کاریگەری و مەترسیی گۆڕانەکانی ئاووهەوا

کاریگەری و مەترسیی گۆڕانەکانی ئاووهەوا

گۆڕانی ئاووهەوا، بە یەکێک لەو بابەتە هەنووکەییانە دادەنرێت کە پێویستی بە داڕشتنی پلان بۆ ئایندە هەیە بەتایبەت لە ڕووی خۆگونجاندن و بەرەنگاربوونەوەی ئاماژەکان کە خۆی لە زیادبوونی شەپۆلەکانی گەرما و سەرما و درێژبوونەوەی ماوەی وەرزی هاوین و لافاو و گەردەلوولەکان و چەندین ئاماژەی دیکە دەبینێتەوە.


تێگەیشتنی زانستی بۆ دیاردەی گۆڕانی ئاووهەوا، لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای هەسارەی زەوی، بە مامناوەندیی 1.2  پلەی سەدی پووخت دەبێتەوە و ئەگەر ڕێکاری پێویستی بۆ نەگیرێتە ئەو بەرزبوونەوەیە بەردەوام دەبێت و بەمەش کارەسات دەخوڵقێت. ئەم گەرمبوونەی زەوی لە ئەنجامی قەتیسبوونی گەرمییەوەیە لەناو بەرگی گازیدا، واتە چڕبوونەوەی گازی کاربۆن لەناو بەرگی گازیدا، ئەمە جگە لە گازە گەرمکەرەکانی دیکە کە بە هۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە بەرهەم دێن.

 

گۆڕانەکانی ئاووهەوا، بە مەترسییەکی بنەڕتی دادەنرێن لەسەر سیستمە سرووشتی و مرۆییەکانی ژینگە کە دەکرێت بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین:

 

یەکەم: زیادبوونی دیاردە ئاووهەواییە سەختەکان 


گۆڕانکاریی ئاووهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی دیاردە ئاووهەواییە سەختەکان وەک شەپۆلەکانی گەرمی و ساردی و وشکەساڵی و لافاو و گەردەلوول، بۆیە ئێستا ژمارەی شەوەگەرمەکان زیادی کردووە و ژمارەی گەردەلوولەکانیش تا دێت ڕوو لە زیادبوونە، جگە لەوە زۆر ناوچەی سەر ڕووی زەوی ڕووبەڕووی دابارینی زیاتر دەبێتەوە لە بەرامبەردا زۆر ناوچەی دیکە بارانیان کەم بووەتەوە. لە هەردوو بواردا، ململانێ لەسەر ئاو دروست دەبێت بە تایبەتی لەسەر ئەو ڕووبارانەی بە چەند وڵاتیکدا تێدەپەڕن. ئاسایشی خۆراکیش چ بەهۆی بەبیابانبوون یا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە وا مەزندە دەکرێت تا ساڵی 2050 نزیکەی 600 ملیۆن کەس بەر مەترسییەکانی کەمئاوی بکەون. ئەوە بێجگە لەوەی زۆر وڵاتی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی باران بە تایبەتی لە ئاسیا، مەترسیی دروستبوونی لافاویان دەکەوێتەسەر و بەمەش بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بە ڕێژەی 30% کەم دبێتەوە.

 

دووەم: بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووی دەریا


بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زۆرێک لە چیا سەهۆڵییەکانی جەمسەرەکان خەریکە دەتوێنەوە، بۆیە ئەمەش هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان. ئەم بەرزبوونەوەیەش تا ساڵی 2080 دەبێتە مایەی زیادبوونی لافاوەکان بۆ 10 ئەوەندەی ئێستا لە کەنارەکان، ئەمەش ساڵانە کاریگەری دەبێت لەسەر زیاتر لە 100 ملیۆن کەس. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی خوێی ئاوی ژێرزەوی و تێکەڵبوونی بە ئاوی شیرین و سازگار لە ناوچە کەنارییەکان. پێشبینی دەکرێت 158هەزار کەس لە ئەوروپا بە دەست داخوورانی کەنارەکان و لافاوەوە بناڵێنن و نیوەی زەوییە کەنارییەکان تا ساڵی 2050 ژێرئاو بکەون.


هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان دەبێتە مایەی دابەزینی داهاتی نەتەوەیی بە ڕێژەی 36% لە وڵاتی تایلەند و پاراستنی زیاتری کەنارەکانی سەنغافوورە کە ئێستا ساڵانە پێویستی بە 5.7 ملیۆن دۆلارە و بەرزبوونەوەی ئاو بۆ 50 سانتیمەتر لە کەنارەکانی ئەسکەندەریە و ڕەشید و بۆرسەعیدی میسر و بەمەش دوو ملیۆن کەس ئاوارە دەبن و بە بەهای 35 ملیار دۆلار زەوی لە دەست دەدرێت و زیاتر لە 200 هەزار هەلی کار نامێنێت.


سێیەم: توانەوەی بەفری چیاکان


توێژینەوەکان دەریانخستووە، لە ساڵی 1980ـەوە بە خێراییەکی مەترسیدار بەفری سەر چیاکان لە پاشەکشەیە  و ڕووبەرە داپۆشراوەکان بە سەهۆڵ ڕوو لە تەسکبوونەوەن. توانەوەی ئەو بەفر و سەهۆڵانە دەبێتە مایەی ڕوودانی لافاو و داخوورانی خاک و داڕمانی قوڕ، جگە لەوەش توانەوەی بەفری لوتکە چیاکان زیان بە دانیشتووان دەگەیێنێت بە تایبەتی ئەوانەی پشت بە ئاوی ڕووبارەکان دەبەستن و ڕووبارە هەمیشەییەکانیش دەگۆڕێن بۆ ڕووباری وەرزی، بۆیە مەزندە دەکرێت تاوەکو ساڵی 2050 زیاتر لە ملیارێک کەس لە ئاسیا بە دەست کەمئاوی و وشکبوون و ژێرئاوکەوتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بناڵێنن.
بەشێوەیەکی خێرا 


چوارەم: مەترسیی تەندروستی


 بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گۆڕانکاریی ئاووهەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ڕوودانی دۆخی لەناکاوی مرۆیی و دروستبوونی ئاڵۆزی و هەلومەرج. توێژینەوەکان دەریدەخەن 3.6 ملیار کەس لەو ناوچانە دەژین کە بە سەختی کاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوایان بەسەرەوەیە، وا مەزندە دەکرێت لە نیوان 2030 تا 2050، زیاتر لە 250هەزار کەسی لەبەر بەدخۆراکی و نەخۆشی، ڕووبەڕووی مردن ببنەوە. بەمەش تێچووی زیانەکان لەسەر تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن. هەروەها وڵاتانی تازەپێگەیشتووش بە سەختی دەتوانن ڕووبەڕووی کێشە تەندروستییەکانیان ببنەوە کە لە ئەنجامی گۆڕانی ئاووهەوا دروست دەبن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: