ناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەگۆڕدرێت؛ فوئاد حوسێن ناوە تازەکەی ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ناوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەگۆڕدرێت؛ فوئاد حوسێن ناوە تازەکەی ئاشکرا دەکات

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق

ئاڤا نیوز

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، شەش ملیۆن عێراقی لە دەرەوەی وڵات دەژین و پێویست دەکات حکومەتی فیدڕاڵ گرنگی بەم چین و توێژەی وڵات بدات، بۆیەش پێشنیازکراوە و پێویستە لە حکومەتی داهاتوودا ناوی وەزارەتی دەرەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە و تاراوگە یانیش وەزارەتی دەرەوە و عێراقییەکانی تاراوگە بگۆڕدرێت، تا بتوانرێت هەم خزمەتی عێراقییەکانی تاراوگە بکرێت و سوودیش لە ئەزموون و پەیوەندییەکانیان لەبوارە جیاوازەکان وەربگیرێت.

وێنە گەورەکە: عێراق یەکەم وڵات نییە کە ناوی وەزارەتی دەرەوەی دەگۆڕێت، بەڵکو لەم کاتەدا وڵاتانی وەک لوبنان، مەغریب، جەزائیر و میسر ناوی وەزارەتی دەرەوەیان کۆکەرەوەی ئەرکی دیپلۆماسی و چاودێری ڕەوەندی تاراوگەی وڵاتەکانیانە، بۆیەش ناوی وەزارەتی دەرەوەیان بریتین لە وەزارەتی دەرەوە و ڕەوەندی تاراوگە، کە مانای گرنگیدان و چاودێری دەوڵەتە بەو هاووڵاتیانەیان کە لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان دەژین.

لێدوانی فەرمی: فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دەرەوەدا پێشنیازکراوە فەرمانگەیەک بۆ کاروباری عێراقییەکانی تاراوگە دروستبکرێت بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە پێدانی دەسەڵات هەیە کە ئێستا لەبەردەست نییە بۆیە تەنیا بەشێکیان بۆ چاودێریی عێراقییەکانی دەرەوە کردووەتەوە، بەگوێرەی ئامارەکانیش دەوروبەری شەش ملیۆن عێراقی لە دەرەوە دەژین و پێویستییان بە چاودێریی دەوڵەت و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و تواناکانیان هەیە، بۆیە پێویستە لە حکومەتی داهاتوودا ناوی وەزارەتی دەرەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە و هاووڵاتیانی تاراوگە بگۆڕدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم پێشنیازەش بۆ ئەوەیە وەزارەتی دەرەوە تەنیا کاری کونسوڵی و دیپلۆماسی نەکات بەڵکو ببێتە پردێکی پەیوەندیی لەنێوان هاووڵاتیانی عێراق لەناو خۆ و دەرەوە، هاوکات گرنگە سەرژمێریی دانیشتووان بە سەرژمێری عێراقییەکانی تاراوگە تەواو بکرێت، تا عێراقییەکانی دەرەوە لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی وڵاتیشدا بەشداربن بۆئەوەش سەرەتا دەبێت کەناڵی پەیوندیی ڕاستەقینە و بەردەوام لەگەڵیاندا دروستبکرێت.

بەشێکی دیکە لە قسەکانی فوئاد حوسێن لە چاوپێککەوتنەکەدا: 

پەیوەندیی گشتگیریمان لەبوارەکانی وزە، ئابووری، کولتووریی، تەندروستی، ئەمنی و سەربازیی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەردەوامیشە، بەڵام ئێستا ئیدارەی ئەمریکا کاری لەپێشینەی بۆ سیاسەتی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا و ئۆکراین گۆڕاوە، واتە پەیوەندی عێراق-ئەمریکا فەرامۆشنەکراوە بەڵکو بۆ پەیوەندی سروشتی گۆڕاوە لەسەر بنەمای هاوبەشیی و هەماهەنگی.

بەشدارینەکردنی عێراق لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و هەشت دەوڵەتی عەرەبی وئیسلامی لە نیویۆرک کە تایبەت بوو بە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل، هۆکارەکەی ئەوەبوو یاسای عێراق ڕێگە بە چوونە ناو ئەو گفتوگۆیە نادات، لەم بابەتەشدا ئێمە پەراوێزنەخراوین بەڵکو خۆمان بەشدارنەبووین.

گفتوگۆمان لەگەڵ وڵاتانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوامە بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵی ئەمنیی، ئێستاش هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتدا کەمن و تەنیا ئەرکیان بریتییە لە ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراق.

پەیوەندییمان لەگەڵ سووریا بریتییە لە چاودێریی و ڕاوێژ بەبێ دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە، پێمان وایە سووریا پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بەبەشداری هەموو پێکهاتەکان هەیە، بۆئەوەش پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە پێویستییان بە متمانە لەگەڵ یەکترییدا هەیە، مەترسی داعشیش لە سنورەکانی سووریا و عێراق پێویستی بە کاری هاوبەش و هەماهەنگی دوولایەنەی بەردەوام هەیە.

 
هیچ مەترسییەکی ناوخۆیی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە، لە ئاستی دەرەوەش ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە هیچ مەترسییەکی کرداریی نییە کە ببێتەهۆی دواخستنی هەڵبژاردن.

پەیوەست بە قەیرانی ئاو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە سەرۆکایەتی شاندێک دەچینە ئەنقەرە و دەمانەوێت پشکی ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە و فوڕات زیاد بکرێت.

بوونی چەک لەدەرەوەی دەوڵەت کارێکی ڕاست نییە و دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت، پاراستنی عێراقیش پێویستی بە ڕێکخستنی ئەو بابەتە ناوخۆییانە هەیە، بۆئەوەش دەبێت بە جدییەوە بخرێنەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت تا گەیشتن بە چارەسەر.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ