جادووی زمان و گۆڕینی هاوکێشەکان

جادووی زمان و گۆڕینی هاوکێشەکان

گرافیکی ئاڤا نیوز

زمان لە سادەترین پێناسەیدا ئامرازێکە بۆ پەیوەندیکردن. بێگومان مەبەست لەو پەیوەندییە گەیاندنی مەبەستەکان و درووستکردنی کاریگەرییە لەسەر یەکدی. هەر کاتێک گوتارێک بتوانێت زۆرترین کاریگەری لەسەر وەرگرەکان درووست بکات بێگومان گوتارێکی سەرکەوتووە، ئەمەش لە ڕێی بەڵگاندن، یان بەڵگەهێنانەوەوە ئەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە، لە یۆنانییەکانەوە تا ئێستا جەخت کراوەتە سەر ئەو لایەنەی زمان کە خۆی لە بەڵگاندن و درووستکردنی کاریگەری و باوەڕپێهێنانی وەرگردا ئەبینێتەوە، چ بە مەبەستێکی درووست و باش، یان نادرووست و خراب. ئەمەش پێویستی بە کارامەیی ئەبێت لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زماندا، لە هەڵبژاردنی وشەوە، تا داڕشتنی ڕستە و گوزارشتەکان.

 

زمان، جادوویەکی سەیر و هێزێکی بێوێنەی هەیە. ئەگەر ئاخێوەر شارەزا بێت، دەتوانێت بە وردی ئەو هێز و جادووە بەکاربخات و بیخاتە بەرژەوەندیی ئامانج و مەبەستەکانی خۆی، هەرچۆنێک و بەهەر بارێکدا بن. 


لە سەردەمی یۆنانییەکاندا، سۆفستاییەکان زوو درکیان بەم لایەنەی زمان کرد؛ بۆیە بە هەموو هێز و توانایەکی عەقڵی و هزری خۆیانەوە، کەوتنە وێزەی زمان و چۆنیان بویستایە بەکاریان ئەهێنا. ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بوو سوودوەرگرتن بوو لە جادووی زمان، بە بێ گوێدانە ڕاستی و بەها مرۆییەکان، چونکە مەبەستی ئەوان بەڵگاندن و باوەڕپێهێنانی وەرگرەکان بوو، ئیدی درووستی و نادرووستی بابەتەکان هیچ گرنگ نەبوو. بەمجۆرە هاوکێشەکانیان ئەگۆڕی، ڕاست و ناڕاستیان ئەشێواند، خەڵکیان چەواشە ئەکرد. لە بەرامبەریشدا دەستکەوتێکی ماددیان هەبوو. لەم بارەیەوە، گۆرگیاس کە دیارترین فەیلەسوفی سۆفستاییە، ئەڵێت: گوتاربێژی سەرکەوتوو ئەوەیە بتوانێت دوو بابەتی دژیەک بسەلمێنێت. 
  
لەو کاتەوە و بەردەوام زمان هۆکارێک بووە بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان، یان بۆ شێواندنیان، چونکە هەروەک چۆن لە باریدایە مەبەستەکان وەک خۆیان بگەیەنێت؛ ئەوەشی لە باردایە بابەتەکان ئاوەژوو بکاتەوە و هاوکێشەکان بشێوێنێت.

 

کەواتە دەکرێت هەڵبژاردنی وشەکان و داڕشتنیان و لێکدانەوەی واتاکانیان سەربکێشێت بۆ کردەی چەواشەکاری و فریودان و لەخشتەبردن، کە ئەمەش زۆرجار بە مەست و ئەنقەستە، بۆ کارتێکردن و هاندان و بزاوندن و باوەڕپێهێنانی وەرگر و جەماوەر، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراودا. ئەم ڕاستییە زۆر جار بە ئاشکرا  لە گوتارە جیاوازەکاندا ئەبینرێت، وەک: گوتاری ئایینی، سیاسی، ڕاگەیاندن، بە بازاڕکردن و هتد. بۆ نمونە،  لە گوتاری ئایینیدا، دەقەکان بە مەبەست ڕاڤە ئەکرێن، لە مەبەستی سەرەکی خۆیان دوور ئەخرێنەوە، ئەمەش لە ڕێی شێواندنێکی بەئاگای واتای وشەکان و دەربڕینەکانەوە، بە جۆرێک خزمەت بە مەبەستی کەس و لایەن و تاقمێک بکەن، هەر ئەمەش ئەبێتە مایەی ئاریشە و شەڕەدەنووک و هەندێکجاریش پێکدادانی شوێنکەوتوانی هەمان ئایین و ئاینزا.

 

لە گوتاری سیاسیدا، هێزی زمان ئامادەییەکی تەواوی هەیە، چونکە مەبەستی سەرەکی هەر گوتارێکی سیاسی، باوەڕپێکردنی چەماوەر و لایەنی بەرامبەرە. ئەمەش لە ڕێی بەڵگاندنی زمانەوانی و یاریکردن بە وشە و هەڵبژاردنی دەستەواژەی کاریگەرەوە ئەبێت. جا چ مەبەست باوەڕپێکردن بێت بە پەیامێکی باڵا و پڕۆژەیەکی دروست و بەرهەمدار، یان خەڵەتاندن و چەواشەکاری بەمەستی گەیشتن بە ئامانجێک، لە ڕووکەشدا باش و پەسەند و لە ناوەڕۆکدا خراب و ناپەسەند بێت.

 

ئەوەی گرنگی و ڕۆڵی زمان لە گوتاری سیاسیدا دەرئەخات ئەوەیە کە زۆرجار ئەزموون و ڕۆژگار دەمامکی سیاسییەکان ئەخات، کەچی ئەوان ئەتوانن بە هێزی وشە و جادووی زمان، جارێکی دی جەماوەر و بەرامبەر لە خشتەبەرنەوە. هەندیکجار پەنا بۆ داهێنانی چەمکی نوێ ئەبەن، چەمکێک بتوانێت  کار لە هەست و سۆزی جەماوەر بکات و کوێرانە گوێڕایەڵی بکات، ئەمەش لە هەموو جیهاندا هەستی پێئەکرێت.

 

زۆر جار گەمە بەو چەمکانە ئەکرێت. لە شوێنێک ڕەوا و لە شوێنێکی دیکە ناڕەوان. لە شوێنێک ماف و لە شوێنێکی دیکە قەدەغەن. بۆ نمونە، چەمکەکانی ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین یان سەربەخۆیی، لە هەموو شوێن و کاتەکاندا هەمان لێکدانەوەیان بۆ ناکرێت؛ بگرە بە پێی کات و شوێن، بە گوێرەی بەرژەوەندییەکان، لێکدانەوەکانیش ئەگۆڕێن. ئەوەی لە شوێنێک مافە، لە شوێنیکی دیکە قەدەغەیە. ئەگەر سەرنج بدەین، زۆربەی وڵاتان بانگەشەی ئازادی و ماف ئەکەن، بەڵام پێناسە و لێکدانەوەیەکی نەگۆڕیان نییە. لە کاتێکدا مافی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین بە باشووری ئەفریقا ڕەوا ئەبینن، لە هەرێمی کوردستان و هەرێمی کەتەلۆنیا بە تاوان و ناڕەوا سەیر ئەکرێت. ئەم دووفاقییە لە ڕێی گەمەکردن بە وشەکان و واتاکانیان و ناونانی ڕووداوەکانەوە پینە ئەکرێت. ئەوەی بۆ باشووری ئەفریقیا پێی ئەوترێت ماف، لە کوردستان یان لە کەتەلۆنیا پێی ئەوترێت سەرەڕۆیی، یاخیبوون یان جوداخوازی. بە هەمان شێوە، ئەو کردەیەی تاکێک بە ڕەنگ و پاشخانێکی تایبەتەوە ئەنجامی ئەدات و پێی ئەوترێت تیرۆر، هەمان کردە کەسێکی دیکە، بە ڕەنگ و پاشخانێکی دیکەوە ئەنجامی ئەدات، کەچی تەنها ناوئەنرێت بە تاوان، تاوانێکی ئاسایی، هەندێکجار بیانوو بۆ ئەنجاندەرەکەش ئەدۆزرێنەوە، وەک نەخۆشی دەروونی. بەمجۆرە، لە ڕێی ناونانی کردەکانەوە جۆر و ڕەگەزەکەیان ئەشێوێنرێت.

 

گوتاری ڕاگەیاندن، لە بەشێکی زۆریدا، لە ڕێی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی مەبەستداری وشەکانەوە، پەنا ئەباتە بەر فریودان. چونکە چۆنیەتی و شێوازی ئەو دەربڕین و زمانەی گەیاندنی بابەتێکی پێئەسپێردرێت کار لە بیرکردنەوە و بڕوای وەرگر ئەکات. بۆ نموونە، ئەگەر ڕاگەیاندن باسی خۆپیشاندان بکات، ئەتوانێت لە شێوازی باسکردنەکەیدا، گوێگران و بیسەران و خوێنەران، بەو جۆرە ئاراستە بکات کە مەبەستیەتی. بۆ نموونە ئەتوانێت بڵێت:
- بە لەبەرچاوگرتنی ئازادی ڕادەربڕین و مافی خۆپیشاندان، لەگەڵ ئەوەدایت هاوڵاتیان بێنە سەر شەقام بۆ خۆپیشاندان؟
- بە لەبەرچاوگرتنی دژواریی بارودۆخەکە و ئەو مەترسییانەی لەسەرمانن، لەگەڵ ئەوەدایت هاوڵاتیان بێنە سەر شەقام بۆ خۆپیشاندان؟

بێگومان ئەم دوو پرسیارە هەمان ئامانجیان نییە، هەمان ئەنجامیشیان نابێت. پرسیاری یەکەم مەبەستی ئەوەیە وا نیشان بدات کە هاوڵاتی مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بکات، ڕێ خۆش ئەکات وەرگر بڵێت: بەڵی، با بێنە سەر شەقام. پرسیاری دووەم بە پێچەوانەوە، ئەیەوێت بارودۆخەکە بە جۆرێک وێنا بکات کە گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان، کار لە وەرگر ئەکات تا بڵێت: نەخێر، با نەیەنە سەر شەقام.

ئەم خستنەڕووە خێرایەی سەرەوە پێمان ئەڵێت: مەبەست لە زمان پەیوەندی و کارلێکردنە، ئەمەش دوولایەنەیە: بەلایەکدا ئەتوانێت ڕاستییەکان وەک خۆیان بگەیەنێت، بەلایەکیشدا ئەتوانێت ڕاستییەکان بشێوێنێت و هاوکێشەکان بگۆڕێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: