وێنەی درۆنێکی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق کە ئاراسەی ئیسرائیل کراوە
ئاڤا نیوز
لەدوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر و ڕووداوەکانی دیکەی غەززە و لوبنانەوە، هیچ ڕووداوێک هێندەی نامەکەی ئیسرائیل بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دژی بەغدا، لایەنەکان و حکومەت و سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی تووشی شڵەژان نەکردووە، هەمووشیان هاوڕای حکومەتن و دەڵێن، نامەکەی ئیسرائیل پاساوێکە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر عێراق.
زانیاریی تایبەت: بەر لە نامەکەی دووشەممەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، بەگوێرەی سێ سەرچاوەی ناو حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی کە زانیارییان بە ئاڤا میدیا داوە، ئیسرائیل لەڕێگەی نەسیر مەمەدۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق هەمان داواکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان ئاراستەی حکومەتی سوودانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە.
زانیاریی زیاتر: دوای ئەو نامەیە کە باڵیۆزی ئازەربایجان گەیاندوویەتی، حکومەت و لایەنەکان کۆدەنگ بوون کە ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش لە قوڵایی عێراقدا، چونکە تا ئەو کاتەش گرووپە چەکدارەکان بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل.
مەترسییە زانراوەکان: بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاڤا میدیا، ناوەڕۆکی نامەکە بەڕوونی ئاماژەی بەوە داوە، "ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق کە بەدرێژایی سنوورەکانی سووریا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەوەش بۆ وەڵامدانەوەیان بەس نەبێت، بۆیە ئێمە لە ناو قووڵایی عێراق هێرش دەکەینە سەر سەرکردە و بارەگاکانیان."
ڕاگەیێنراوی فەرمی: دوای نامەکە، ڕۆژی 18ی ئەم مانگە چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کۆبووەوە، لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوبوو کە باس لە دۆخی سیاسی وڵات کراوە و جەختیش لە ئەنجامدانی سەرژمێریی کراوەتەوە.
یەکێک لە سەرچاوەکان وتی، ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس نەکرابوو، ئەو نامە هەڕەشەئامێزە بوو کە باڵیۆزی ئازربایجان بۆ بەغدای هێنابوو، کۆبوونەوەکەش دوای گەیشتنی ئەو نامەیە و بۆ گفتوگۆکردن و قسەکردن بووە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نامەیە.
کاردانەوەکان: هەر بەگوێرەی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەدا نووری مالیکی و عەممار ئەلحەکیم ناڕەزایی خۆیان نیشانداوە لەبەرامبەر بەردەوامی هێرشی گرووپە چەکدارییەکان بۆسەر ئیسرائیل و وتوویانە ئەوەی ئەوان دەیکەن هەڕەشەیە لەسەر حکومەتی شیعەکان، بەتایبەتیش کە هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، باوەڕیشیان وابووە بەردەوامی هێرشەکان بەتەواوی شڵەژان لە بەهای دراودا دروستدەکات و پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی ڕۆژئاواش خراپ دەکات.
شیعەکان سوودانییان سەرپشک کرد
دوای گفتوگۆیەکی درێژخایەنیش لەناو کۆبوونەوەکەدا، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانیان سەرپشکردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیران بۆ ئاڤا میدیا وتی، دوای سەرپشکردنی، سوودانی بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە ئەو ژمارەیەک ڕێکار دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕای گشتی عێراقی وا ئامادە بکات کە ئیسرائیل بەنیازە هێرش بکاتە سەر عێراق.
گرووپەکان گوێڕایەڵی سوودانی نابن
ڕۆژی 19ی مانگیش سوودانی لە یەکەم هەنگاویدا سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی کرد و ئاشکرای کرد کە ڕێگا نادات خاکی عێراق بۆ هیچ هێرشێک بەکاربهێنرێت و ئارامی وڵات بخرێتە مەترسییەوە، دوای هەموو ئەو ڕێکارانەش هێشتا هێرشەکانی گرووپی مقاوەمەی عێراق بۆسەر ئیسرائیل هەر بەردەوامن، لەو کاتەوە ئەو گرووپە سێ هێرشی بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، ئەوەش وەک ڕاوێژکارەکەی سوودانی وتی، ئاستەنگییەک بۆ عێراق درووستدەکات بەتایبەتیش کە گرووپەکان بەهیچ شێوەیەک گوێڕایەڵی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران نابن.
لێدوانی فەرمی: عەباس ئەلزەیدی، ئەندامی کەتائبی سەیدوشوهەدا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، گرووپەکانی مقاوەمە تەنها پەیوەست نین بە گۆڕەپانی عێراقەوە، بەڵام ئەوان گۆڕەپان و سەنگەری دیکەی خەباتیان هەیە و لەوانەشە ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرش لە شوێنی جیاوازترەوە سەرسام بکەن، لەوانەش لە زەریای هیندی یان هەر ڕووبار و دەریایەکی دیکە، بەتایبەتیش کە ئێستا گرووپەکان لە عێراقدا توانای سەربازییان پێشکەوتووە و درۆنەکانیان نەک تەنها هێرشبەرن و دەتەقنەوە، بەڵکو دەتوانن موشەکیش هەڵبگرن و ئاڕاستەی ئامانجەکەی بکەن ئەوجا خۆشیان دەتەقنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە چەکی ئەوتۆیان هەیە کە دەگاتە دڵی ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بەئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بەغدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکاش پەیوەندیکردووە تا ڕێگری بکەن لەوەی ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر عێراق، سەرەڕای دڵنیاییەکانی ئەمریکاش کە ئاسمانی عێڕاق بەڕوی هەر هێرشێکدا دەپارێزێت، بەڵام پێدەچێت مەترسییەکان هەر بمێنن بەتایبەت گریمانەی ئەوەی کە ئیسرائیل بیەوێت ئەنجامدانی هێرشەکانی بخاتە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا.
گۆشەیەکی دیکە: سامی جیزانی، ئەندامی ڕەوتی حیکمە بۆ ئاڤا میدیا گووتی، ئێستا عێراق لەبواری سیاسی، ڕاگەیاندن و مرۆیی بەردەوامە لە پشتیوانی گەلانی فەڵەستین و لوبنان، بەهۆی ئەوەش کە ئیسرائیل لەناوخۆی خۆیدا کێشەی هەیە و دەیەوێت بە تێوەگلاندنی عێراق کێشەکانی هەناردەی دەرەوە بکات، بەڵام عێراق لە ئاستی هەرێمیدا بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- جیهان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
کڕینی جانتایەکی گرانبەها دەبێتە هۆکاری ڕووداوکانی کۆریای باشوور
- جیهان
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانی فەرەنسا متمانە لە حکومەتی وڵاتەکەی وەردەگرێتەوە
- ژینگە
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
شێخ دارا: بەفر و باران دەبارێت
- تەندروستی
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
دهۆک.. لێکۆڵینەوە لە گیان لە دەستدانی گەنجەکەی تەلەعفەر دەکرێت
- تەندروستی
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی هۆشبەر دەرمانخانەیەک دادەخرێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
هەزار مێرد؛ هەزار چیرۆکی جیاواز
13 کاتژمێر لەمەوپێش
نمایشی سەرنجڕاکێشی پێشمەرگە لە هەولێر
15 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆشداری لە بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی نانخواردن دەدرێت
3 کانوونی یەکەم
کوردستان فاوندەیشن؛ پڕۆژە گەورە و بێوێنەکەی گەنجانی کوردستان
2 کانوونی یەکەم
پووتین داوای لێبوردن لە مێرکڵ دەکات
30 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 15 کاتژمێر لەمەوپێش
دەستوور؛ پرسە ئاڵۆزەکەی کوردستان و کلیلی چارەسەری کێشەکان
- ڕاپۆرت
- 30 تشرینی دووەم
هێرشی حەلەب لە 2024 و هاوسەنگی هێزەکان
- ڕاپۆرت
- 30 تشرینی دووەم
چیرۆکی کەوتنی حەلەب؛ هۆکار و پێشبینی و کاردانەوەکان