مەسرور بارزانی لە واشنتۆنە؛ پەیامە نەگوتراوەکانی پشت ئەم سەردانە !
- بیروڕا
- 18 ئایار

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
لە هەلومەرجێکی سیاسی و ئەمنی ، ئابووری و سەربازیی زۆر هەستیاری ناوچەکەو جیهاندا ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی ڕەسمی گەیشتە پایتەختی ئەمەریکا، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ، لەوانە وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆدەبێتەوە.
لەم ئان و ساتەدا کە عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بارگرژییەکی جددی دەبنەوە، ئەم سەردانەی بارزانی، سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نیە، بەڵکو هەڵگری سێ پەیامی سیاسیی ڕوونە کە ئاراستەی بەغدا، وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت.
یەکەم پەیام بۆ بەغدایە : شەراکەت نەک ژێردەستەیی !
کۆبوونەوەکانی بارزانی لە واشنتۆن پەیامێکی سیاسیی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق دەنێرن و ڕوون ئاشکرا پێێ دەڵێن : هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریی دانپێدانراوە نەک چەند پارێزگەیەکی عێراقیی ژێر دەستە . ئیدارەی ئەمریکی بێ ئاگا نیە لەو کێشەی دارایی و دەستورییە درێژخایەنانەی کە سالانێکە بەغدا بۆ کوردستانی درووستدەکات مایەی نیگەرانی و هەڵوێستەیەو لەڕێگەی ئەم سەردانەوە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەبێتەوە کە هەرێمی کوردستان سەنگ و پێگەی خۆی هەیە لە سیاسی نێودەوڵەتی و بەتایبەتییش لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا.
پووختەی پەیامی سەردانەکە بۆ بەرپرسانی بەغدا ئەمەیە : کوردستان سەرکردایەتییەکەی هاوبەشێکی گرنگە لە ناوخۆو دەرەوەی عێراقدا کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک لە ڕێگەی سیاسەتی برسیکردن و فشاری داراییەوە.
پەیامی دووەم بۆ وڵاتانی دراوسێیە : کوردستان پنت و ئەڵقەیەکی لاوازنییە.
لە گەرمەی ئەو بار گرژی و ئاڵۆزییانەی کەوتوونە نێوان ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی لە لایەک و بەشێک لە میلیشیا چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێران لە لایەکی ترەوە ،هەروەها لە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان تورکیا و ئێراندا بۆ فەراهەمکردنی و زۆرترین بەرژەوەندی و سەپاندنی فراوانترین هەژموون لەسەرزەمینی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی عێراقدا، سەردانەکەی مەسروور بارزانی بەیاد هێنانەوەیکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەموو دراوسێکانی عێراق کە هەرێم پەیوەندییەکی قووڵی ستراتیژیی هەیە لەگەڵ واشنتۆنداو پارێزراوەو ماڵی بێ خاوەن نیە و گۆڕەپانێکی کراوە نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەییەکان.
پووختەی پەیامەکە ئەمەیە : کوردستان و سەرکردایەتییەکەی توانای مانۆڕ و هاوسەنگیان هەیە، هاوکێشەو بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی ناوچەکەش ناتوانن بە زەبری هێز خۆیانی بەسەردا بسەپێنن.
پەیامی سێیەم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە : سەرکردایەتیی کورد هاوبەشێکی متمانەپێکراوە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەم سەردانەی بارزانی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی جارێکی تر تیشک و فۆکەس بخرێتەوە سەر کوردستان وەک مۆدێلێکی دەگمەنی پێکەوەژیان و فرەیی لە ناوچەیەکی داڕزاوی پڕ لە ململانێ و دژایەتیدا. هەموو ئەو چاکسازییانەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا لە کەرتی وزە و خزمەتگوزاری و کەرتی بانکیدا لە لایەن حکومەتەکەی بارزانییەوە پلانیان بۆ داڕێژراوەو سەرەڕای هەموو دژایەتی و ئاستەنگ و چەواشەکارییەک جێبەجێکراون و بوونەتە بەشێک لە ژیانی مۆدرێن و مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان، هەروەها پشتیوانیکردنی بەردەوامی مافی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی ناو هەرێم و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان، فاکتەری سەرەکین بۆ ئەوەی کورد و کوردستان وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ دنیای شارستانی خۆی نمایش بکاتەوە.
پوختەی پەیام بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی : پشتیوانیکردن لە کوردستان بۆ خوڵقاندنی ململانێیەکی نوێ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دیراسەکراوە بۆ وەبەرهێنان لە سەقامگیری و پێشخستنی ناوچەکە.
دوا پەیامیش بۆ ناوخۆیە : حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی یەک ڕەنگ نیە بەڵام یەک دەنگە .
بەشداری وەزیری پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە شاندە باڵا هاوەڵەکەی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانیدا هەڵگری پەیامی یەکگرتوویی هێزە کاریگەرەکانی کوردە کە ئاڕاستەی هەردوو ناوەندی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەکرێت :
دڵنیاکردنەوەی ئەمریکا:
واشنتۆن لە مێژە لەگەڵ هەردوو حیزبی حوکمڕانی کوردستاندا لەسەر هێڵە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی چاکسازییە ئەمنییەکان. بوونی نوێنەرێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم شاندەدا ئاماژەیە بۆ پابەندبوونێکی سیاسی لەلایەن هەردوو لایەنەوە بۆ بەردەوامبوون لەم چاکسازییانە.
لە سەردەمێکدا کە بەغدا و بەشێک لە زلهێزە ناوچەییەکان بە دوای ئیستغلالکردنی دووبەرەکییەکانی ناو کوردستانەوەن و کنەی تێدادەکەن، پێکەوەبوونی هەردوولا لە یەک شاندی باڵادا ، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی دڵسۆزانەیە بۆ پێشاندانی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کورد لەسەر پرسە هەستیارەکان، بەتایبەتی پرسی بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوە.
بەشداریی وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوە باڵاکاندا پەیامێکی ئەرێنی بۆ ناوخۆی کوردستان دەنێرێت کە هەرکات بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان بخوازێت، پارتی و یەکێتی یەک هەڵوێست و یەک دەنگن بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و هاوپەیماناندا.
لە نێوان واشنتۆن و بەغداد... هەرێم بە دوای هاوسەنگییەکی نوێدا دەگەڕێت.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی ئەوە دووپات دەکاتەوە کە کوردستان سیاسەتی "هاوسەنگیی ژیر" پەیڕەو دەکات. کوردستان نە سەنگەری لە بەغدا گرتووە و نە ملکەچی جەمسەگیری و میحوەرو میحوەرکاریی ناوچەکەیە. کوردستان سەرکردایەتییەکەی بەدوای هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی درێژخایەندا دەگەڕێت کە مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی بە کردەوەوە فیدراڵدا فەراهەمبکات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئاڤا تیڤی.. ئەو کەناڵەی هاوسەنگی میدیای کوردی گۆڕی، چۆن؟
2 تەممووز
دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
2 تەممووز
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟
29 حوزەیران
کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران.. کرانەوەی نوێ یان مەترسییە کۆنەکان؟
26 حوزەیران
سیستمێكی ناوازەی هەواڵ؛ ئاڤا میدیا لە یەكەم ئەزموونی جەنگدا
25 حوزەیران
چیتر گەرووی هورمز کارتی بەهێزی گوشار نییە لەدەست ئێران
24 حوزەیران
هەلومەرجى ناوچەکە و گوتارى بەناو ئۆپۆزسیۆن
23 حوزەیران
بۆچی هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەی سۆروكا جیهانی هەژاند كەچی ئەوەی كرماشان نا؟!
21 حوزەیران
جەنگی ساختەی ئێران و ئیسرائیل لە سەردەمی AIـدا
21 حوزەیران
گەرووی هورمز؛ قوڕگی وزەی جیهانە بە داخستنی لەلایەن ئێران ئابووریی جیهان دەخنکێنێت
19 حوزەیران