ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێکی قەیس خەزعەلی بەهێزترە

ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێکی قەیس خەزعەلی بەهێزترە

 

لە مێژووی سیاسی عێراقی نوێدا، زۆرجار ڕووبەڕووی کەسایەتی سیاسی بووینەتەوە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا دوژمنایەتیی لەگەڵ گەلی کوردستان دەکەن، قەیس خەزعەلی یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە بە سیاسەتی شۆڤێنیستی و هەڵوێستە دژ بە کوردانەی ناسراوە.

 

گرفتی سەرەکیی خەز عەلی و ئەوانەی وەکو ئەو بیردەکەنەوە لە عەقڵییەتی شۆڤێنیستی تایفیدایە کە بڕوای بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان، دەستوور نییە. ئەو عەقڵیەتە نەک تەنها بڕوای بە پابەندبوون و بە ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنەکان نییە کە حکومەت لەسەری دامەزراوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دژایەتی مافەکانی گەلی کوردیش دەکات.

 

 ئەوانەی بەمجۆرە بیردەکەنەوە بە ئاشکرا بڕوایان بە فیدڕاڵیزم و بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان نییە. ئەم هەڵوێستە نەک تەنها پێشێلکاریی دەستووری عێراقە، بەڵکو ڕاستەوخۆ هێرشە بۆسەر ئەو دەستکەوتانەی کە گەلی کوردستان بە قوربانی زۆرەوە بەدەستی هێناوە.

 

دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەم جۆرە کەسایەتییانەوە بابەتێکی نوێ نییە، بەڵکو مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە کە بە بیانووی جۆراوجۆر و ئەجێندای دەرەکی، دوژمنایەتیی خۆیان بۆ گەلی کوردستان پیشاندەدەن و چاویان بە پێشکەوتن و سەقامگیریی کوردستان هەڵنایەت، چونکە ئەوان ئەم پێشکەوتنە وەک هەڕەشەی بۆ دەسەڵاتە نایاساییەکانی خۆیان دەڕوانن.

 

لەم چوارچێوەیەدا، کەس پەلامارە موشەکی و درۆنییەکانی چەند ساڵ لەمەو پێشی میلیشیاکانی سەربە خەزعەلی و هاوپەیمانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان لەبیر نەکردووە. خۆ ئەو کاتە هیچ گرێبەستێک لەگەڵ ئەمەریکا لە گۆڕێ نەبوو، ئەی هۆکاری ئەو پەلامارانە چی بوو؟ 

 

ئەم پەلامارانە نەک تەنها پێشێلکاریی سەروەریی کوردستان بوو، بەڵکو ڕاستەوخۆ تێرۆری هاووڵاتیانی بێتاوانی کوردستانیش بوو، کە خەزعەلی و میلیشیاکانی بە ئاشکرا ڕەفتاری تێرۆریستانەیان دژبە کوردستان ئەنجامدا، بەڵام هێشتا کەس بەرپرسی ئەو تاوانە مرۆیانەی لەئەستۆ نەگرتووە. 

 

ئێستاش بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە خەزعەلی و هاوشێوەکانی لە پشتەوەی ئەو بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە ڕاوەستاون. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی یاسا و دەستوور دەکات.! ئەگەر یاسایەک هەبێ، ئەوانە دەبێت دادگایی بکرێن کە بەناحەق مووچەی هاووڵاتییانی کوردستان دەبڕن یان بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر خاکەکەی.


قەیس خەزعەلی و هاوپەیمانەکانی ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو کردارانەیان هەڵبگرن. ئەم جۆرە کردارانە نەک تەنها پێشێلکاریی دەستوورە، بەڵکو مایەی زیان گەیاندنە بە ئاسایشی نەتەوەیی و یەکڕیزیی وڵات.

 

خەز عەلی هێند ڕووداره لە چاوپێکەوتەنەکەدا هەوڵدەدات تۆمەتی قاچاخ و تاڵانی نەوت بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و عێراق و حیزبەکانی عێراق ئاگاداری ورد و درشتی قاچاغ و تاڵانکردنی نەوتی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن لە دوای ساڵی 2003وە هەتا ئێستا.

 

هەروەها هەموو کەس باش دەزانێت کە خەزعەلی دەستێکی باڵای لەو بەتاڵانبردنەدا هەیە. سەیرە ئەو کەسەی خۆی ئەو هەموو ساڵە لە قاچاغ و تاڵانی سەرچاوەکانی عێراقدا بەشداری کردووە، ئەمڕۆ دێت تۆمەت بۆ کوردستان هەڵدەبەستێت! ئەمە نموونەیەکی ڕوونە لە عەقڵیەتی دوو ڕوویانەی خەزعەلی کە هەمیشە هەوڵدەدات تاوانەکانی خۆی بەسەر کەسانی تردا بسەپێنێت.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ماوەیەک ڕێگەیان لە خەزعەلی و تاقمەکانی سەربە خەزعەلی گرت کە نەتوانن چیتر نەوتی عێراق تاڵان بکەن و لەدژی بەرژەوەندییەکانی وەستانەوە، بەڵام بەهۆی گوشاری زۆرەوە سوودانی ناچاربوو چاوپۆشی لە دزی و قاچاقچێتیی خەزعەلی و جەماعەتەکەی بکات. ئەمە دەریدەخات کە کێشەکە لە کوێوە دێت و کێ لە ڕاستیدا بەرپرسی تاڵان و گەندەڵییە.

 

ئەوەی عێراقی خستووەتە ژێر مەترسیەوە ڕوانگە و سیاسەتی ئەم کەسایەتییانەیە کە جگە لە تاڵانکاری وڵاتەکە چارەنووسی عێراقیشیان بە هاوکێشەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی تر بەستووەتەوە. بەستنەوەی عێراق بە بەرەی بەناو "مقاومە" عێراقی هەتا لێواری تێوەگلان لە شەڕ و داڕمان بردووە.

 

ئەوەی زیان لە عێراق دەدات شۆڤێنیەت و خۆسەپاندن و تەسکبینی و تایفەگەری و پێشێلکردنی دەستوورە، نەک بەستنی گرێبەستی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە بە قازانجی کوردستان و عێراق دەشکێتەوە. درووستکردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردایە نەک تەنها مافی سرووشتییە، بەڵکو هەروەها پێویستییەکی گرنگیشە بۆ گەشەسەندنی ئابووری.

 

ئەو سیاسەتە چەوتەی ئێستا عێراق لەدژی کوردستان پەیڕەوی دەکات هیچ بەهایەکی بۆ هاوبەشی و تەنانەت سەروەریی عێراق و چەمکی هاووڵاتیبوون و دەوڵەتی یاسا و دەستوور نەهێشتووەتەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا بەرژەوەندیی عێراق و خەڵکی عێراق و هاووڵاتیانی عێراق گرنگترە یان ئەجیندا و میلیشیاکان و بەرژەوەندیی کەسانی نامۆی تر؟

 

ئەزموونەکان بەڕوونی پیشانیان داوە کە هزری شۆڤێنی، جا چ قەومی بێت یان تایفی و دیینی، کۆتاییەکەی هەر شکستە. ئەم ڕاستییە نەک تەنها لە مێژووی نزیکی ناوچەکەماندا بەڵگەی هەیە، بەڵکو لە مێژووی گەلانی دیکەشدا دووپاتکراوەتەوە. شۆڤێنیزم بە سرووشتی خۆی بەرەو دابەشبوون و کۆتایی دەبات، چونکە لەسەر بنەمای نەیاربوون و ڕقێکی ئەستوور دامەزراوە.


دڵنیایی دەدەم کە ئیرادەی گەلی کوردستان لە پیلانی خەزعەلی و هاوشێوەکانی بەهێزترە و سەردەکەوێت. ئەو هەموو پەلامارە موشەکییانە، سیاسەتی بڕینی مووچە، ئەو هەموو گوشارە سیاسی و ئابووریانە نەیانتوانی کوردستان ببەزێنن. کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش زیاتر لە پێشووتر ڕێزی لێ دەگرێت.

 

دۆزی گەلی کوردستان ڕەوا و لەسەر حەقە. ئەم ڕاستییە چەندە نەیارانی شۆڤێنی زیاتر بوون، دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەر بەهێزتر بووە و گەشەی سەندووە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانەکانی ئەم جۆرە کەسایەتییانە بەهێزترە و سەردەکەوێت.

 

ئەم ڕاستییە بە ئاشکرا لە ئەزموونی چەندین دەیەی ڕابردوودا سەلمێنراوە. کوردستان لە هەموو هەوڵە شۆڤێنیستییەکان و پاشەکشەپێکردنەکان خۆی ڕزگار کردووە و ڕێگەی خۆی بەرەو پێش گرتووەتە بەر. ئەمڕۆ کوردستان لە پلەیەکی بەرزتری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدایە و بەردەوامە لە بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی.

 

لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعشدا، پێشمەرگەی کوردستان بووە سمبولی بوێری و پاڵەوانێتی، نەک تەنها بۆ کوردستان بەڵکوو بۆ هەموو دونیاش. لەو کاتەدا کە خەزعەلی و هاوشێوەکانی لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، پێشمەرگە بوێرەکانمان شەڕیان لەگەڵ یەکێک لە ترسناکترین ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان دەکرد.

 

ئەمڕۆ کوردستان پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دونیا هەیە، ئابووری خۆی گەشە پێدەدات، دامەزراوەکانی بەهێز دەبن. هەر ئەمەیە کە خەزعەلی نایەوێت ببینێت و چاوی پێی هەڵنایەت. ئەو نایەوێت کوردستان سەربەخۆ بڕیار بدات، نایەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، نایەوێت بەشی ڕەوای خۆی لە سەرچاوەکان وەربگرێت. خەزعەلی و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە هەڕەشەکردن، ئەوان بە هەر ڕێگایەک بێت دەیانەوێت کوردستان لاواز بکەن، ئەو دەستکەوتانە لەناو ببەن کە گەلی کوردستانی بە خوێن بەدەستی هێناوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: