەزراوەییکردنی جومگەکانی حوکمڕانی. ئەو هەلومەرج و ڕەوشە سەختە وایکرد سەرۆکی حکومەت سەرنج و فۆکەسی تەواوی لەسەر چەند سێکتەرێکی چارەنووسساز بێت.

ستراتیژیی حوکمڕانیی مەسروور بارزانی :

1. چاکسازی لە سیستەمی کارگێڕی و بە دیجیتاڵکردنی زۆربەی بوارەکان لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێکاری بیرۆکراسی و پیادەکردنی شەفافیەتدا.

2. هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات : کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی، لەڕێگەی پشتگیریکردنی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و وەبەرهێنانی ناوخۆیی.

3. بەهێزکردن و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆ وەک پێشمەرجێک بۆ هەر پلان و پرۆسەیەکی بوژانەوەی درێژخایەنی ئابووری.

4. ڕاکێشانی سەدان کیلۆمەتر ڕێگاوبانی هاوچەرخ و گلدانەوی باراناو و ڕێگری لە بەهەدەردانی گازی سرووشتی و دابینکردنی کارەبا و ئاوی خواردنەوە.

لە زانستی سیاسەتی حوکمڕانیدا، سیاسەتی مەسرور بارزانی بە سیاسەتێکی تووند پێناسە دەکرێت کە چاوپۆشی لە بەهەدەردانی سامانی گشتی ناکات و بۆ بنیاتنانی حکومەتی دامەزراوە نەک حکومەتی ئەم و ئەو، کاردەکات لە ڕوانگەی سەرۆکی حکومەتەوە ئیدارەی سەرکەوتوو گرێدراوی دروشمی سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە سیستەمێکی کارای خزمەتگوزاری و ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە.

ئامادەگیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی :

ئامانجی سەرەکیی نێچیرڤان بارزانی، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا، دڵنیا بوونەوەیە لەوەی هەرێمی کوردستان وەک ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرو یاریزانێکی ناوچەیی دانپێدانراو بمێنێتەوەو بناسرێت، نەک تەنیا وەک قەوارەیەکی ئیداریی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا، لەپێناو ئەم ئامانجەشدا خۆی و ستافەکەی ساڵانێکە کاری بەردەوام وڕژدیان کردووە.

هەوڵ و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێم، لە پەیوەندییەکی ساردی پرۆتۆکۆلیدا سنووردار نەکراون ، بەڵکو، وێڕای دروستکردنی پردی متمانە لەگەڵ بەغدادا، سەریانکێشاوە بۆ کردنەوەی چەندین کەناڵی هاوسەنگ و ڕاکێشانی ڕایەڵەی دۆستایەتی لەگەڵ کارەکتەری سیاسیی کاریگەرو زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، لەو ڕێیەشەوە توانیوێتی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێک لە سێکتەرەکانی بەرقەراکردنی سەقامگیریی ئیقلیمی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو برەودان بە کەرتی وزە و وەبەرهێنان بناسێنێت.

بەهێزیی  ئەم دیپلۆماسییەتە لە سێ بوردایە :

1. پراگماتیزمی واقیعی: بەواتای هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ هاوسەنگیی هێزو خۆ بەدوورگرتن لە گوتاری تووندو بێباکانە، کە بارودۆخ گرژترو چانسی ڕووبەڕووبوونەوەش زیاتر دەکات.

2. برەودان بە زمانی بەرژەوەندیی هاوبەش: بە واتای گۆڕینی پرسە پڕ مشتومڕ و کێشەلەسەرەکان بۆ دەرفەتی دانوستاندن، بەتایبەتی لە پەیوەندییە دارایی و نەوتی و فیدراڵیەکاندا.

3. بە نێودەوڵەتیکردنی وێنە و پێگەی ئەرێنیی هەرێم: بە فۆکەس خستنە سەر ژیان و حوکمڕانیی لە کوردستاندا وەک مۆدێلێکی دەگمەنی پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی و ژینگەیەکی پڕ ئاسایش و میوان دۆست و بەپیت وفەڕ بۆ وەبەرهێنانی دەرەکی.

بەم جۆرە دیپلۆماسییەتی سەرۆکی هەرێم لەوەی تێپەڕاندووە کە تەنیا لە سێکتەری پەیوەندییە گشتیەکاندا کارابێت، بەڵکو بووەتە ستراتیژییەکی تەواوکار بۆ هەموو خەون و ئاوات و هەوڵ و کۆششێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ناوخۆی کوردستاندا، لەپێناو  پاراستنی پێگەو سەنگی هەرێم و دۆزی نەتەوەکەی لە ناوچە و ژینگەیەکی پڕ لە پشێویدا.

هەلۆیەکی بەرزەفڕ و دوو شاباڵ :

کە سەرۆک بارزانی بە هەڵۆی کوردایەتی دەچوێنین، ئەوا بەڕیزان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی هەردوو شاباڵەکەی ئەو هەڵۆ بەرزەفڕەن. دیاریشە کە هەڵۆ ناتوانێت تەنیا بە یەک باڵ هەڵبفڕێت. دیپلۆماسییەتێکی کارا، پشت ئەستوورە بە حوکمڕانییەکی سەرکەوتوو، حوکمڕانییەکی سەقامگیریش پشت ئەستوورە بە دیپلۆماسییەتێکی سەرکەوتوو. هەردووکیشیان متمانە و ورەو ڕەوایەتی لە گەل و لە سەرۆکەوە بەدەستدەهێنن !

نەتەوەی کورد لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە تا ئێستا و تا ئایندەیەکی دووریش، پێویستی بە سەرۆکێکە کە ڕەمزییەت و شەرعییەتی مێژوویی دۆزو خەباتی کورد بەرجەستە بکات و ڕابردووی پڕ لە شانازی و بەشخوراویمان گرێ بداتەوە بە ئەمڕۆی سەقامگیرو ئایندەی سەربەخۆییمانەوە .

سەنگ و واتای چەمکی کوردایەتی :

چیتر کوردایەتی لە چوارچێوەی دروشمێکی پڕ لە سۆزو وافادارییدا قەتیس نابێ، بەڵکو فەلسەفەی حوکمڕانیی خۆماڵیمانە، کە بریتییە لە: رێکخستن و یەکخستنی ناوماڵی کورد، پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، ڕیالیزم و پراگماتیزم لە سیاسەتدا، گەشەپێدان و بە دامەزراوەییکردنی حوکمڕانی و ڕاکێشانی پرد و ڕایەڵەی بەرژەوەندیی هاوبەش و کرانەوە بەڕووی جیهاندا.

سەرکەوتوویی هەر ئەزموونێکی سیاسی یان حوکمڕانی بە نەبوونی قەیرانەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانا و پشوودرێژیی لە بەڕێوەبردنیاندا دەپێورێت. لە ئەزموونی باشووری کوردستاندا، دوو شاباڵی هەڵۆی کوردایەتی هەریەکەیان لە کایەی خۆیدا، بە ڕژدی هەڵدەسووڕێن، لە پێناو دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی فڕینی هەڵۆی کوردایەتی، لە ئاسمانێکی پڕ ئاڵۆزی و مەترسیدا، بێ ئەوەی دۆزی نەتەوەکەمان شوناس و هاوسەنگیی خۆی لەدەست بدات.

شەیری بکە لە: