ستراتیژیەتی خامنەیی بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای مەرگیشی دەمێنێت

شەیری بکە لە:
ستراتیژیەتی خامنەیی بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای مەرگیشی دەمێنێت

لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ئێران هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی کرا، ئەم ئەنجوومەنە پێکهاتووە لە دەستەیەک ئاخوندی بەتەمەن کە بەناو لە هەڵبژاردنی ڕابەری باڵای داهاتوو بەرپرسیارن. بەهۆی ئەوەی ڕژێم ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێرەکانی هەردوو هەڵبژاردنەکەی بە لێنەوەشاوە دانا، زۆرێک لە دەنگدەرانی ئێران ئەم هەڵبژاردنانەیان پشتگوێخست، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە دەبێت ڕۆژئاواش پشتگوێیان بخات، بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکە، کە ڕابەری باڵای داهاتوو دەستنیشان دەکات.

پێکهاتە تەسکەکەی ئەو ئەنجوومەنە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە وا دەردەخات کە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی تەمەن 84 ساڵ، کە ڕابەری باڵای ئێستایە، بڕیاری داوە بەوە شوێنی جێگرەوەکەی خۆش بکات کە دڵنیاببێتەوە لەوەی دەستەبژێری دەسەڵاتداران دژایەتیی بژاردەکەی نەکەن و ڕێگەی لێنەگرن. هەر بۆیەش ئەوەی مسۆگەر کردووە کە خواستە ئەتۆمییەکەی ئێران و ناکۆکییەکانی، کە بە بریکارێتی بۆی دەکرێن، هەر لە شێواندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام دەبن، بە گریمانەی ئەوەی ڕژێمی ئێران پێش مەرگی خامنەیی بۆمبی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.

دوایین جار و تاکە جارێک کە ئێران ڕابەری باڵای دەستنیشان کردبێت ساڵی 1989 بوو، ئەویش ئەو کاتە بوو کە ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران مرد. ئەوکاتە ڕژێمەکە هێشتا تاڕادەیەک پشتیوانی خەڵکی هەبوو، دەستەبژێری ڕامیارانی ئێران لەنێو خۆیاندا یەکگرتوو بوون. ڕەنگە هەڵبژاردنی خامنەیی وەک جێگرەوەی خومەینی زۆر کەسی سەرسام کردبێت، لەبەرئەوەی خومەینی متمانەی ئایینیی هەبوو، بەڵام دەستەبژێری ڕامیارانی ئێران هەر زوو لەپشت خامنەییش وەستان. واتە ڕژێم لە یەکەم ڕادەستکردنی دەسەڵاتدا تاڕادەیەک بەئاسانی ڕزگاری بوو.

هەموو ئەو بنەمایانەی وایان کرد ڕادەستکردنی دەسەڵات لە ساڵی 1989دا کار بکات، لە ئەمڕۆدا نەماون. پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە دژوار بوون. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی دەوڵەت، زیاتر لە 70٪ی دانیشتووان دەیانەوێت ئایین لە دەوڵەت جیابکرێتەوە. ناڕەزایەتییەکان زۆرن، لەبەرئەوەی بە نزیکی 60٪ی ئێرانییەکان ئێستا لە هەژارییدا دەژین. تەنانەت بەشێکی زۆری هەژارترین و لەخواترسترینەکان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پایەیەکی گرنگی پشتیوانیی خەڵک بوون بۆ ڕژێم، بۆ نیگەرانکردنی دەسەڵاتی ئایینی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. هەرگیز جیاوازیی چینایەتی ئەوەندەی ئێستا ئاشکرا و گەندەڵیش ئەوەندە بەربڵاو نەبووە.

خامنەیی زیاتر لە 20 ساڵە بێبەزەییانە دەستەبژێری ڕامیاری شەنوکەو دەکات و زۆر ئەندامی پێشووتری دەزگاکەی کردووە بە کەسی دابڕاوی ناڕازی و نەیار. لەم خولی هەڵبژاردنەدا ژمارەیەک لە لایەنگرانی ڕژێمی بە لێنەوەشاوە دانا، کە لێوەشاوە بوون. خامنەیی هەموو کەرتەکانی حکومەتی بە کەسی وەک سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی پڕکردووەتەوە کە فەرمانبەری بێزاکەرن، بەڵام بەدکاریشن.

ئەو ئەندامە دەستەبژێرانەی مافی دەنگدانیان لێ زەوت کراوە، لەوە تێدەگەن کە ئایندەیەکی گەشیان لە سەردەمی دوای خامنەییدا نابێت. حەسەن ڕووحانی، سەرۆکی پێشوو بە دەنگی بەرز سکاڵا لەسەر کێشەکانی دەردەبڕێت؛ هەروەها محەممەد خاتەمی، کە یەکەم و دوایین سەرۆکی ڕیفۆڕمخواز بووە کە دەسەڵاتی هەبووبێت، هۆشداری دەدات لەوەی: نیشانەیەک نییە ئاماژە بە خواستی سیستمی فەرمانڕەوا بدات بۆ ڕیفۆڕم و خۆبەدوورگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو.

بەگشتی یەکەم نەوەی شۆڕشگێڕان لە درێژەدان بە دیکتاتۆرییەتدا باشترن، چونکە دەتوانن پشت بە ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان ببەستن، ڕاستەوخۆ بیرکردنەوە و تاکتیکی ئەو کەسانە دەزانن کە پیلان لە دژی دۆخی ژیانی ڕۆژانە دەگێڕن. خامنەیی، کە چەندین پیاوی خاوەن متمانەی کاریگەرتری شۆڕشگێڕانەی بەزاندووە و گرەوی لێیان بردووەتەوە، ئەزموونی شەڕی ساڵانی 1970ی خۆی هەیە لەگەڵ شای ئێراندا. شا ئەو کاتە هەوڵی دەدا سیستمی ڕامیاری بە شێوازی ڕیفۆڕمی ڕۆژئاوایی ئازاد بکات، کە خۆپیشاندان و مانگرتنی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە کۆتاییدا شانشینەکەیان ڕووخاند.

ڕابەری باڵا، کە بەڕۆژئاواییکردن وەک پاڵنەری پشت داواکارییەکانی ڕیفۆڕمی ڕامیاری دەبینێت، سوورە لەسەر ئەوەی هەمان هەڵە دووبارە نەکاتەوە. ئەمە قوومارێکە: ئێران ڕووبەڕووی ڕەشەبایەکی ترسناکی پێچەوانە دەبێتەوە، لەوانەیە دەستەیەکی جۆراوجۆرتری دەسەڵات باشتر شێواوییە پەرەسەندووەکە بقۆزێتەوە. لە 2009وە چەندین شەپۆلی خۆپیشاندان لە سەرتاسەری وڵاتدا پیشانیان داوە کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئێران تووڕە و یاخین. ئابوورییەکەی ئێران، کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو خراپتر دەبێت و سۆشیالیزم و گەندەڵی و سزا نێودەوڵەتییەکان لاوازیان کردووە، ڕژێمەکەیان لە ناهاوسەنگیدا هێشتووەتەوە. چەندین جار نادادیی ئابووری، کە لە ساڵی 2023دا بەهۆی هەژاریی زۆر و هەڵاوسانەوە گەیشتە 50٪، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی ڕامیاریی کوشندە.

بەپێچەوانەی توانای ڤلادیمیر پووتین-ی سەرۆکی ڕووسیاوە کە ناسیۆنالیزمی ڕووسی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت، شاڵاوی ڕژێمی ئێران بۆ زاڵبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ ناسیۆنالیزمێکی فارسی لە بەرژەوەندیی سەرکردایەتیی ئێراندا نەجووڵاندووە.

بێگومان ئەو ئاژاوانەی خامنەیی لە ناوچەکەدا دروستی کردوون، لە دوای مەرگیشی هەر دەمێنن. دواجار هەوڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەو ڕووەوە سەرکەوتوو بوون کە بێئەوەی وڵاتەکەی خۆی نابووت بکات، کاریگەرییەکی زۆری ئێرانی لەسەر ناوچەکە داناوە. بەپێچەوانەی خومەینییەوە کە هاوپەیمانیی دەرەکی پێخۆش نەبوو، خامنەیی ئێرانی لەگەڵ چین و ڕووسیادا لە هاوبەشییەکی قازانجبەخشدا تووند جێگیر کردووە.

سوودە ستراتیژییەکان زۆر بوون: مۆسکۆ بازرگانییەکی چالاک لە بواری چەکدا دابین دەکات، پەکینیش بژێوییەکی دارایی پێشکەش دەکات کە ئێران لە دژی سزاکانی ئەمریکا ڕزگار دەکات. هیچ کامێکیش لە دوو هاوپەیمانەکە خواستیان لەسەر سنووردارکردنی پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ڕژێمە ئاخوندییەکە نییە. ستراتیژیەتی بریکاری خامنەییش، کە میلیشیای ئیسلامی لە وڵاتە عەرەبییە پەرتبووەکاندا دروست دەکات و هاوکارییان دەکات، لای نەیار و قوربانییەکانی ئێران خۆڕاگرە و سەختە بەرپەرچ بدرێتەوە.

هەوڵی فراوانی سەرکەوتووی ڕژێمە ئاخوندییەکە بۆ ئەوەی بەسەر باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بێت، تاڕادەیەک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ژمارەیەکی کەم قوربانیی ئێرانییان لێکەوتووەتەوە؛ خستنەگەڕی حووسییەکانی یەمەن بۆ جەنگێکی پیرۆز لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا قازانجێکی گەورەی بەخشیوە بە ئێران لە وەبەرهێنان لە باشووردا. بەپێچەوانەی پیاوە ئایینییە نەریتییەکانی ئێرانیشەوە، خامنەیی بەرامبەر گرووپە شیعە و سوننەکان ڕەفتارێکی یەکانگیرانەی هەیە، کە ئەو هەوڵەی لەنێو ستراتیژیەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەقووڵی داکوتیوە.

خامنەیی کۆسوڕ (سیستم)ێکی وای بۆ ئایندە دروست کردووە کە ئێستا تاڕادەیەک تەیار و ئامادەیە، کە جێگرەوەکەی بۆ چنینەوەی ئەنجامی هاوشێوە پێویستی بەوە نابێت بە هێندەی ئەو کارامە بێت. دوای ئەوەی کارگێڕییەکەی ترەمپ قاسم سولەیمانی، نەخشەداڕێژەری سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کوشت، ئیسماعیل قائانی-ی جێگرەوەی، کە لەو کەمتر کاریگەریی هەیە، لە درێژەدان بە بەکارهێنانی بریکارەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر دووژمنەکانی ڕژێمەکە لە سولەیمانی کەمتری نەکردووە. ڕۆژێک لە ڕۆژان بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پشتی بە چەند ئەندازیارێکی گرنگ دەبەست، بەڵام ئیسرائیل بەئامانجی گرتن و کوشتنی، ئێستا وا دیارە بەرنامەکە لەخۆیەوە بەڕێوەدەچێت.

بەڵام هێشتا نەخشە مەزنەکانی خامنەیی لە کرۆکدا هەر لاوازن. زۆربەی ئێرانییەکان نە لە دۆخێکی ئیسلامیستی دان، نە لە دۆخێکی ئیمپریالیستی دان. ئەگەر ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان بیانەوێت کشومات لە ئێران بکەن، ئەوا پێویستیان بەوەیە لە چەقەوە بەرەو دەرەوە شەڕ لەگەڵ ئێراندا بکەن، ئەویش بە زێدەبارکردنی توانای دەسەڵاتە ئایینییەکە بۆ زاڵبوون بەسەر تووڕەیی هاووڵاتییەکانیدا.

خامنەیی دامەزراوە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە و فراوانی کردوون و توواندوونیەتەوە، لەوانە: نووسینگەی ڕابەری باڵا، سوپای پاسداران، دادگای تایبەتی ئایینی (کە مەلا سەرکەشەکان دادگایی دەکات)، ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیی گشتی (کە بڕیار لەسەر ڕێوشوێنی هەموو یاسادانانێک و شیاویی بەرپرسەکان دەدات). چەندین جار لە چاوەڕوانییەکانی وەزارەتەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا و دەزگا هەواڵگرییەکان و شیکەرەوەکانی داوە، بەوەی کە پێیان وابووە بە تێپەڕبوونی کات ڕژێمەکە نەرمتر دەبێت و لەگەڵ دراوسێکانی خۆی و ئەمریکادا پەرە بە ژینگەیەکی سازانی گشتیی ئاشتییانەتر دەدات.

لە بری ئەوە ڕژێمەکە تووندتر بووە، بەتایبەتی بەهۆی ئارەزووی خامنەییەوە لە بەرەوپێشبردنی ئەو پیاوانەدا کە لە هەندێک لە دڕندانەترین کردەوەکانی ئێراندا بەشدار بوون. جا بەوەی کە ڕێگەی خامنەیی بدرێت کەسی دوای خۆی دیاری بکات، کە ڕوونترین ئاماژەمان لە هەڵبژاردنە داخراوەکەی ئەم مانگەدا دی، لەوانەیە ڕژێمەکە لەژێر دەسەڵاتی ڕابەری باڵای داهاتوودا سەرسەختتریش بێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دوای خامنەییش هەر کارێکی ترسناک دەبێت، کە دەبێت واشنتن هەندێک ڕاستی قبووڵ بکات. خامنەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکایشی خستووەتە سەر بزوانێک کە بەردەوام تووندوتیژتر دەبێت، دوای خۆیشی هەر وا دەمێنێتەوە و لەوانەیە لە هەردوولا بگاتە هێرشی پچڕپچڕی خوێناوی کە چەندین ساڵ بخایەنێت. کەڵەکەکردنی سزا پێویستە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەس نییە. هێرشکردنە سەر بریکارەکانی ئێرانیش لە ناوچەکەدا بەگشتی ناکارا بووە، لەبەرئەوەی ڕژێمی ئێران باکی بەو عەرەبانە نییە کە بۆ دۆزەکەی ئەو خۆیان بەکوشت دەدەن.

بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێران، چ جای کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە واشنتن ڕێگای زیاتر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی تاران ببێتەوە، ئەویش لەسەر نرخی شەڕەنگێزییەکەی، لەگەڵ ئەوەدا زەبری هێزیش بخاتە سەر ئێرانییەکان. ئەگەر ئەمانە لەکاتێکدا بکرێن کە هێشتا خامنەیی زیندووە، ئەوا گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر دەسەڵاتە ئایینییەکە، کە بەڕوونی پیشانی داوە دەیەوێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لاواز بکات، لەکاتێکدا لەگەڵ ئەم زلهێزەدا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت. لەوە ناچێت کەمخەرجیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

 

نووسەران: ڕێوێڵ مارک گێرێچت و ڕەی تەکیە

سەرچاوە: فۆرن پۆڵسی
وەرگێڕان: ئاڤا نیوز

دوایین هەواڵەکان