ئامانجی سەرەكی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر؟

ئامانجی سەرەكی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر؟

بە خوێندنەوەی وردەكاریی هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ بە ئاسانی دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئامانجی هێرشەكە لێدانە لە پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری كە لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردوە و هەنگاوی زۆری ناوە.


ئەوانەی ئەم هێرشەیان ئەنجام داوە، نایانەوێت كوردستان گرەوی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا بباتەوە، كە بە پرۆژەی ڕووناكی دەستی پێكرد. ئەم هێرشە بە ڕوونی دیارە دژایەتیەكی ئاشكرا و تیرۆرستانەیە بۆ سەر پرۆژە تاقانەكەی كارەبا لە كوردستان و عێراق؛ پرۆژەی ڕووناكی. پرۆژەی ڕووناكی، كە ئامانج لێی كۆتاییهێنانە بە كێشەی كارەبا و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، هەر لەسەرەتاوە بێ نەیار نەبوو، بە هێرشەكەی دوێنێ شەویش دژایەتیەكە گەیشتە لووتكە و دیوی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا. 


پرۆژەی ڕووناكی تاقە پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق ستراتیژەكەی ئەوەبێت كێشەی كارەبا كۆتایی پێبهێنێت و بە شێوەیەكی یەكسان و مۆدێرن و دوور لە دووكەڵ و ژاوەژاوی موەلیدە، كارەبای پاك و بەردەوام بگەیێنێتە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، بێگومان پرۆژەیەكی ئاواش بێ نەیار نامێنێتەوە و تاریكپەرستان دژایەتی دەكەن.


هەربۆیە ئەم پرۆژەیە كە چالێنجێكی گەورەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی بنەرەتیانەی كێشەی كارەبا، بێ دوژمن نییە و بە چەندین شێوە هەوڵدەدرێ ڕابگیرێ. بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری جگە لە گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێوشوێنی كارگێڕیی تایبەت بەو ئامانجە، بەهەمان شێوە بڕی گازی پێویست بۆ كارەبای كوردستان زیاد كرا، بەهۆی ئەم هێرشەوە بەپێی داتاكانی وەزارەتی كارەبا، زیاتر لە 1200 میگاوات زیان بەر ئەم كەرتە گەیشتووە. بەمەش بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە ئامانجی هێرشەكە چی بووە.


ئەو عەمبارەی لە كێڵگەی كۆرمۆر ڕاستەوخۆ كراوەتە ئامانج تایبەتە بە دابینكردنی گاز بۆ وزەی كارەبا، بەمەش ڕوونە ئامانجی ئەم هێرشە تێكشكاندن و ڕاوەستاندنی پرۆسەی دابینكردنی كارەبای بەردەوام و پرۆژەی ڕووناكیە كە هەنگاوی زۆری ناوە و بڕیارە تا 2026 پرۆژەكە تەواو ببێت.  نەیار و تیرۆرستان دەیانەوێت بەم هێرشانە، پرۆژەكە دوا بخەن، یا پەكی بخەن، یان خەڵك بێ هیوا بكەن.


كابینەی نۆی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی كابینەی ئاوەدانی و بونیادنانی ژێرخانی كوردستان بوو لە ڕێگەوبان، ئاو و كارەبا و گەشتوگوزار، سەیر نییە ئەگەر بڵێین هەر ئەمەش وای كرد ئەم كابینەیە نەیاری زۆر بێت، چونكە هەمیشە هەنگاوە گەورەكان دوژمنیان زۆرە. لەگەڵ هێرشەكەی كۆرمۆر، ڕووناكی لە زۆربەی شارەكانی كوردستان بڕا و شەمشەمەكوێرەكان سەریان دەرهێنایەوە، بەڵام بەمزووانە دووبارە ڕووناكیی كارەبای كوردستان هێرشی شەمشەمەكوێرەكان كۆتایی پێ دێنێت و هەموویان دەنێرێتەوە بۆ چاڵەكانی تاریكیی خۆیان، كوردستانیش یەكپارچە دەبێتەوە بە چراخان و ڕووناكی.

شەیری بکە لە: