ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق و پێگەی کوردستان

ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق و پێگەی کوردستان

گرافیک: ئاڤا نیوز

تورکیا، عێراق، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕێڕەوێکی بازرگانیی نوێیان دروست کرووە بەناوی "ڕێگەی گەشەپێدان" کە کەنداو بە ئەوروپا دەبەستێتەوە و دەبێتە نوێترین ڕێڕەوی ئابووری لە ناوچەکەدا دوای دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگەکانی چین  (One Belt One Road) و ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان ـ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ـ ئەوروپا (India-Midde East-Europe Corridor). 

 

بڕیارە شۆڕشێکی نوێ لە ژێرخانی گواستنەوە و گەیاندن لە عێراق بکرێت، ئەویش بە دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی هێڵی ئاسن و ڕێگەی ئۆتۆمبێل کە زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە. ئەم پڕۆژەیەش بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی کاڵا و هاووڵاتیان لە بەندەری تازەدروستکراوی ئەلفاو لە پارێزگای بەسرە داڕێژراوە. پڕۆژەکە وەک سیستمێکی ترانزێتی خێرا پێشبینی دەکرێت و شەمەندەفەرەکان بەخێرایی تا 300 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەڕۆن. 


پڕۆژەی گەورەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق، کە کەنداو بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، گفتوگۆ و مشتومڕەکانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا ورووژاندووە، بەڵام لەنێو ئەو ورووژاندنەدا، یەک واقیعی تووند دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە هەرێمی کوردستان خۆی لەم هەوڵە گۆڕانکارییە بێبەش دەبینێت. کاریگەریی دوورخستەنەوەی کوردستان لەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری کێشە و گرەفتەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا. 


ناکۆکی لەسەر تەرخانکردنی بودجە و پرسەکانی حکومڕانی، دەتوانێت پەرەبستێنێت و هەڕەشە لە سەقامگیری بکات و ڕێگر بێت لە پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە لە عێراق. لێرەدا پرسیار ئەوەیە؛ ئایا کوردستان سوودەکانی یەکگرتن دەچنێتەوە، یان دوورخستنەوە لە پڕۆژەکە تەحەدای پێشبینینەکراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت؟


مەزندە دەکرێت پڕۆژەکە ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار قازانجی بۆ عێراق هەبێت و زیاتر لە 100 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت کە ئەمانەش دەبنە هۆی کەمکردنەوەی هەژاری و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی خەڵک. هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق دەتوانێت پشکی هەبێت لەم قازانجە ئەگەر هاتوو ڕێگەکانی ئەم پڕۆژەیە پێیدا تێپەڕ ببن هەر وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی کرد و گوتی، "پێمان باشە ڕێگەکە لە زاخۆوە بۆ موسڵ و هەولێر، دواتر كەركووك و ئینجا بۆ بەغدا بڕوات، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، هۆكارەكە هەرچییەک بێت پلانێكی هەڵەیە".


زیادبوونی وەبەرهێنان، بەرزبوونەوەی ئاستی بازرگانی، هەمەچەشنکردنی ئابووریی هەرێم، بەشێکی تری ئەم دەرفەتانەن کە لەگەڵ پڕۆژەی گەشەپێدانی عێراق دەتوانن لە کوردستان ڕوو بدەن. پەیوەستبوون بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، دەبێتە ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی بێ کێشە لەگەڵ تورکیا، قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و دەرەوەی وڵات، کوردستانیش دەتوانێت خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە بازرگانی و دیپلۆماسیی ناوچەییدا جێگیر بکات. زیادبوونی هاوکاریی ناوچەیی، دەرگا بە ڕووی دەرفەتی ئابووری، ئاسایش و گەشەپێدان بۆ تەواوی ناوچەکە زیاد دەکات.


لە دەرەوەی دەستکەوتە ئابوورییەکان، پڕۆژەکە دەرفەتێک بۆ سەقامگیریی سیاسی و هاوکاری دەڕەخسێنێت. هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەتوانێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ هاوئاهەنگی و ئاشتەوایی زیاتر لە نێوان هەولێر و بەغدا. 


کوردستان بە دەستپێشخەریکردن و پەرەپێدانی دیالۆگ، دەتوانێت بەشداری بکات لە عێراقێکی یەکگرتووتر کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و خۆشگوزەرانیی هاوبەش دامەزرابێت. هەروەها بە ئەندامبوون لەم پڕۆژەیە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەروەردەکردنی هەستی شوناسی نەتەوەیی و تێپەڕاندنی جیاوازییە نەتەوەیی و تائیفییەکان لە سەرتاسەری عێراق. ئەم جۆرە هاوکارییە پەیامێکی بەهێزی هاوکاری و پێکەوەژیان بۆ تەواوی عێراق دەنێرێت کە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و گشتگیرتر دادەنێت.


لەهەمانکاتدا، یەکگرتنێکی بەهێز لە پڕۆژەی گەشەپێدان، دەتوانێت وەک کاتالیستێک بۆ هاوکاری و ئاشتەوایی بێت. پڕۆژەکە بەپردکردنی دووبەرەکی و پەرەپێدانی دیالۆگ لە نێوان کوردستان و حکومەتی عێراق، توانای ڕێگەخۆشکردنی هەیە بۆ پەیوەندییەکی هاوسەنگتر کە زەمینەساز بێت لەسەر قازانجی هاوبەش و خۆشگوزەرانیی هاوبەش.


لەگەڵ پێشکەوتنی عێراق لە گەشتی گەشەپێدانیدا، زۆر گرنگە گشتگیری لە پێشینەی کارەکانیدا بێت بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ئەم پڕۆژەیە بەجێ نەمێنێت. هاوکاریی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق شانبەشانی بڕیاردانی شەفاف، دەتوانێت نیگەرانییەکان چارەسەر بکات و مەترسییەکان کەم بکاتەوە.


لە کۆتاییدا سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانی عێراق بەندە بە یەکڕیزییەوە. عێراق بە ئامێزگرتنی گشتگیری و پەروەردەکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ گرژییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی دیپلۆماسی، دەتوانێت ڕێگە بۆ ئاییندەیەکی گەشاوەتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هەموو هاووڵاتیانی خۆش بکات، بە ئەوانەی لە کوردستانیشدان.

شەیری بکە لە: