ئاڤا، خولقێنەری سەردەمێکی نوێی میدیایی

بە‌‌هێز شێخ کامیل

بە‌‌هێز شێخ کامیل

بەهێز شێخ کامیل، بەڕێوەبەری ئاڤا میدیا

ئاڤا، خولقێنەری سەردەمێکی نوێی میدیایی

گرافیک: ئاڤا نیوز

لە سەردەمی ئەمڕۆماندا میدیا بە هەموو جۆرەکانییەوە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە، جا ئاڕاستەکردنەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی. کەواتە دەتوانین بڵێین میدیا چەکێکی بەهێزە و دەتوانێت ببێتە هۆی گێڕانەوەی ئینتیما و چەسپاندنی بەها و داب و نەریتە دروستەکان، یان بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان.

 

ئەو ڕۆژەی بیرۆکەی وەرزی نوێی ئاڤا گەڵاڵە بوو، بە یەک دەنگ و بەبێ دوودڵیی هاوڕابووین لەسەر ئەوەی دەبێ ئاڕاستەی کاری ئێمە بوونیادنانی میدیایەکی نیشتمانی و خێزانیی بێت. بیر لە هەرچی دەکەینەوە و دەیکەینە پلانی کار لە خزمەتی نیشتمانسازیی و بەها کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان بێت، چونکە دەمانزانی بۆشاییەک هەیە و دەبێ پڕبکرێتەوە. دەبێت سەردەمێکی نوێی میدیایی بخولقێنرێت.

 

ئاڤا میدیا وەکو ئەوەی پلانی بۆ دانراوە و دەبێت هەبێت هێشتا دەستیپێنەکردووە، بەڵام بە چەند دەستپێشخەرییەکی بەرنامەی دیجیتاڵی؛ ئاڤا و دروشمەکەی (نە کراوە و نە بینراوە) ئێستا لە زۆربەی گەڕەک و کۆڵان و کۆبوونەوەی خێزان و گەنجان دەگوترێتەوە و بووەتە ناوێکی خۆشەویست لەسەر زاری کوردستانییان، جەماوەری ئاڤا ئێستا ئەلیکترۆنی نییە، جەماوەرێکی زیندوو و بەجۆش و خرۆشی هەیە و پشتیوانی پرۆژە و کەرنەڤاڵە میدیاییەکانیین، کە ئەوە هاندانێکی ئێجگار گەورەیە بۆ ئێمە و لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر خەڵک قورستر دەکات و زیاتر سوورمان دەکات لەسەر ئەوەی دەبێت ئاڤا، میدیای خەڵک بێت و خەڵکیش بە سەنتەری کارکردنمان بزانین، کە لە دەستوورەکەشماندا ئەوەمان چەسپاندووە. 

 

بەڵێ، ئێستا ئاڤا سەردەمێکی نوێی میدیایی خولقاندووە و لەگەڵ خواستی خەڵکی کوردستانە، بەهای بۆ هەواڵ گەڕاندووەتەوە، ئەوانەی لە ئاڤا نیوزەوە هەواڵیان پێدەگات، بە شێوازێکی نوێ و سەردەمییانە دەیخوێننەوە، دەزانن ئەو هەواڵە بۆچی گرنگە و بۆچی پێویستە لەبارەیەوە بزانێت.

 

شەممەی ئاڤا، وەرچەرخانێکی گرنگی کۆمەڵایەتی بوو لە هەرێمی کوردستان، کاتێک دەیان هەزار گەنجی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی لە شەقامی ئیسکان کۆکردەوە و لەجیاتی ناکۆکی و تێکدان، کە هەمیشە مایەی نیگەرانی بووە، کەچی هەموو ئەو گەنجانە سروودیان بۆ نیشتمان گوت و بە یەک دەنگ (ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان)یان دەگوتەوە. ئەو دایکەی پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئاوادا لە ئیسکان دەستی لەسەر دڵی بوو بۆ گەڕانەوەی کوڕەکەی، ئەو شەوەش بەهەمانشێوە دەستی لەسەر دڵی بوو، بەڵام بۆ گوتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب لەگەڵ ڕۆڵەکەی کە لە شاشەی ئاڤاوە دەیبینی و هەستی بە پارێزراوی و دڵخۆشییەکەی دەکرد. ئەمە گەورەترین نموونەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە، کە دەکرێت لەمەودوا ئەگەر باس لە یادەوەریی ئەو شەقامە کرا، بگوترێت ئیسکانی پێش ئاڤا یان دوای ئاڤا.

 

هەر لە شەممەی ئاڤادا، کەرنەڤاڵی ڕۆژی جیهانیی منداڵان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان جوانترین نموونەی کۆبوونەوەی خێزانەکان بوو، کە تاوەکو ئێستا کارێکی لەوشێوەیە بۆ منداڵان نەکرابوو. باوک و دایک لەگەڵ دونیای منداڵەکانیان تێکەڵ بوون و پێکەوە خۆشییان دەردەبڕی. باوکێک کە قسەی بۆ مایکی ئاڤا دەکرد، دەیگوت "پێشتر بیستبووم دەتانەوێت ببنە میدیایەکی خێزانی، بەڵام ئەمڕۆ بە چاوی خۆم بینیم". ئەم شایەتیدانە بە بەرکوڵی کارەکانمان، ئەوپەڕی جێگای ئومێدە و ئاسۆمان لێ دیارە.

 

ئاڤا میدیا پرۆژەیەکی نیشتمانییە و بۆ خەڵکە، نایەوێت لە هیچ میدیایەکی دیکە بچێت، بەپێچەوانەوە وەک بەشێکی بەرپرسان و خەڵک پێمان دەڵێن "هیوادارین میدیای دیکە چاو لە ئاڤا بکەن". ئەوەی ئاڤا دەیکات دەبێت نە کرابێ و نە بینرابێ، بۆ خزمەتی منداڵ، گەنج و خێزان بێ، کە وا بووین، کۆساری گوتەنی "کەس هەیە لامپای خۆشنەوێ؟ مەگەر دز بێ!".

شەیری بکە لە: