كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروستدەكات

كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروستدەكات

دۆخی كارەبا لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەوەندە خراپە خەریكە دەبێتە (سكانداڵ) ئابڕوچونێكی سیاسی بۆ حكومەتی ئێستاو سەرجەم كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەت لە بەغدا.

ئەم دۆخە خراپەی كارەباو ئاو لە عێراقدا لە كاتێكدایە ئەم وڵاتە خاوەنی داهاتێكی زۆری نەوتیە و بەنرخی بازاڕی نێودەوڵەتی نەوتەكەی دەفرۆشێت.

هەروەها جگە لە شەڕی داعش لە 2014-2017 عێراق دوچاری هیچ ئاڵەنگاریەكی سەربازی و سیاسی نەبووەتەوە كە كێشە بۆ ئابووری و داهاتە زەبەلاحەكەی دروستبكات، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە 2003 بۆ ئێستا نەیتوانیوە ئەم كێشەیە و زۆر كێشەی دیكەی خزمەتگوزاری چارەسەر بكات و ئومێدێكی ئەوتۆش نیە بتوانێت بەمزووانە چارەسەری بكات.

لەساڵانی ڕابردوو عێراق لە ڕێگەی گازی ئێران 'لەكاتێكدا خۆی گازی هەیە' هەروەها لە ڕێگەی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بەشێك لەكارەباكەی دابینكردووە، لە كاتێكدا بەو بودجە زەبەلاحەو بەو سامانە سرووشتیە زۆرە دەتوانرا باشترین كارەبا و هایترین خزمەتگوزاری بۆ ئەم وڵاتە دابین بكرێت.

لەرۆژانی رابردوودا، كوژانەوەی گشتی لە كارەبای شارەكانی عێراق 'بێگومان هەرێمی كوردستانی تێدا نیە' ڕوویدا و ئەم دۆخە چاوەڕوانكراوە لەناو سۆشیال میدیای عێراقی بووە جێی باس و توانج لەدەسەڵاتدارانی بەغدا.

ڤلۆگەرو بەكارهێنەرانی سۆشیالمیدیای عێراقی هەر لە بەغدا تا بەسرە، هێرشیان كردە سەر دەسەڵاتدارانی بەغدا و نەبوونی كارەبایان خستە ئەستۆی گەندەڵی بەرپرسان و بە نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتیی دایانشۆرین.

هەروەها سۆشیال میدیای عێراقی وەك بۆ زۆر شتی دیكە دەیكەن، ئەمجارەش بەراوردی دۆخی نەبوونی كارەبا لە شارەكانی عێراق و گەشانەوەی شارەكانی کوردستانیان بەراورد كرد. ڤیدیۆی تاریکیی بەغدایان بەراورد بە ڤیدیۆی باڵەخانە و چراخانە داگیرساوەكانی هەولێر دەكرد و دەیاننووسی: (شوفو شوفو یا عالەم) " ئەمە هەولێرە كە تەنیا چەند سەعاتێك لە بەغداوە دوورە".

دەیانوت: ئەمەیان خاوەنی بودجەیەكی زەبەلاحە و یەك بەرمیل نەوت بە 100 دۆلار دەفرۆشێت و خاوەنی زیاتر لە بیست دەروازەی بازرگانیە، ئەمەشیان هەرێمێكە كە بەشە بودجەكەی بڕاوە، بەڵام خاوەنی سەركردایەتیەكی دڵسۆزە.

هەروەها دەیانوت: "ناو بەناو لەم تاریكستانەوە هەڕەشە لەو چراخانە دەكرێت و داوا دەكرێت پارەی دەخیلەی مناڵەكانیشیان بنێرن بۆ ئەم تاریكستانە تا گەندەڵەكان ئەوەش بخۆن."

دۆخی خراپی كارەبای عێراق لەكاتێكدایە ساڵانە بڕێكی باش پارە بۆ وەزارەتی كارەباكەی تەرخان دەكرێت.

لە بودجەی گشتی ساڵی 2023 كە نزیكەی 199 تریلیۆن دینار بووە، نزیك بە 17 تریلیۆن دیناری بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخانكراوە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو سێ ترلیۆن زیاد كراوە.

ساڵی 2024، ڕێژەكە بەرزتركرایەوە بۆ 18 تریلیۆن و لە ئێستاشدا عێراق بەردەوامە لە زیادكردنی خەرجیەكانی لە كەرتی كارەبا، بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەبوو لە مانگی هەشتی ئەمساڵ كوژانەوەی گشتی رویدا!

عێراق بە هەموو كابینە وزاریەكانی لە پاش 2003 ـەوە تائێستا بەو هەموو بودجە زەبەلاحەوە بەو هەموو دابینكردنە داراییەوە، بەڵام لە ساڵی 2025 كارەباكەی دەكوژێتەوە.

لەملاوە هەرێمی كوردستان بەو هەموو قەیرانە داراییەوە، بەو هەموو گوشارەی بەغدا تەنیا لەیەك كابینەی حكومیدا كە كابینەكەی مەسرور بارزانییە لەساڵی 2025 كارەبای 24 كاتژمێری دەگەیەنێتە زۆرینەی شارەكانی كوردستان و بڕیاریشداوە تا كۆتایی ساڵی 2026 تەواوی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن یەك جۆر كارەبای نیشتیمانیی لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکیەوە.

لە چەند رۆژی ڕابردوو لەگەڵ كوژانەوەی گشتی كارەبا لەسەرتاسەری شارە عێراقیەكان حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئامادەین هاوكاری عێراق بین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نەبوونی كارەبا.

زۆربەی چاودێران لەسەر ئەوە كۆكن كێشەی كارەبا لە عێراق پەیوەستە بە دوو هۆكاری سەرەكی: 

یەكەمیان نەبوونی ئیرادە و ئیدارەیەكی سیاسی دڵسۆز لە وڵاتەكەدا، كە بە هەدەردان و گەندەڵی تێیدا تاسەر ئێسقان رۆیشتووە.

دووەمیشیان وابەستەیی بڕیاردان لە عێراقدا بە وڵاتانی هەرێمایەتی و نەبوونی سەروەریی و سەربەخۆیی بڕیار لەم وڵاتەدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: