
ڕۆژانی کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ، بە مەبەستی پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک لە سێیەمین کۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی زانکۆی دهۆک تایبەت بە ئایین، کولتوور، مێژوو و جوگرافیای ئێزدییەکان لە دهۆک بووین. کۆنفڕانس سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و بە چەندین ئەنجام و پێشنیازی گونجاوەوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا. لەمیانی بەشداریم لە کۆنفڕانسەکە و مانەوەم لە دهۆک چەند شتێک سەرنجیان ڕاکێشام کە لێرەدا بە کورتی دەیانخەمە ڕوو.
کۆنفڕانسی زانستی
ئەمە یەکەمین ئەزموونی من لە بەشداریی چالاکییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی دهۆک نەبوو، بەڵکو پێشتریش چەند جارێک لە چوارچێوەی کاری زانکۆییدا کاری هاوبەشمان ئەنجام داوە. لەم چالاکییەشدا، هەر لە سەرەتای پڕۆسەکەوە، کە بە پێشکەشکردنی پوختەی توێژینەوە دەستپێدەکات، تا کۆتایی چالاکییەکە، ئەوەی من شایەتی بووم ئاستێکی بەرز بوو لە پێرفۆرمانسێکی زانستیی زانکۆیی کە شایستەی ستایش و چاولێکردنە. هەموو پەیوەندییەکان لەوپەڕی ڕێز و سنوورزانینەوە ئەنجام دەدران و هەمیشەش خاتری یەکەم بۆ توێژەران و میوانان بوو. ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوەش بدەم کە هەموو ئەم کارە ناوازە زانستییانە بێ هیچ هەڵڵایەکی میدیایی و کەشوفشێکی سۆشیاڵ میدیایی و خۆدەرخستنێکی کەسی بەڕێوە دەچن. ئەمەش وادەکات فۆکەسەکە هەر لەسەر بابەتە زانستییەکە بمێنێتەوە و ڕێ لە بەلاڕێدابردنی چالاکییە زانستییەکان بگیرێت.
زانکۆی بەرپرسیار
زانکۆی دهۆک، کە لە ساتەوەختێکی هەستیار و پڕ لە نائومێدیی نیشتیمانیدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی دراوە، نوێنەرایەتی جوانیی سرووشت و خاوێنیی شار و بەرپرسیارێتیی خەڵکەکەی دەکات. ساتەوەختی لەدایکبوونی ئەم زانکۆیە کاریگەریی لەسەر کارکردنی زانکۆکە هەبووە. بە جۆرێک، زانکۆ هەمیشە ئەوەی لەبیرە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چ ئالنگارییەک و بۆ بەدەستهێنانی چ ئامانجگەلێک دامەزراوە. هەر بۆیە، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین هێشتا مۆڕاڵی خزمەتگوزاری و نیشتمانپەروەری بە تاموچێژی سەرەتای نەوەدەکانەوە ئامادەییەکی پڕڕەنگی هەیە. هەڵبەت، ستافی زانکۆ و بە تایبەتیش سەرۆکی زانکۆ، بەوپێیەی کە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی یەکەمی لەسەر شانە، کاریگەرییان لەسەر کرۆک و دەرکەوتەی زانکۆکە هەیە. وەک مەلای جزیری دەفەرمووێت 'فاعلەک لازمە دا فعل و ئەسەر پەیدا ببت / گەر تو حەدداد نەبن کوورەیێ حەدداد چ کت؟' خۆشبەختانە لە دهۆک هەم حەددادی باشمان هەن، هەمیش کوورەی باشی حەددادی؛ هەر بۆیەشە ئەو فیعل و ئەسەرە باشانە پەیدا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومانم لەوەی کە بڵێم ئەدای زانستیی زانکۆی دهۆک سوودێکی زۆری لە نەجابەت و خانەدانیی خەڵکەکەی وەرگرتووە و ئەمەش لە خزمەت ڕەوتە زانستی و زانکۆییەکەدایە.
شارێکی ڕەنگین
دهۆک شارێکی جوانە. بە لای منەوە جوانترینە. هاوکات خاوێنترینیشە. بە پێچەوانەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، شەقامەکانی جوان، خاوێن، سەوز، ڕازاوە و ڕێکوپێکن. هەست دەکەین لەو شارەدا یاسا هەیە - بەبێ ئەوەی هەست بە بوونی زیادەی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بکەیت. لە خاوێنیی زۆری شارەکەوە تێدەگەیت کە ئەم خاوێنییە بەرهەمی خاوێنیی خەڵکەکەیە، زیاتر لەوەی بەرهەمی هەوڵەکانی خاوێنکردنەوەی شارەوانی بێت. هەروەک چۆن، بە بێ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی هاتوچۆ، ڕێکوپێکییەکی زۆر لە وەستان و جوڵەی ئۆتۆمۆبێلەکاندا هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەو ئارامییەی کە لە شۆفێریکردندا هەیە. یەکێکی دیکە لە جوانییەکانی سیمای شارەکە ئەوەیە کە هەڵگری تەنیا یەک خەسڵەت لە بیناسازی و شارسازی نییە، بەڵکو لە ڕووی سرووشتییەوە تۆپۆگرافیا و لە ڕووی مرۆییشەوە فرەیی کولتووری یارمەتیدەر بووە لەوەی کە تەنیا یەک مۆدێل باڵ بەسەردا سیمای شاردا نەکێشێت - هەر بۆیەشە دهۆک ڕەنگینە.
پیاسەیەکی بازاڕ
لە پیاسەیەکی ناو بازاڕی شارەکەدا، خەڵکانێک بە وزەییەکی زۆری ئەرێنییەوە دەبینیت: کچی جوان و کەشخە، کوڕی خاوێن و پۆشتە، فرۆشیاری هێمن، کڕیاری خۆش مامەڵە، پیرەمێردی بەسەبر و گەنجی بەئەدەب. ئەوەی لە هەموو زیاتر ناو بازاڕی دهۆکی جوانتر کردووە خاوێنی و هێمنیی خەڵکەکەیەتی. بە پێچەوانەی ناوەندی شارەکانی دیکەوە، ناوبازاڕی دهۆک هۆسە و هەڵڵا نییە، بەڵکو هێمنییەکی جوان و جووڵەیەکی لەسەرخۆی هەیە: کەس ڕاناکات و هەڵپەی نییە، کەس بە دەم ڕۆشتنەوە نان ناخوات، کەس بە دەنگی بەرز هاوار ناکات و کەسیش بە چاوێکی نامۆیانە سەیرت ناکات – لەم شارە هەمووی خاوەن شکۆی خۆی و ئاگاداری حەیا و حورمەتی خۆیەتی. هەر بۆیەشە لەوپەڕی ئەدەب و ئەتەکێتی نەریتیی کوردانەدان.
ئەتەکێتی نەریتی
بەلای منەوە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، لە کوچە و کۆڵانەکانی دهۆک کە سەیری خەڵک دەکەیت، بەزەییت پیایاندا نایەتەوە، چونکە پۆشتە و پەرداخن؛ هەروەها حەسوودیشت بەرز نابێتەوە، چونکە بەڕێز و بەئەدەبن. ئەوەم بیر ناچێتەوە کە: لە ناو ئاسانسۆرێکدا بووم، لە نهۆمی دووەم گەنجێک سەرکەوت، دوگمەی هیچ یەک لە نهۆمەکانی دانەگرت، وامزانی ئەویش لەگەڵ من دێت بۆ هەمان نهۆم، بەڵام کە ئاسانسۆرەکە وەستا و من دابەزیم ئەو دانەبەزی؛ ئینجا تێگەیشتم کە نەیویستووە ببێتە هۆی ئەوەی من درەنگتر بگەم. لە چەند ڕۆژێکی کەمدا، من ئەمە و چەند نموونەیەکی دیکەی هاوشێوەم ئەزموون کردن. لەوانەیە دهۆک لە چاوی ئەوانەوە کە لەوێ دەژین شارێکی ئاسایی بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئاسایی نییە و پڕە لە جوانیی ناوازە کە ئەمڕۆکە لە شوێنانی دیکە بە دەگمەن ماون.
جۆن لۆکی پارێزگار
تۆلێرانس و پێکەوەژیان لە دهۆک لەوپەڕی جوانیدا نەشونومای کردووە. گوێم لە وتارێکی پارێزگار گرت کە لە بەشێکیدا باسی لە ئەرکی دەستەڵاتی جێبەجێکردن دەکرد بۆ پاراستنی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە. قسەکانی ئەو منیان گەڕاندەوە بۆ لای کتێبەکەی جۆن لۆک، بە ناوی 'نامەیەک دەربارەی تۆلێرانس'. لۆک لە شوێنێکدا دەڵێت، تۆلێرانس، لەگەڵ یەک هەڵکردن، تەنیا ئەو کاتە دێتە دی کە قبوڵکردنی ئەویدی وەک ئەوەی کە هەیە بووبێتە بەشێک لە باوەڕی زیهنی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵایەتیی کەسەکە. لە کۆی قسەکانی پارێزگاردا هەستم دەکرد ئەو وەک خۆی باوەڕی بەو قسانە هەیە کە دەیانڵێت و ئەوەش بەشێکە لە ڕۆشنبیریی ئەو – نەک ئەوەی لە ژێر جەبری وەزیفەکەی و وەک بەشێک لە ئەرکی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی حکومەتەکەی ئەو قسانە بکات. هەر ئەمەشە دهۆکی ڕەنگینکردووە: ڕەنگین بە ڕەنگە جیاوازەکانی بیر و باوەڕ، ئایین و ئایینزا، زمان و زاراوە.
خەیاڵێک
کە سەیری دهۆک دەکەم و لێی ورد دەبمەوە، تێدەگەم ئەم شارە نیعمەتێکی خودایە بۆ خەڵکی شارەکە و ناوچەکە. تێکەڵەیەکە لە ڕۆحی کۆنی ڕۆژهەڵاتییانە و جوانیی مەدەنییەتی هاوچەرخ. بە بەر خۆمەوە بیر دەکەمەوە و دەڵێم با بار بکەم و بچم لە دهۆک بژیم؛ لەوێ باشتر فێری زمان و کولتوورەکە دەبم و وردەوردەش دەست دەکەم بە وەرگێڕانی خانای قوبادی و مەلا مستەفای بێسارانی بۆ بادینی و هەروەها ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری بۆ هەورامی.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
کار و کرێکاری لە دیدێکی ئایینی
2 ئایار
كورد لەناو بەها جیهانیەكانی سەردەمی نوێدا
1 ئایار
"زیندووکردنەوەی میراتی هەولێر: سەردەمێکی نوێی ئاسایشی ئاو و خۆشگوزەرانی"
30 نیسان
ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
27 نیسان
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !
23 نیسان
چەخماخەیەک لە قاهیرەوە .. 127 ساڵ خەباتی بێوچانی وشەی کوردی
22 نیسان
سێ ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
19 نیسان
ژینگە و ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی
16 نیسان
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
16 نیسان
- بیروڕا
- 23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !