ئاڤا میدیا زیاتر لە میدیایەک

ئاڤا میدیا زیاتر لە میدیایەک

ئاڤا نیوز

ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاڤا میدیا وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی و پیشەیی سەرشانی بۆ كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ ئەنجامی دا، زیاتر بوو لە ڕووماڵێكی میدیایی سارد و سڕ بە تەنها، ئەوەی ئاڤا میدیا ئەنجامی دا كاری تەنها دەزگایەكی ڕاگەیاندن نەبوو، بەڵكو كاری دەیان ڕێكخراو و دەزگای فریاگوزاری و فەرمانگەی كارگێڕی بوو.


بە هەق وەك یەكێك لە نووسەرانی سلێمانی ناوی نابوو ئەمە تەنها ڕووماڵی میدیایی نەبوو، بەڵكو ئەمە 'ئۆپەراسیۆنی مەدەنیی ئاڤا میدیا' بوو بۆ بەدەمەوەچوونی كارەساتەكەی چەمچەماڵ. بێژەرەكانی ئاڤا میدیا كە ڕۆژانە لەڕێگەی شاشە مۆرەكەوە میوانی ماڵەكانن و هاودەمی بینەرانیان بوون لە ڕۆژی نارەحەتیشدا بەجێیان نەهێشتن و بوونە بەشێك لە خەم و ئازاری ئەوان و پشتیوانیان. هەموولایەك بینی بۆ بەدەمەوەچوونی كارەساتەكە ئاڤا میدیا تەنها توانای میدیایی خۆی نەخستەكار، بەڵكو توانای مرۆیی و ئیداری زیاد لە قەبارەی خۆشی خستە خزمەت خەڵكی زیانلێكەوتووی چەمچەماڵ و بووە هاوبەشی خەمیان و كەم كردنەوەی ئازارەكانیان.


هەندێك لایەن ویستیان ئەم كارەساتە تەنها وەك كارەساتێكی سرووشتی تێپەڕێت و بەهەندێك بەڵێن كۆتایی بە بابەتەكە بێت بەڵام ئاڤا میدیا ئەم كەیسەی كردە كەیسی ڕای گشتی و نەیهێشت چەمچەماڵیەكان شەو بەتەنها لە سەرمای زستان بەدەم خەمەكانیانەوە دابنیشن بەڵكو هەموو شەقامی كوردی بۆ وروژاند و خۆشی بە كردار یەكەم كەمپەینی ڕاگەیاند.

 

بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین: ئاڤا میدیا لە ئێستادا زیاترە لە دەزگایەكی میدیایی بەڵكو حاڵەتێكی میللی و دیاردەیەكی زیندووبونەوەی نیشتمانیە لە سەرتاسەری كوردستان كە هەموو سنوور و زۆن و جیاوازیە حیزبی و چینایەتیەكانی تێپەڕاندووە و هەموو كوردستانی كردووەتە یەك جەستە.

 

ئەگەر تەماشابكەین زۆرێك لە شارەكان پڕن لە ڕێكخراو، بەتایبەت ڕێكخراوی حیزبی، بودجەیەكیان لەبەردەستە كە كەس نازانێت چۆن خەرجی دەكەن.  ئەمانە لە ڕۆژانی هەڵمەتی هەڵبژادن بۆ پەڕۆ هەڵواسین و ساروخ تەقاندن و قسەی بێ كردار سەرشاشەكان بەرنادەن كەچی لە ڕۆژێكی ئاوا كەس نەیزانی ئەو هەمو ڕێكخراوە لە كوێن؟! هەمو ئەمانە لە هەموو ئەو كارەساتەدا بەردێكیان نەخستە سەر بەردێ، دەستی دایكێكی لێقەوماویان نەگرت و ماسیحەكەیان لەدەست وەرنەگرت ماڵەكەی بۆ پاك بكەنەوە و هیچیان نەكرد.


كەس نەیزانی ئەم ڕێكخراوە گەنجانە لە كوێن و چی ئەكەن؟ پێ دەچوو جەوەكەی سارد بووبێت بۆیە لە ماڵەوە خزیبوون، با خۆر باتەوە دێنە دەرەوە بۆ نمایشی بەر كامێرا.


بەڵام گەنجانی ئاڤا میدیا هەر لە كارگێڕی، ڕۆژنامەنووس، پەیامنێر، شۆفێر، بێژەر و بەرێوەبەر، هەموو بەشەكان ئەو ڕۆژە قۆڵی مەردایەتیان لێ هەڵماڵی و تەنها بە ڕووماڵ و قسەی سەر شاشە نەوەستان، بەڵكو كەوتنە ڕاگەیاندنی یەكەمین و گەورەترین كەمپەین بۆ كارەساتەكەی چەمچەماڵ. ئەمەش وەك ئەركێكی ئەخلاقی سەرشانی هەركەسێك نەك موزایەدە، وەك هەندێك بێ ئیش و بێ سەلیقە دەیانەوێ هەڵمەتەكەی ئاڤا بەوە ناشرین بكەن. 


ئەوەی ئاڤا میدیا و خێرخوازان ئەنجامی دەدەن بۆ چەمچەماڵ، چۆن ئەركی ئاڤا میدیایە ئاواش ئەركی ئەوانەشە كە جگە لە ڕەخنە هیچی تریان لەدەستنایە، بەڵام وەك خۆیان هیچیان نەكرد چاویان بەرایی نایە ببینن ئاڤا میدیاش چی ئەكات. ئاڤا میدیا نەك تەنها لە ڕێی شاشەكەیەوە كەوتە جوڵاندنی ڕای گشتی، بەڵكو ستۆدیۆ و حەوشەكەشی پڕ كرد لە هاوكاری و ژمارەی حسابیشی كردەوە و سندووقی پارە بەخشینیشی ڕاگەیاند، كە تیایدا خەڵك و سەرمایەدارانی نیشتمانی  بە دڵ و بە جۆشوخرۆشێكی زۆرەوە بەشدار بوون.


كەمپیەنێكی میللی كوردستانی كە تیایدا خەڵكی كوردستان هاوسۆز و هاوخەمی هاونیشتمانیەكانیان بوون لە چەمچەماڵ، تەكیە، شۆڕش و كەركووك، ئەمە بەڕاستی هەستانەوەیەكی نەتەوەیی گەورە بوو كە ئاڤا میدیا پێی هەستا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: