شەش بڕیار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە لەبارەی مووچە

  • بزنس
  • 2 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
شەش بڕیار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانەوە لەبارەی مووچە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆران چەندین بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیاز دەردەکات.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە، چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی لەبارەی مووچە و داهاتی ناوخۆ دەرکرد.

لێدوانی فەرمی: پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی کوردستان بە ئاڤای وت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی لەبارەی کەمکردنەوەی خەرجی و خەرجکردنی مووچە دەرکردوون کە ئەمانەن.

یەکەم: ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی هەشت بۆ بە‌غدا، بۆ مانگەکانی تریش دەبێت مانگانە ئەم پارەیە پێش هەموو خەرجییەکان ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی هەشت و نۆ مانگەکانی دواتریش.

دووەم: هەموو مانگێک بڕی 42 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست تەرخان دەکرێت کە لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون.

سێیەم: مانگانە بڕی 48 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ خەرجی و نەسرییەی وەزارەت و فەرمانگەکان تەرخان دەکرێت.

ئەم سێ خەرجییە دەکاتە 210 ملیار دینار، خەرجی جێگیرن،  بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان تێدا ناکرێت و لە هیچ دۆخێکدا نابێت ڕابگیرێن تاوەکو بودجەی ساڵی 2026 پەسەند نەکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی نەکرێت.

چوارەم: حکومەت لەمەودوا قەرزەکانی کۆمپانیا و بازرگانەکان بە کاش وەردەگرێتەوە و مەقاسە نامێنیت.

واتا ئەوە نامێنێت قەرز بەرامبەر قەرز ساف بکرێت، بۆنموونە بەڵیندەرێک پڕۆژەی بۆ حکومەت کردووە و پێنج ملیار دیناری وەرنەگرتووە، مقاولەکە کاتێک شتی لە تورکیا هاوردە کردووە، بایی پێنج ملیار دینار باج و گومرگی نەدەدا و بەر یەک دەکەوتن، تا کۆتایی ئەمساڵ ئەمە نامێنێت.

پێنجەم: تا بودجەی 2026 پەسەند دەکرێت حکومەت تەنیا پارە بۆ پڕۆژە گرنگەکان خەرج دەکات.

شەشەم: بڕیار دراوە بەمزووانە شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2026 سەردانی بەغدا بکات.

جگە لەمە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی دیکەش دەرکراون لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، بۆ ئەوەی کێشە بۆ دابینکردنی مووچە دروست نەبێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە ڕاگەیێنراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات وەزارەتی دارایی ڕابسپێرێت بۆ ناردنی مووچەی مانگی هەشت، بەتایبەت کە ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی نەوت زۆر بە باشی و بەبێ کەموکوڕی جێبەجێ کراوە بەردەوامیشە، تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەکەیشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ