سەعات حەوت زیاتر لە یەک ملیۆن بینەر

سەعات حەوت زیاتر لە یەک ملیۆن بینەر

هاتنەخوارەوەی هەوراز بۆ گێڕانەوەی هەواڵەکان لە  سەعات حەوتی هەموو ئێوارەیەک بە کاتی هەولێر، بووە بە ترێندێکی نیشتیمانی و میللی.

دواهەمین دەرکەوتنی هەوراز گوڵپی لەپاش گەڕانەوەی لە پشووی جەژن، تەنها لە لایڤی فیسبووک یەک ملیۆن و 300 هەزار بینەری هەبووە، ئەمە جگە لە تەماشاکارانی تیڤی کە تارگێتی یەکەمی ئاڤا میدیایە و زۆرێک لەو تەمەن و چین و توێژانەی هێشتا حەزیان بە تیڤییە لەدیار دەرکەوتنەوەی هەورازەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە تامەزرۆیی دانیشتبوون..

ئەمە جگە لە پلاتفۆڕمەکانی تر، ڤیدیۆیەکی هەوراز گوڵپی کە باسی ئەوە دەکات ئەو چەند ڕۆژە لە کوێ بووە بۆ دیارنەبووە؟ لە فەیسبووک ملیۆنێک و 600 هەزار، لە تیکتۆک یەک ملیۆن و 300 هەزار، لە ئینستاگرام یەک ملیۆن و لە سناپچات یەک ملیۆن و 100 هەزار بینەری هەبووە.


ئەوەی ئاڤا میدیا بۆ پەخشی هەواڵ بڕیاری لێدا  شێوازێکی نوێی پێشکەشکردنی هەواڵ بوو کە ئاڤا میدیا هێنایە ناو میدیای کوردستانەوە، لەکاتێکدا بەدەست چەقبەستن و دووبارەبوونەوەوە دەیناڵاند، گەڕاندنەوەی بینەر بۆ بەردەم شاشە خۆماڵییەکان  بۆ وەرگرتنی هەواڵ، گێڕانەوەی هەواڵ وەک خۆی بە زمانی خەڵک و مەجلیسەکان.

 لە سەعات حەوت هەوراز گوڵپی زمانی فەرمی و ڕۆتینی هەواڵی  میدیای کوردی کە زۆرێک لە چینوتوێژەکان لێی تێناگەن یان چێژی لێ نابینن، تێدەپەڕێنێت و ڕیتمێکی میللی لە گێڕانەوەی هەواڵ بە شێوازی گێڕانەوەی ڕووداوەکان پێشکەش دەکات.
 

بەم کارە ئاڤا میدیا مۆدێلێکی نوێی پێشکەشکردنی هەواڵی هێنایە ناو میدیای کوردییەوە. بۆیە ئاڤا میدیا هەر زوو جێی خۆی لە کۆمەڵگەدا گرت و ژمارەیەک نەبوو بچێتە پاڵ ژمارەکانی تر،  بەڵکو دەرگایەکی نوێ بوو بەڕووی هەواڵ و میدیادا کرایەوە کە بە ماوەیەکی کەم چاوی لێکراو لە زۆر شتدا هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەدرێت.

هەوراز گوڵپی بە گێڕانەوەی هەواڵەکان هاتە ناو زمانی ڕۆژانەی خەڵک. چۆن تاکەکان شتەکان بۆ یەکتر دەگێڕنەوە، بەمشێوەیە هەوراز هەموو ئەوەی ڕوودەدات و هەموو چاوەڕوانی و پێشهاتەکان بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک بۆ خەڵک دەگێڕێتە. هاتنەخوارەوەی هەوراز تەنها لە قاتی سەرەوەی ستۆدیۆی ئاڤاوە نییە بۆ ستۆدیۆی سەرەکی، بەڵکو دابەزینە بۆ ناو خەڵک بە زمان و بە هەست، دەست و پەنجە نەرمکردنە لەگەڵ پێویستیی و داخوازی و مافەکانیان.

 هەربۆیە هەواڵی مووچە و خانەنشینان لەپێشی پێشەوەی هەواڵەکانی کاتژمێری حەوتی ئاڤا میدیا بوون. تا کار گەیشتە ئەوەی هەوراز بە زمانی خەڵک ئەوەی لە ناخی خەڵکدا بوو سەبارەت بە مووچە ئاراستەی نوێنەرانی کوردی کرد لە بەغدا و داوای لێ کردن تووند بن لە داکۆکی لە مافی مووچەخۆرانی کوردستان.

 بەمە هەوراز بەتەواوی چووە ناو دڵی خەڵک، بەشێوەیەک لە جەژنەوە تا دوای پشووەکەی تامەزرۆی گەڕانەوەی بوون و دیارنەبوونی بووە باسوخواسی زۆربەی مەجلیسەکانی جەژن.

 هەوراز دەگەڕێتەوە یا نا؟ بینەرەکانی بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی بوون و بینەری نوێشی هاتە پاڵ، تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر چیرۆکی خەیاڵی بۆ دیارنەبوونی هۆنرانەوە، هەمووی لەپێناو زیادکردنی بینەردا.

 هەر بۆیە لە یەکەم دەرکەوتنەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەرچی کۆدی بینینی هەواڵە لەوەتەی میدیای کوردی هەیە شکاندی. زیاتر لە یەک ملیۆن بینەر لە چەند کاتژمێرێکدا تەنها لە فیسبووک بۆ لایڤی هەواڵەکان، ژمارەیەکە هیچ میدیایەکی تر نە تۆماری کردووە و نە بەمزووانەش تۆماری دەکات.

شانازی ئاڤا میدیا بەم ڕیتمە نوێیەی هەواڵەوە ئەوەیە کە سنوورێکی بۆ کۆچی بینەران لە تیڤی و هەواڵی میدیای فەرمی کوردستانی دانا.

هەواڵی ئاڤا میدیا دوو چینی گرنگی گەڕاندەوە بۆ گوێگرتن لە هەواڵ، گەنجان لە ڕێگەی پلاتفۆڕمەکانەوە و هەروەها چینی بەتەمەنەکانیش بۆ بەردەم شاشە گەورەکەی ماڵەوە.

 بێدەنگ بن، سەعات حەوتە بیخەنە سەر ئاڤا هەوراز دێتەخوار.


زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: