ئیسلام و پرسی تووندوتیژی خێزانی

د.عبدالله شێرکاوەیی

د.عبدالله شێرکاوەیی

*وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان

ئیسلام و پرسی تووندوتیژی خێزانی

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

ئاڤا نیوز

 

ئێستا زیاتر لەهەموو کات پێویستیمان بە ئاشتی ناو خێزان و خۆشەویستی نێو ئەندامانی خێزانە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک شەپۆل و فاکتەری جۆراوجۆری هەنوکەیی هەن، کار لەسەر نەهێشتنی پرەنسیپ و جوانی و بەها خێزانیەکان دەکەن، لەسەروو هەمووشیانەوە تەکنەلۆژیا بۆتە ئامڕازێک بۆ لێکترازانی خێزان و کەمبوونەوەی دانیشتن و هەستە تایبەتیەکانی ناو خێزان، لەلایەکی تریشەوە هێشتا گرفتی هۆشیاریی خێزانی و هونەری چارەسەرکردنی کێشەکانمان هەیە، چونکە ئامار و ڕێژەی بەرزی تەڵاق و جیابوونەوە و سکاڵاکانی بواری باری کەسی لە دادگاکان، ئەوە نیشان دەدەن هێشتا تووندوتیژی خێزانی ماوە و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە و هۆشیارکردنەوەی پتری کۆمەڵگە هەیە.


ئیسلام وەک ئایین بنەمای گرنگی لە بواری پرۆسەی هاوسەرگیری و بەڕێوەبردنی خێزان و باری کەسی داناوە، کە هەر یەکێ لەو ڕێسا و بنەما جوانانە دەکرێ چەندان یاسا و ڕێنمایی و لق و پۆی لەسەر بنیات بنرێ، کە بەجێبەجێکردنیان خێزان  دەکەوێتە بەختەوەری و ئاسۆی ئایندەی گەش و ڕووناک و مسۆگەر دەبێت.


ئەوەی سەرنج بدات لە قورئان و فەرموودە، دەبینێت کە چەندین ئایەت و فەرموودە باس لە خێزان و پاراستنی دەرهاوێشتە ئەرێنیەکانی دەکەن، لەهەمان کات هۆشداری دەدەن لەمەڕ هەر تەنگژە و کێشەیەکی خێزانی، کە مرۆڤ تووشی سەرەڕۆیی و توندی نواندن و پێشێلکردنی ماف و کەڕامەتی یەکتر دەکەن، چونکە هەر هەڵسوکەتێک کە بنەمای ڕەوای نەبێت و ببێتە فاکتەری تووندوتیژی خێزانی مایەی گوناهباریی و سەرزەنشتکردنە، ئیدی لە کام لاوە بێت جیاوازی نیە و ئیسلام ڕەتی دەکاتەوە.


بەداخەوە زۆر جار بە ناوی ئایین و تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئایین، کەشێکی نالەبار دروست دەکرێت و پیاو وەک پلە یەک و ئافرەت وەک پلە دوو وێنا دەکرێت، لەکاتێکدا مرۆڤ چ پیاو چ ئافرەت لە ئەسڵ و بنەڕەتدا خوای گەورە بە یەکسانی دروستی کردوون، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە ڕۆڵ و ئەرکە نەک مرۆڤبوون. خوای گەورە دەفەرموێ: (هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ) الأعراف: 189، واتە: خوا ئه‌و زاته‌يه‌ كه‌ ئێوه‌ى له‌يه‌ك نه‌فس و له‌يه‌ك شت دروست كردووە.


بەداخەوە لێكترازان و دوورکەوتنەوە لەنێوان هاوسەراندا پەرەی سەندووە، یان ئەندامانی  تری خێزان، زەرەرمەندی یەكەمیش لەمەدا منداڵەکانن، پاشان ژنان، هەندێک لە پیاوان پەنا بۆ ڕەقی و تووندیی دەبەن، پێیان وایە بەمە دەستەڵاتیان دەسەپێنن و دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نموونەیی ماڵەكانیان بەڕێوەببەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها ماڵ وێران دەکات و ژن و منداڵ پەرتەوازە دەکات و باری دەروونیی نەرێنییان بۆ دورست دەكات و شڵەژان و ناڕەحەتی لەنێو ئەندامانی خێزاندا پەیدا دەکات.


دیاردەو شێوەکانی تووندوتیژی خێزانی زۆر و هەمەجۆرن، ئەگەر مێرد مافی ژنەکەی نەزانێت، یان ژن مافی مێردەکەی نەزانێت، باوک مافی کوڕ و کچەکانی نەزانێت، منداڵەکان مافی دایک و باوکیان نەزانن، ئیدی پێویست ناكات پرسیار لەو نەهامەتی و کارەسات و لێکترازان و تەڵاق زۆرییە بکەین، کە شارەزا و توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن لەم قۆناغە ڕۆژ بە ڕۆژ تووندوتیژییەکان بەرەو هەڵکشان دەڕۆن و سکاڵا زیاتر دەبن و جیابوونەوەش هەروا پتر! چونکە زیادبوونی تاوان لەناو خێزان و لاوازی متمانە و نەبوونی ڕێز و خۆشەویستی، دووربوون لە ڕۆحی ئایینی و بایەخنەدان بە پارێزبەندیی و هۆشیاریی خێزانیی و کۆمەڵایەتیی، دەرەنجامی خراپ دەنێتەوە و هۆکارە بۆ ئاریشە نەک چارەسەر.


كاتێك لە ژیاننامەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) ورد دەبینەوە، لە هەڵسوكەتیدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت وەك چۆن عائیشە دایكی موسڵمانان (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: (مَا ضَرَبَ رسُولُ اللَّهِ ﷺ شَيْئًا قَطُّ بِيَدِهِ وَلَا امْرَأَةً وَلَا خَادِمًا) رواه مسلم.
تووندوتیژیی دژی ژنان و ئەندامانی تری خێزان، دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی هەیە، لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا خراپ مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکرا، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی سەردەم، ئەم دیاردانە تا ئێستاش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن، گرنگە لەوە تێبگەین کە ئیسلام هەرگیز سەرچاوەی ئەم تووندوتیژیانە نەبووە، بەڵکو چارەسەری بۆ دۆزیوەتەوە، کە دەکرێ ئاماژە بەهەندێکیان بکەین:


یەکەم: قورئان بانگەشە بۆ خۆشەویستی و لێبودەیی و بەخشندەیی لەمەڕ پەيوەندی خێزانی دەکات، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً) الروم: 21، واتە: يه‌كێك له‌ نيشانه‌ و بەڵگه‌كانى ترى خوا ئه‌وه‌يه‌: كه‌ هه‌ر له‌ خۆتان هاوسه‌رى بۆ دروست كردوون بۆ ئه‌وه‌ى ئارام بگرن له‌لايدا و له‌ نێوانتاندا خۆشه‌ويستى و سۆز و ميهره‌بانى فه‌راهه‌م هێناوه‌. ئەم ئایەتە بە تەنیا بەسە كە تێبگەین، بناغەی یەكەمی پێكهێنانی خێزان لە ئیسلامدا بریتییە لە هاوبەشی و پێكەوەژیان و سۆز و خۆشەویستی و بەزەیی، ئەمانەش تەواو پێچەوانەی تووندوتیژین.


دووەم: قورئان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهًا وَلَا تَعْضُلُوهُنَّ لِتَذْهَبُوا بِبَعْضِ مَا آتَيْتُمُوهُنَّ إِلَّا أَنْ يَأْتِينَ بِفَاحِشَةٍ مُبَيِّنَةٍ وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) النساء:19.واتە: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕتان هێناوه‌ دروست نيه‌ بۆتان ژنان به‌ زۆر بكه‌نه‌ ميراتى خۆتان ‏و ده‌ستيان به‌سه‌ردا بگرن، (وه‌كو كه‌لوپه‌لى ترى ناوماڵ)، ناچاريان مه‌كه‌ن تا هه‌ندێك ماره‌ييتان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وان گوناهێكى ئاشكراو ديار ئه‌نجام بده‌ن، هاوژينييان به‌جوانى له‌گەڵدا به‌رنه‌سه‌ر. ئەم ئایەتە ڕاشکاوانە هاوسەر ڕادەسپێرێ بۆ ئەوەی مامەڵەیەکی جوان بکات و فشار و تووندوتیژی نەنێتەوە و کێشە و زمانی زبر و ئاریشە دروست نەکات.


سێیەم: لە ژیاننامەی پێغەمبەردا هۆشیاریی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە هەیە، لەگەڵ گۆڕانی ژیان و زیادبوونی فشارەکان، دەرکەوتنی تووندوتیژی زیاتر بووە، ئەمەش پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و شیکردنەوەی ژیانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و مامەڵەکردنی لەگەڵ ژنان بۆ ڕاستکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان و پێداچوونەوە بە یاسا و  نەریتە زیانبەخشەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەزەیی لەناو خێزان و پەروەردەکردنی ژنان لەسەر مافەکانیان و چۆنیەتیی پاراستنی خۆیان، زۆر لەمێژە ئیسلام ڕێگاچارەی ڕوونی پێشکەش کردووە، لەم بارەوە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (خيرُكُم خيرُكم لِأهْلِهِ، وَأَنَا خيرُكم لِأَهْلِي) رواه الترمذي. واتە: باشترینتان ئەو کەسەیە بۆ مال و خێزانەکەی باش بێت، منیش باشترینی ئێوەم بۆ خێزانەکانم.


کەواتە لەم کاتەی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی، پێویستە هەموو لایەک بایەخ بەم پرسە بدەین و هاوکاری ئەم هەڵمەتە بین، لە پێناو نەهێشتن و کەمکردنەوەی تووندوتیژی خێزانی بەهەموو جۆرەکانیەوە، چونکە ئەمە هەم خواست و ئەرکێکی ئایینیە، هەمیش پێویستیەکی ژیاری و ژیانە و هەمووان پێویستمان بەوە هەیە کۆمەڵگە و خێزانەکانمان لە حاڵەتی نائاسایی و گرژی و تووندوتیژی بەدوور بێت و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی و ڕێز و خۆشەویستی بکەینە بنەمای سەرەکی ژیانی خێزانیمان..

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: