ئاڤا نیوز
ئاڤا کۆمەڵێک گەندەڵیی گەورەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئاشکرا دەکات کە هەمووی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 کراوە.
زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا کۆپی ڕاپۆرتێکی 23 لاپەڕەیی دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی لە عێراق دەستکەوتووە کە هەمووی باسی پێشێلکاری گەورەی دارایی و کارگێڕیی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 دەکات.
چیرۆکی سەرەکی: بەپێی بەشێک لەو نووسراوانە، لە ساڵی 2022 یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەرماڵەی گواستنەوەی بە بڕی 300 ملیۆن و 95 هەزار دینار و لە ساڵی 2023ـش 489 ملیۆن و 900 هەزار دینار بۆ ئەندامانی فەرمانگەی کارگێڕی خەرج کردووە ئەمەش بەپێی یاسا نابێت، چونکە ئەمانە فەرمانبەری ئیداری فەرمین و دەرماڵەی گواستنەویان هەیە، پاداشتی بە بڕی 12 هەزار دۆلار لە ساڵی 2022 و 30 هەزار دۆلاریش لە ساڵی 2023 بە سەرۆک و ئەندامانی فەرمانگەی تەنفیزی( جێبەجێکار) داوە بەبێ بڕیاری فەرمی و بنەمای یاسایی.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: یەکێتی تۆپێ 33 ملیۆن دۆلاری لە بانکی بازرگانی عێراق وەک قەرز وەرگرتووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لە تۆمارە فەرمییەکاندا تۆمار نەکراوە و هیچ وردبینەیەکیش لەگەڵ بانکەکەدا بۆی نەکراوە. 22.75 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە و هیچ پسووڵەیەک نییە و ڕونیش نەکراوە کە بەچی دراوە و بۆچی خەرج کراوە.
لەلایەکی دیکەوە: یەکێتی تۆپی پێ بڕی 51 ملیۆن و 300 هەزار دیناری خەرجکردووە بۆ بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل تاوەکو شاندەکانی پێ بگوازترێتەوە، بەبێ ئەوەی دیاریکردنی جۆری ئۆتۆمبێل و ناوی سودمەندەکان دیاری بکات.
ئەمەش بزانە: هەر ئەو دەزگایە هەشت کاتژمێری لە جۆری ڕۆلێکس کڕیوە بە بەهای 107.6 ملیۆن دینار (نزیکەی 74 هەزار دۆلار)، بەبێ پێشبرکێی تەندەر و موزایەدەی ئاشکرا خەرجییەکانی کرێی مۆلیدە 2.91 ملیار دینار بووە، بەڵام لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە پشکنینیان بۆ نەکراوە.
زانیاریی زیاتر: کڕینی 20 ئۆتۆمبێل بە بڕی یەک ملیار و 550 ملیۆن دینار، بەبێ پێکهێنانی لیژنەی پشکنین حەوتیان تەنانەت دوای تەواوبوونی پاڵەوانێتییەکەش نەگەیشتوون، لەکاتێکدا 13 ئۆتۆمبێلی دیکە دراون بەکەسانێک لەدەرەوەی یەکێتییەکە.