هەشت هۆکاری سەرکەوتنی سەنگاپور، کۆریای باشوور و دانیمارک

هەشت هۆکاری سەرکەوتنی سەنگاپور، کۆریای باشوور و دانیمارک

گرافیک: ئاڤا نیوز

لۆرانس هاریسۆن، نووسەری کتێبی 'ڕاستیی لیبراڵیزمی ناوەندی'، کە لە زانکۆی تافتسی ئەمریکیش مامۆستا بوو، دەڵێت: کولتوور هۆکاری سەرەکیی پاڵپێوەنەری هەندێک لە گەلانە بەرەو پێشڤەچوون و هەندێکیش بەرەو دواکەوتن و پاشەکشە. لە ڕاستیشدا کولتوور لێڤەگەڕی هەموو تاک، گرووپ و دامەزراوەکانە. 

 

نووسەر لەو باوەڕەدایە کە بۆ شارەزایان زۆر ئاسانە کێشەکان بخەنە ئەستۆی بەربەست و ڕێگرییە جیوگرافی و سیاسییە خراپەکان و دامەزراوە لاوازەکان، بەڵام خۆیان لەوە بە دوور دەگرن کە بپرژێنە سەر هۆکارە کولتوورییە قووڵەکانی سەرکەوتن و شکست، هەژاری و دەوڵەمەندی؛ چونکە ئاماژەدان بەم هۆکارانە دەبێتە هۆی ڕووشانی هەست و ورووژانی سۆز. هاریسۆن خۆیشی کەوتە بەر ڕەخنە تووندوتیژەکان چونکە کولتوور بە هۆکاری سەرەکیی دواکەوتن دادەنێت و بەم هۆیەشەوە ئەویان بە بێلایەنی و نەتەوەپەرستی تۆمەتبار کرد. 

 

هاریسۆن لەسەر بنەمای ئەزموون، نەک هەر خوێندنەوە، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە کولتوور کێشەی سەرەکییە. ئەو خۆیشی چەندین ساڵ لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور کاری کردووە. لەوە تێگەیشت کە سەرکەوتن دژوارە، چونکە پێشکەوتن پێویستی بە کولتوورێکە کە پشتیوانی لێ بکات. 

 

ئەو هۆکارە کولتوورییانەی کە نووسەر لەم کتێبەیدا وەک هۆکاری پاڵپێوەنەری پێشکەوتوویی هەندێک لە گەلان و پاشکەوتوویی هەندێکی دیکە باسیان دەکات، ئەمانەن: 

 

یەکەم: فێرکارییە ئاینییەکان
نووسەر ئەمە بە بەهێزترینی هۆکارەکانی پێشکەوتوویی دەزانێت، بەمەرجێک تێڕوانینی لۆژیکی و ڕیالیستانەی لەگەڵدا بێت کە خەڵکی خۆی بانگهێشتی کاری ماندوونەناسانە و کۆکردنەوەی سامان بکات. هەر ئەمە هۆکارێکی دیاری گەشەی خێراتری ئابووری و پیشەسازیی وڵاتانی پرۆتستانتی ئەوروپییە بە بەراورد بە وڵاتانی کاسۆلیک.

 

کولتووری کاسۆلیکی هەمووان بۆ سەرنجدانی زیاتر لە 'دونیاکەی دیکە' و بەکەمزانینی ژیان و پارە بانگهێشت دەکات. بەشێک لە فێرکارییە ئاینییەکانیش بە شێوەیەکی ڕوون خەڵکی بۆ خورافیات و ڕووبەڕووبوونەوەی لۆژیک بانگهێشت دەکەن و ئەو کۆدە ئەخلاقییانە دەگەیێننە پەیڕەوکارانی ئایینەکە کە سەرەنجام ئەوان لە لۆژیکی جیهان و بووژانەوە دەتارێنێت. چەندە توانستی خەڵک زیاد بکرێت، هۆگری و خۆشەویستیی ئەوان بۆ ئەم جیهانە زیاتر دەبێت و بەردەوام هەوڵی گەشەپێدانی کەسیی خۆیان دەدەن. ئەمە دروست پێچەوانەی گەلانی دیکەیە کە پشت لەم جیهانە دەکەن، چونکە هەست بە هیچ سەرکەوتووییەک ناکەن. 

 

هایتی و دۆمینیکان دوورگەیەکیان لە نێوان خۆیدا دابەش کرد. لەکاتێکدا هایتی کەتووەتە ناو هەژارییەوە، دۆمینیکان گەشەسەندوو و سەرکەوتووە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ جیاوازیی کولتووریی نێوان ئەم دوو دراوسێیە لە فێرکارییە ئایینییەکان دەگەڕێتەوە. خەڵکی هایتی پەیڕەوکاری ئایینی 'ڤودو'ن کە خۆرافیات ڕۆڵێکی گرنگی تێدا هەیە، بە جۆرێک کە خەڵکی دەگەیێنێتە ئەو باوەڕەی چارەنووسی ئەوان بە دەست هێزەکانی پشتەوەی سرووشتە. 

 

دووەم: تێڕوانین بۆ ئایندە

ئەمە یەکێکە لە گرنگترین هۆکارە کولتوورییەکان کە دەبێتە هۆی هەژاری یان دەوڵەمەندیی گەلان. کولتوورە گەشەسەندووەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی جەختیان لەسەر داهاتووە، چونکە بەردەوام بە دوای گۆڕانکاری، پێشڤەچوون و سەلماندنی بەها و بایەخی خۆیانەوەن. ئەم باوەڕە گرنگە میتۆدی بیرکردنەوەی ئەوان دیاریی دەکات بەوەی کە سەردەمانی زێڕینی مرۆڤ داهاتوویەتی، نەک ڕابردوو. ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەو کولتوورانەیە کە پێیان وایە ڕابردوو لە ئێستا و لە داهاتوویەکی نەزانراو باشترە. بزوێنەری سەرەکی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، بیرۆکەی ڕێگریکردنە لە بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ ئافراندنی ئاییندەیەکی درەوشاوە کە تاکە کەس بە هۆکارە نائومێدکەرەکان گەمارۆ دەدات. 

 

سێیەم: ڕاستییە زانستییەکان

ڕێزنەگرتن لە ڕاستییە زانستییەکان بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە ئاڕاستەی ڕێڕەوی جوڵەی کۆمەڵگەکان دەگۆڕێت. ئەم ڕێزنەگرتنە لە ڕاستییە زانستییەکان دەبێتە هۆی بەهەندوەرنەگرتنی هۆکارەکانی پێشکەوتن و کێبڕکێ و ئەمەش گەلان دەخاتە ناو بازنەی وەهم و بابەتی بێ ئەنجامەوە. هەروەها دەبێتە ڕێگرییەکی گەورە لە بەردەم مۆدێرنەکردن؛ کە مۆدێرنەکردن بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ڕێزگرتن و بە بنەما وەرگرتنی ڕاستییە زانستییەکان دەبەستێت.

 

چوارەم: بەها ئەخلاقییەکان

بەها ئەخلاقییەکانی وەک متمانە، ڕاستگۆیی و هاوکاری لەو هۆکارانەن کە بە هۆیانەوە وڵاتانی وەک سوێد، نەرویج و دانیمارک دەکەونە سەرەوەی لیستی سەرکەوتووترینی وڵاتانی جیهان؛ تاوەکو ئێستا لە خۆمان پرسیوە بۆچی وڵاتانی ئەسکەندەناڤی لە ڕیزی پێشەوەی پێشکەوتووترینی وڵاتانی جیهانن؟ بێگومان کولتوور ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەم بابەتەدا دەگێڕێت. ئەمەش بە پێچەوانەی کولتوورەکانی دیکەوەیە کە هەستی بێ متمانەیی و هاوکارینەکردن تێیاندا زاڵە. 

 

پێنجەم: پەروەردە و فێرکردن

پەروەردە و فێرکردنیش یەکێکە لە گرنگترینی ئەو هۆکارانەی کە بە هۆیەوە کولتوور شکڵ دەگرێت و پاڵنەرە بۆ پێشکەوتن. ئەو وڵاتانەی کە پێگەیەکی باڵا بۆ پەروەردە و فێرکردنی هەردوو ڕەگەز دادەنێن، لەو وڵاتانەن کە زۆرترین توانای پێشکەوتنیان هەیە. لە ساڵی 1905 لەکاتێکدا نەخوێندەواری لە زۆربەی وڵاتان لە ئاستێکی بەرزدا بوو، 90%ـی کوڕان و کچانی ژاپۆن دەچوونە قوتابخانە. سوێد یەکەم وڵات بوو کە ڕووبەڕووی نەخوێندەواری بوویەوە، بە جۆرێک کە لە ساڵی 1680 تەنیا 20%ـی خەڵکەکەی نەخوێندەوار بوون. لێرەدا مەبەستی ئێمە پەروەردە و فێرکردنی ڕاستەقینەیە کە کار لەسەر بیرکردنەوە و پەرەپێدانی تواناکان بکات، نەک ئەو فێرکارییەی کە لەڕێگەیەوە لایەنگیری و هەڵە کولتوورییەکان تۆختر بکاتەوە.

 

شەشەم: بەهادانان بۆ کار

بەهادانان بۆ کار بە ئامانجی گەیشتن بە ژیانێکی باش یەكێکی دیکەیە لە هۆکارە ئەرێنییەکانی کولتوور. لەناو زۆر لە کولتوورەکاندا بیرۆکەی قووڵی وا هەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات ژیانی باش لەڕێگەی کارەوە بە دەست نایەت، بەڵکو لەڕێگەی بابەتە ڕۆحییەکانەوە بە دەست دێت. لەم کولتوورانەدا، کارکردن هی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەیە، نەک دەستەبژێری کۆمەڵگە. بە گوتەی هاریسۆن، لە دیدی وڵاتانی پەیڕەوکاری کۆنفۆشیۆس تێڕامان و بیرکردنەوە لە کارکردن گرنگترە، بەڵام ئەم فێرکارییانە لە سەدەی نۆزدەیەم لە ژاپۆن لەگەڵ کۆریای باشوور، سەنگاپور و هۆنگ کۆنگ گۆڕانیان بەسەردا هات و بەهای کارکردن هەڵکشا. ئەم گۆڕانە، لە تەنیشت هۆکارەکانی دیکە و بووە هۆی سەرکەوتوویی ئابووریی ئەو وڵاتانە. 

 

حەوتەم: نوێگەری و نوێبوونەوە

ئەمانە بزوێنەری گەشەکردن و پێشڤەچوونن. بە بێ بیرکردنەوەی نوێگەرانە و داهێنەرانە وڵاتان بە ئاستەم دەتوانن گەشە بکەن و پەرە بە بیرۆکەکانیان بدەن. بیرۆکەی نوێخوازیش پەیوەندی بە بیرۆکەی سەرکێشییەوە هەیە. مەبەست لە بیرۆکەی سەرکێشی و بوێری ئەوەیە کە تاکە کەس بە پشتبەستن بە زانینی خۆی دەتوانێت چارەنووسێکی نوێ بخوڵقێنێت. بەڵام لەو کولتوورانەی کە پێیان وایە چارەنووس پێشتر دیاری کراوە، بیرۆکەی داهێنان و نوێگەریی تاک بەردەوام لە بەرامبەر هێزە گەورەکانی دیکە لاواز و بێ توانا دەبێت.

 

نووسەر پێی وایە، کێبڕکێ لە سەرکەوتوویی و داهێنەریی سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و چالاکوانانی بوارە جیاوازەکان ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت. لە بەرامبەردا، هەر ئەم بابەتە لە ناو کۆمەڵگە وەستاو و بێ جوڵەکاندا کە سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی کێبڕکێ و نوێگەرین، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئیرەیی و بانگەشەی سەرووسروشتی و ناڕاست. لەم کۆمەڵگەیانەدا، بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە: 'هەمووان دەدۆڕێن'.

 

لەم کۆمەڵگەیانەدا بەهاکانی کێبڕکێ دەخرێنە بەر ڕەخنە و لە بەرامبەریشدا هەموو جۆرەکانی هاوکاری ستایش دەکرێن. ئەمە لەکاتێکدایە ئەزموون سەلماندوویەتی لەم کۆمەڵگەیانەدا، هاوکاریش سوودی نییە. بە گوتەی هاریسۆن، کێبڕکێ جۆرێکە لە هاوکاری، چونکە کێبڕکێکاران، بۆ نموونە لە هەندێک بواری وەک وەرزشدا، بۆ نیشاندانی باشترین تایبەتمەندییەکانی خۆیان سوود لە کردنی کێبڕکێ لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەبینن. 

 

هەشتەم: کرانەوە

کرانەوەش هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتوویی کۆمەڵگاکانە؛ وەک سەردەمانی زێڕینی شارستانیەتیی ئیسلامی کە مامەڵەیەکی کراوەی لەگەڵ کولتوورە جۆراوجۆرەکاندا هەبوو. هەروەها لە سەردەمانی میجیی ژاپۆن لە بوارەکانی فێرکردن، پیشەسازی و زۆر بواری دیکەدا بە ڕووی ڕۆژئاوا کرابوویەوە. دانانی کەسانی شیاو لە شوێنی شیاو بە بنەڕەتیترین هۆکاری گەشەی کۆمپانیا یان دامەزراوە دەوڵەتییەکان دادەنرێت؛ هەروەها ڕێزگرتن لە یاساکانی پەیوەست بە بەها ئەخلاقییە باڵاکانی ناو کۆمەڵگە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. 

 

هاریسۆن، کۆمەڵە فاکتەرێکی زۆر بۆ گەشەکردوویی یان سەرنەکەوتوویی گەلان دەستنیشان دەکات؛ وەک: جیاوازیی نێوان تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی، سنووردارکردنی متمانە بە سنوورەکانی خێزان و هاوڕێیان، بەدگومانی بەرامبەر بە بێگانەکان، زاڵبوونی بۆچوونی دەستەڵاتخوازی، هەرەمیبوونی دەسەڵات، داخران و نەبوونی ئازادیی بیرکردنەوە کە هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتوویی گەلانن.

 

کولتوور پرسێکی جێنیتیکی نییە؛ بەڵکو دەتوانرێت دەستکاری بکرێت و چاکسازی تێدا بکرێت، یان فراوانتر بکرێت؛ بەڵام بەهەندوەرنەگرتن، بە لاوەکی سەیرکردنی یان بە گرنگ نەزانینی دەبێتە هۆی ئەوەی گەلان هەمان هەڵەکانی پێشتری خۆیان سەدە لە دوای سەدە دووبارە بکەنەوە. باوەڕبوون بەوەی کە کەسانێکی دیاریکراو یان دوژمنان لە بۆسەدان هۆکارێکی دیکەی سەرنەکەتوویی گەلانە. ئەمە تەنیا پاساوهێنانەوەیەکی دووبارەیە و ڕاکردنە لەوەی کە لە بەرامبەر ئاوێنەی کولتووردا بووەستن و خۆیان ببین. 

 

هاریسۆن دەڵێت، گۆڕان دەبێت لە هەناوی کولتووردا ڕوو بدات، چونکە ناتوانرێت هیچ شتێکی دەرەوەی بەسەردا بسەپێنرێت. ئەگەر لە ناوەوە ویست و ئامادەیی بۆ گۆڕانکاری لە ئارادا نەبێت، بەهێزترین دەوڵەتی جیهانیش ناتوانێت کولتووری وڵاتێک، با بچووکیش بێت بگۆڕێت. ئێمە ڕاستی ئەمەمان لە ئەفغانستان، عێراق و وڵاتانی دیکەش بینیوە. وڵاتان بە بێ گۆڕانی کولتوورەکانیان ناگۆڕدرێن؛ لەوانەیە ئەمە لۆژیکیترین شرۆڤە بێت بۆ سەرکەوتوویی سەنگاپور، کۆریای باشوور و دانیمارک، هەروەها بۆ شکستی وڵاتانی دیکەش. وڵاتانی سەرکەوتوو وازیان لەوە هێنا کە هۆکارەکانی سەرنەکەوتووییان بخەنە ئەستۆی هۆکارە دەرەکییەکان؛ ئەوان ڕوویان کردە ناوخۆ و بێ هیچ شەرمەزاری و هەستیارییەک کولتوورەکەیانیان گۆڕی.

 

- نووسینی: مەمدووح موهەینی 
- وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا 
- سەرچاوە: شەرقولئەوسەت 

شەیری بکە لە: