
"ئەگەر زمانی من بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە". ئەمە وتە بەناوبانگەکەی مووسا عەنتەرە.
15ـی تەمموزی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیارێکی بە ژمارە (6496) ئاراستەی هەریەک لە زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کرد، لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی، زمانی خوێندن عەرەبییە.
ئەمە لەکاتیکدایە بەگوێرەی ماددەی (4)-ی بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شان بە شانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە لە دەوڵەتدا، زێدەباری ئەوەش، بڕیارەکە ناکۆکە لەگەڵ ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014-ی تایبەت بە زمانە فەرمییەکانی عێراق کە لە شووباتی 2014، لە ژمارە (4311)ی ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکراوەتەوە.
بڕیارەکە دەرگا لەسەر زامێکی قووڵی نەتەوەیی کورد دەکاتەوە ئەویش هەوڵ و تەقەلایە بۆ سڕینەوە و ئینکارکردنی، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە پێداگۆگانە کورد سازشی لەسەر مافە نەتەوەیی و دەستووریەکانی خۆی نەکردووە، بگرە لە قۆناغ و هەر سەردەمێکدا بە فۆڕمی جیاواز بەرەنگاری کردووە.
پەیوەندی زمان بە هەر جڤاتێکەوە پەیوەندییەکی ڕیشەیی و بونیادی و ئەنتۆلۆژییە و شووناسێکی نەتەوەیشە. پرۆفیسۆر بەریتانی (میشێل بیلیگ) دەربارەی ئەم پرسە دەڵێت: "مەرجی سەرەکی سەپاندنی هەژموونی نەتەوەیی، لە زۆربەی جارەکاندا سەپاندنی هەژموونی زمانە."
هەر لەم سۆنگەیەشەوەیە کە زۆربەی حوکمەتە سەنتراڵ و تاکڕەهەندەکان بۆ چەپاندنی بیری نەتەوەیی هەر نەتەوەیەک دەستیان بۆ زمان بردووە، ئەم هەوڵەش بۆ زمانکوژی (Linguicide) کردنی زمانی کوردی درێژکراوەی هەمان سیاسەت و ستراتیژە و حکومەتە سەردەستەکان (عێراق وەک نموونە) لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ناوەندگەرایەتی خۆی بەشێوەیەکی ڕێبازمەند کار بە سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی تەنگپێهەڵچنینی کورد دەکات، وەک: بێمافکردن، سیاسەتی برسیکردن و لە نوێترینیشیان سیاسەتی زمانکوژیی.
یادەوەری کورد و پرسی چەپاندنی زمانی کوردی
کوردێک کاتێک بیر لە زووڵم و ستەم و دیکتاتۆریەت دەکاتەوە ناخودئاگایانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕژێمەکەی سەددام حوسێن وەک شا-مۆدێلی ئازار و نەهامەتی ناو مێژووی نوێ بۆ کورد، یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ ڕاگرتنی دیکتاتۆریەت بریتی بووە لە پرسی چەپاندن و پەراوێزخستنی زمانی کوردی بە فۆڕمی جیاواز، چەپاندن بە مانا دەروونشیکارییەکەی وەک سەپاندنی هێزێک بەسەر هێزێکی دیکەی زیندوو بەمەبەستی کۆتاییهێنانی هەمان هێز، چەپاندنی زمانی کوردی بەهەمان ئاراستەش لێدان و خامۆشییە بۆ مێژوو و شووناسی کورد.
لە فەیلەسووف ژاک لاکان فێربووین کە زمان بیرکردنەوە بەرهەمدەهینێت، بە مانایەکی دیکە بۆ بوون بە کوردێک دەبێت بە هەمان زمانی خۆی بیربکەیتەوە، ڕژێمە ستەمکارەکان باش لەم کارکردە تێگەیشتوون بۆی لە هەر کات و ساتێکدا بۆیان ڕەخسابێت درێغییان لە سەرکوتکردنی زمان بۆ گەلی ژێردەسەڵاتی خۆیان نەکردووە و بە چەندەها شێوە ئەسیمیلەیان کردوون، گەرچی هاوکێشە فیکرییە لە هاوپەیوەند بە باشووری کوردستانەوە دەگۆرێت، چونکە لێرەدا کیانێکی دانپێدانراوی کورد هەیە کە خاوەنی حوکومەت و خاوەندارێتی خۆیانن، لە زۆر ئاستیشدا چەند هەنگاوێک لەپێش حوکمەتی ناوەندن بە نموونە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بەدیجیتاڵکردنی حوکمەت و کرانەوەی کولتووری.
لەم هەرێمەدا کورد بە زمانی کوردی بیردەکەنەوە، شووناسێکیان جێهێشتووە کە شووناسی عێراقیبوونە وەکو شووناسێکی ئامادەکراوی سەپێندراو، هەمان ناویشە کە ڕۆژانێک دیکتاتۆرێکی خوێنمژ لە سایەیدا حوکمی کردووە، بە چەندەها جۆری چەوساندنەوەش کورد بوونەتە قوربانی ئەم تراومایەش تا ئێستا لەنێو کۆ-نەست و کۆیادەوەریدا ماون. لە ژێر حوکمی ڕەهای سەدامدا کورد ئەزموونی جێنۆساید و ئەنفال و مەرگی بەکۆمەڵی کردووە، گەرچی وا دیارە لە ئەزموونێکی نەبڕاوەی دووبارەدا لە دژی کورد، شیعەکان درێژە بە ئەنفالێکی دیکەی مەعنەوی دەدەن بۆ کورد کە ئەویش قەڵاچۆغەکردنی زمانە، وەک ستراتیژی سەرەتا لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەی 140 دەستپێدەکەن، مخابن نموونەکان لە مێژوودا پێمان دەڵێن تەنها بە ئەوەندەوە ناوەستن و چاویان لە زیاتریشە.
ڕوانگەیەک بۆ فاشیزمی نووستوو
دەوڵەتە سەنتراڵەکان مەیلێکی زۆریان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاراستەی جیاوازەکانی ناو دەوڵەتەکە هەیە (لە نموونەی عێراقدا دەکرێت ناوی بنێین هەرێمە جیاوازەکان). هەرێمی کوردستان وەک جوگرافیا و نەتەوەیەکی جیاوازی ناو عێراق لە زۆر ئاستدا هەوڵی مۆنۆپۆلکردنی دراوە، بەنموونە لە ئاستی ئابووری و نێودەوڵەتی و تەنانەت کولتووریشدا. ئەم هێزە سەنتراڵە بە سروشتی خۆی لەسەر خودێکی باڵا لەناو سایکۆلۆجیای دەوڵەت بونیادنراوە کە داینەمیکیەتی ئەم ئارەزووە چەپێنراوە ڕیشەکەی بۆ دوور دەگەڕێتەوە، مەیلی سەرەتاشی لە بڵاوبوونەوەی بیری ناسیۆنالیزم لە جیهاندا و بیری ناسیۆنالیزی عەرەبی لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە.
فکری یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک کولتوور، کاڵکردنەوە و یەکڕەنگکردنی کۆی گروپە ئیتنییەکان بەبەرداکردنی کراسی عروبە لە سەردەمی (عبدوالکریم قاسم) دەستپێدەکات و لە سەردەمی حیزبی بەعسی عەرەبی و لەسەر دەستی دیکتاتۆرێکی خوێنمژی وەک (سەددام حوسێن) دەگاتە ترۆپک، بە نموونە بەغدایەکی سەنتراڵ و باڵا، لە زۆر ئاستدا ئەم فاشیزمە نووستووە بەخەبەر دێت، لەهەمان کاتدا لەژێر فشاردا دەچێتەوە سووڕی متبوون و نووستن گەرچی هەمیشە بەشوێن دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ زنجیرەیەک لە نووستن و بەخەبەرهاتن.
بەستنەوەی پرسی ناسنامە و زمان کۆمەکێکی زۆرمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە سایکۆلۆجیەتی دەوڵەتی سەنتراڵ کە لێرەدا نموونەکە عێراقە، لەنێو ئەم دەوڵەتەشدا شووناسی کوردی داینەمیکیانە لەناو زمانی کوردیدا بەرجەستە دەبێت و کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕاگرتنی نەزمی دەوڵەتە سەنتراڵەکەوە هەیە، هەر بۆیە قەدەغەکردنی زمانیش قەدەغەکردنی وجوودی نەتەوەیی کورد و تێکدانی ئەو نەزمەیە کە بەشێکی نەبینراوی دەوڵەتەکەی ڕاگرتووە.
کورد و بەرەنگاری لەپێناو زماندا
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک دیاردەیەکی دیفاکتۆ هاتە بوون، لە ساڵی 2003-شدا دوای گەشەکردنی بزاوتە کوردییەکان بووە قەوارەیەکی ددانپێدراوی سیاسی، لەڕێگەی یاسا و دەستوورەوە مافەکانی دیاریکرا، بەڵام ئەوەی جێگەی لەسەروەستانە زۆر بەئاسانی و بە بەرچاوی دنیاوە نکۆڵی لە مافەکانی دەکرێت و بەدرێژایی مێژووی کورد فۆڕمی جیاوازی خەبات و بەرەنگاری پەیڕەوکراون بۆ پاراستنی زمان کە خۆبەخۆ ئەویش دەچێتە خزمەتی پاراستنی خۆی وەک دیاریکەری شووناس.
لە مێژوودا شاعیران لە ڕێگەی شیعرەوە زمانیان پاراستووە، شیعر وەک یەکێک لە دێرینترین ژانرە نووسراوەکانی کورد، لە قۆناغێکی دیکە پارت و حیزبە سیاسییەکان پاشان پێشمەرگە بووەتە قەڵغانی، لەپاش ڕاپەڕینی ئازادیشەوە هێزی نەرم و سیاسەتی کولتووری، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاتوو زارا محەممەدی دەبێتە سیمبوولی بەرەنگاری لەپێناو زمانی کوردیدا، لەگەڵ ئەوەشدا لە باکووری کوردستان سوێندنخواردن بە کوردی لەیلا زانا دەکاتە سیمبوولی بەرەنگاری، هەروەک چۆن لە ئێستاشدا گفتوگۆی ئاشتی نێوان ئیمرالی و تورکیا یەکێک لە پایەکانی دەستکاریکردنی دەستووری تورکیایە و دداننانە بە زمانی کوردی.
لە بەندی چواری دەستووری عێراقدا دیاریکراوە کە زمانی کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمی دەوڵەتن، بەڵام فاشیزمی نووستوو بەخەبەردێتەوە و ستراتیژی دەوڵەتی سەنتراڵ خۆی بەیان دەکاتەوە، پێمان دەڵێتەوە زمانی ئێمە مێژوو و خەون و داهاتووشمانە بۆیە عەرشی فاشیزمی نووستوو ڕێگای قەدەغەکردنی زمان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکاتەوە بە وەسیلەی چەپاندنی نەتەوەیەک.
بوونی دەوڵەت یەکێکە لە فاکتەرە گەرەنتیکراوەکانی پاراستنی زمان، بۆ ئەو نەتەوانەی پێیان دەگوترێت "نەتەوە بێدەوڵەتەکان"، فاکتەری دەستووری و یاسایی وەک پایەیەکی گرنگی پارێزبەندی لە پەراوێزخستنی زمانی نەتەوەیەکی دیارکراو دادەنرێت، بەگوێرەی دەستووری عێراقیش زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبییە، بەڵام لە حاڵەتی ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەرکەوت بانێکە و دوو هەوا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئاوایە سروشتی ململانێكە
6 کاتژمێر لەمەوپێش
کۆدەکانی پشت بڕیارەکەی ئەردۆغان لە داخستنی بۆریی نەوتی عێراق
24 تەممووز
دیمەشق لەنێوان دروز و عەلەوی و کورد دا
24 تەممووز
باجی هەر سەرکەوتنێک.. سزایەکی نوێیە !!
20 تەممووز
سەرەڕای قەیران، ئاوەدانی بەردەوامە
20 تەممووز
"دێوەزمەی" فیدراڵی لە سووریا
19 تەممووز
پەیامی درۆنهاوێژەکان و ئاسایشی وزەی کوردستان
19 تەممووز
پرسی کورد لە تورکیا... ڕێککەوتنێکی مێژوویی یان گۆڕانکارییەکی تاکتیکی؟
16 تەممووز
جامی عێراق كوردستانییە، بە بادینی بەرز دەكرێتەوە
15 تەممووز
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
14 تەممووز
- بیروڕا
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاوایە سروشتی ململانێكە
- بیروڕا
- 24 تەممووز
دیمەشق لەنێوان دروز و عەلەوی و کورد دا
- بیروڕا
- 20 تەممووز
باجی هەر سەرکەوتنێک.. سزایەکی نوێیە !!
- بیروڕا
- 20 تەممووز
سەرەڕای قەیران، ئاوەدانی بەردەوامە
- بیروڕا
- 19 تەممووز
"دێوەزمەی" فیدراڵی لە سووریا