نێچیرڤان بارزانی لە تاران؛ هاتنی بەهاری دوای زستان

نێچیرڤان بارزانی لە تاران؛ هاتنی بەهاری دوای زستان

گرافیک: ئاڤا نیوز

ساڵی 2017 و پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، چوونە قۆناغێکی ساردوسڕ و قەیراناوی.


لەم نێوەندەدا پڕیشکی کێشەکان و نمایشی نێوان تاران و واشنتن و تەلئەبیب بووە هۆی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ هەولێر، هێرشێک کە کۆماری ئیسلامی دەیگووت دژی بنکە سیخووڕییەکانی ئیسرائیلە و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەت و پەرلەمان ئەمەیان ڕەت دەکردەوە.


ئەم ڕەوت و ڕووداوانەش، نەک هەر کاریگەرییان لەسەر هەولێر و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هەبوو، بەڵکوو پاڵەپەستۆی ناوەندەکانی وەک دادگای فیدراڵیی بەغدا و لێکترازانە نێوخۆییەکانی هەرێم و دەستتێوەردانە دەرەکییەکانیشی هاتە سەر و بوونە نیگەرانییەکی جدی لەسەر مافە سیاسی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.


بۆیە لەم چەند مانگەی پێشوو هەوڵ و جووڵەیەکی دیپلۆماتیکی زۆرمان لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە بینی، هەر لە سەفەری مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا بیگرە تا سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیە بۆ هەولێر و سەفەری نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و ئێستاش بۆ تاران.


هەڵبەتە دەبێت ئەوە بڵەین ئەگەرچی لە کاتی هاتنە سەرکاری دەوڵەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، وەزیرەکەی بۆ کاروباری دەرەوە چەندین سەفەری هەبووە بۆ عێراق، کەچی بە شێوەیەکی مانادار حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهییان نەچووە بۆ هەولێر، بەڵام وا تێڕوانین و دەنگە جیاوازەکانی نێو بڕیاربەدەستەکانی  ئێستا زیاتر دەبیسترێن، چونکە وا پێدەچێت تارانیش دەیهەوێت کێشە و مەودای خۆی لەگەڵ هەولێر کەم بکاتەوە و خۆی لە نەیارە ناوچەیی و نێودوڵەتییەکانی  نزیک بکاتەوە.


سەفەری سێ هەفتە بەر لە ئێستای چەند دیپلۆماتێکی باڵای وەک حەسەن داناییفەڕی باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق بۆ هەولێر و دیداری لەگەڵ مەسعوود بارزانی ـ سەرۆکی پێشووی هەرێم و دیاردترین و خوازراوترین سیاسەتمەداری کورد لە ناوچەکە، لە سەرووی هەوڵەکانی ئێران بزانین بۆ کەمکردنەوەی ئاریشە و قەیرانەکانی نێوان هەولێر و تاران. ئەمانەش هەمووی ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و دیداری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران.


ئێستا نێچیرڤان بارزانی لە تارانە، سەفەرێک کە لە دوای سەفەرەکەی مەسعوود بارزانی ـ 13 ساڵ بەر لە ئێستا بۆ تاران و دیداری لەگەڵ ڕابەری کۆماری ئیسلامی، گرنگترین سەردانی بەرپرسانی کوردە بۆ تاران.


خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدەین، داڕمانی دیواری متمانەی هەردوولایە لەم چەند ساڵەی دوایی، پرسێک کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەولێر هەبووە. ئەم داڕمانی متمانەیە لە لایەکەوە پەیوەست بوو بە کەمکاریی هەولێر لە بواری دیپلۆماسیی گشتی و بەهێزکردنی پردەکانی گفتوگۆ بۆ نزیکبوونەوە لە تاران، لە لایەکی تریشەوە پەیوەندیی بە سنوورداری و ڕادیکاڵیزەبوونی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە، چونکە بەرپرسانێکی نوێ هاتوونەتە نێو ئەم وەزارەتەوە کە کەمتر ئاگایان لە ڕەوتی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەولێر و تاران هەبووە.


ئێستا دەبێت بزانین، بە وەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی هەردوولا و سەردانی کەسێکی وەک نێچیرڤان بارزانی کە تایبەتمەندییەکی شەخسی و بەهێزی لە دۆستایەتی و هێزی ڕازیکردن و دیپلۆماسیی هەیە، لە تەنیشت ویستەکانی تاران و بیستن و بەهێزبوونی دەنگە جیاواز و هاوکاریخوازەکان، تا چ ئاستێک گرێ کوێرەکان دەبنەوە و پەیوەندییەکانی هەردوولا چەندە بەرەو باشبوون دەڕۆن؟


سەفەرێک کە ڕەنگە مژدەدەری هاتنی بەهاری نوێ بێت لە دوای زستانێکی سارد و پڕ وەیشوومە و درێژ لە پەیوەندییەکانی هەردوولا، هەرچەندە بە وەبەرچاوگرتنی حەقیقەتی ناوچەکە و پێچوونی کاتێکی زۆر لە دروستکردنەوەی دیواری متمانە، نابێت زۆر پەلە بکەین لە ئەنجامی ئەم سەفەرە!

 

ئەردەشیر پەشەنگ

توێژەر و نووسەری کتێبی "کوردەکان لە نێو شەڕی ئێران و عێراق"

شەیری بکە لە: