منداڵ ئامرازێک نییە بۆ بەھەڕمێنکردنی کەناڵێک یان پێشکەشکارێک
- بیروڕا
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش

د. نزار گزالی
دکتۆرا لە دەروونزانی

چاوپێکەوتنی دایکێک لە کەناڵێکی عێراقی، چەند ڕۆژێکە مشتومڕێکی بەرفراوانی لە سۆشیاڵ میدیا دروستکردوە و هەستی زۆرێک لەو کەسانەی کە بینەری بوون، وروژاندووە. لە چاوپێکەوتنەکەدا کاتێک دایکەکە قسە بۆ کەناڵەکە دەکات، ڕەتیدەکاتەوە کچەکەی لەبەردەم کامێرادا دەربکەوێت، ئەمەش بە لێدوانێکی شۆکهێنەر پاساو دەهێنێتەوە و دەڵێت "کچەکەم بۆرە" لە من ناچێت! دەربڕینێک کە گوزارشت لە سووکایەتیکردن دەکات نەک وەسفکردن.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە، پێشکەشکارەکە لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەیی دەستوەردان بکات یان ئەم بێرێزییە زارەکییە بوەستێنێت، کۆمێنتێکی ڕەگەزپەرستانە زیاد دەکات کاتێک دەڵێت: "نا، لە هیندییەک دەچێت!" ئەمەش دیمەنێکی میدیایی شێواو تەواو دەکات کە بریتییە لە ھەڵەیەکی ئازاربەخشی دایک، پێشێلکاری پیشەیی، قسەی ناشیرین، ڕووشاندنی کەسایەتیی منداڵەکە و ئیستغلالکردنی دەروونی.
هەرچەندە زۆرێک لەو کۆمێنتانەی کە کارلێکیان لەگەڵ گرتە ڤیدیۆکەدا کردووە، هاوسۆزییان بۆ ئەو منداڵە دەربڕیوە، جەختیان لەسەر سیما جوانەکانی و بێتاوانییەکەی کردووەتەوە و تەنانەت تا ئەو شوێنەی ھەندێکیان پێشبینیان کردووە کە "ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە شاژنی جوانی"، بەڵام مەترسییە ڕاستەقینەکە تەنها لەو وشانەدا نییە کە بەرانبەر بە منداڵەکە گوتراون، بەڵکو لەو کاریگەرییە دەروونییە قووڵەی کە ئەو ساتە دەتوانێت لەسەر داڕشتنی کەسایەتی ئەم منداڵە هەیبێت.
-ڕوشاندنی کەسایەتیی منداڵ و کاریگەرییە دەروونییە قووڵەکانی.
لە ڕوانگەی دەروونزانیی گەشەکردنەوە، زەلیلکردنی منداڵ لەلایەن یەکێک لە دایباب (دایک و باوک)، بەتایبەتی لەبەردەم کەسانی دیکە یان لە میدیاکاندا، یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی زیانگەیاندن بە دەروونی منداڵەکە. ئەم سوکایەتییە ھەر ئاوا تێناپەڕێت؛ پەڵەیەکی ناوەکی بەجێدەهێڵێت کە بۆ ساڵانی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە داڕشتنی وێنەی خودی منداڵەکە. رەنگە کاریگەرییەکانی لە ڕەفتارەکانی وەک شەرمنی زۆر، کەمی باوەڕبەخۆبوون، گۆشەگیری، یان تێکچوونی گوزارشت لە خود و هەستەکان دەربکەوێت.
ڤیدیۆی ئەم دواییە، نموونەیەکی ڕوونی خراپ بەکارهێنانە؛ پەیوەندی نێوان منداڵەکە و دایکی شێواندووە، دایکەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیادا بە شەیتان و کەسێکی بەد ناوبراوە. بەڵام واقیع لەوە ئاڵۆزترە. ئەو دایکە کە پێدەچێت هۆشیاری سنووردار بێت، دووجار کەوتۆتە داوی میدیاکانەوە: یەکەم، کاتێک لە کامێرادا بە شێوەیەکی زارەکی سووکایەتی بە کچەکەی کرد، دووەم، کاتێک کە دواتر خودی کچە منداڵەکەی بەکارهێنا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ڕەفتارەکانی، ئەمەش تێکچوونی لە پەیوەندیی سۆزداریی نێون دایک و منداڵ قووڵتر کردەوە کە دەبێت لەسەر بنەمای ئاسایشی دەروونی و پشتیووانی خۆشەویستی بێ مەرج بێت.
- کاتێک میدیا دەکەوێتە تەڵەی پێشێلکاری دوو بەرامبەر یان سەرپێچییەکی زۆر زەق.
ئەوەی ڕوویدا تەنها سەرپێچییەکی میدیایی نییە؛ پێشێلکردنی ڕوونی ئەخلاقی ڕۆژنامەگەرییە(ئتیک)ه. دامەزراوە میدیاییە ڕەسەنەکان بە تەواوی ئاگادارن کە بەشداریکردنی منداڵان لە ڕووماڵکردنی میدیادا، پێویستی بە رەزامەندی ئاگادارانە لەلایەن ئەو کەسانەی کە پەیوەندیدارن، ئەم مەرجە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ناگرێتەوە. تەنانەت ڕەزامەندی دایک و باوکیش- ئەگەر هەبێت- ڕەوایەتی نادات و پاساو نییە کە منداڵێک بەرەوڕووی زەلیلکردن یان ئیستغلالکردن بکەوێت.
وێنەگرتنی منداڵەکە، لەلایەن کەناڵە عێراقیەکەوە، پاشان بڵاوکردنەوەی ماددەکە بەبێ پێداچوونەوەی پێویست بە ناوەڕۆکەکەی و پاشان وروژاندنی بیروڕای گشتی لە دەوری، ناچێتە چوارچێوەی "گەیاندنی ڕاستییەکان". بەڵکو جۆرێک لە چەواشەکاریی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنێت، تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی مۆرکی شەرمەزاری "stigma”، بە تایبەت ئەگەر لە داهاتوودا کاتێک منداڵەکە گەورە دەبێت و درک بەوە دەکات کە چی لەبارەیەوە وتراوە و بەبێ پاراستنی کەسایەتی و ئەگەری دووبارە پەخشکردنەوەی یان لەدژ بەکارھێنانی.
- کێ بەرپرسیارە؟
لە کاتێکدا ڕەفتاری دایکەکە ئازاربەخش و شۆکھێنەر بوو، بەڵام تەنها ئەو دایکە بەرپرسیار نییە. ئەو دەزگا میدیاییەی کە ئەم ڤیدیۆیەی تۆمار کردووە و پەخشی کردووە و بانگەشەی بۆ کردووە، پشکێکی بەرچاوی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرتووە، بەو پێیەی وازی لە ڕۆڵی هۆشیارکردنەوەی خۆی هێناوە و بەشداری کردووە لە زیان گەیاندنی دەروونی منداڵێک کە تەنانەت توانای تێگەیشتنی ئەوەی نەبووە کە ڕوودەدات.
لە کۆتاییدا
منداڵی، دیمەنێکی تێپەڕ نییە لە بەرنامە هەستیارەکاندا، هەروەها ماددەی خاو نییە بۆ تێرکردنی ئارەزووی پەیدا کردنی لایک و ڤیوەر، یان دروستکردنی بەرنیاز (ترێند). قۆناغێکی فۆرماتیڤە کە پێویستی بەڕێزگرتن و پاراستن و بەهێزکردن هەیە. ئەوەی لەم حاڵەتە پڕ لە ئازارەدا ڕوویدا، داوای هەڵوێستێکی ڕاستەقینەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگا و دەزگا میری و چاودێرەکان دەکات بۆ پاراستنی منداڵان لە بوون بە قوربانی لە شانۆیەکدا کە بڕیارە بۆ هۆشیاری بێت نەک زەلیلکردن.
نوێترین بیروڕا
جیابوونەوەی ناشیرینی ترەمپ و مەسک
7 حوزەیران
ئەحکام و ئاداب و حیکمەت و گەورەیی قوربانیكردن
4 حوزەیران
جووڵە ناوەختەکەی یەکگرتووی ئیسلامی و بزە گاڵتەئامێزەکەی سوودانی
4 حوزەیران
ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێکی قەیس خەزعەلی بەهێزترە
1 حوزەیران
تاوانی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، لە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
31 ئایار
سیاسەتی ترەمپ: دەستێوەرنەدان
31 ئایار
سفرەمان خاڵی دەکەن.. بەڵام کاسەمان پڕبووە و لێی دەڕژێ
31 ئایار
ئێستا ئیتر کاتی یەکدەنگییە
29 ئایار
مێزە بچووکەکەی واشنتن: کلیلی گۆڕانکاری لە وزە و ئابووری هەرێمدا
27 ئایار
ئایا ڕێگای دووەم بوونی هەیە؟
25 ئایار
- بیروڕا
- 7 حوزەیران
جیابوونەوەی ناشیرینی ترەمپ و مەسک
- بیروڕا
- 31 ئایار
سیاسەتی ترەمپ: دەستێوەرنەدان