کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ کرایە 24 کاتژمێری

شەیری بکە لە:
کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ کرایە  24 کاتژمێری

گرافیکی پڕۆژەی ڕووناکی

ئاڤا نیوز

ئەمڕۆ کارەبای هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ بەتەواوی بوو بە 24 کاتژمێری، بەمزووانە ئیدارەی ڕاپەڕینیش بە تەواوی لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت، بەم شێوەیەش ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کارەبای بەردەوامیان هەیە، نزیک دەبێتەوە لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس.

چیرۆکی سەرەکی: پڕۆژەی ڕووناکی کە لە مانگی 10ـی 2024 لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە ڕاگەیێنرا، بە خێرایی لە جێبەجێکردندایە و ژمارەیەکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان سوودیان لێ وەرگرتووە. ئەمڕۆش سۆران و زاخۆ بە تەواوی سوودمەند بوون لەو پڕۆژەیە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 65 هەزار هاوبەشی کارەبا، کە دەکاتە نزیکەی 238 هەزار هاوڵاتی، لە ئەمڕۆوە کارەبای بەردەوامیان دەبێت. هاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کارەبای 39 هەزار هاوبەش، کە نزیکەی 144 هەزار هاوڵاتی دەگرێتەوە، بووەتە 24 کاتژمێری.

خاڵی ئەرێنی: جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بووەتە هۆی کوژاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە مۆلیدەکان، بە تەنیا لە سۆران 127 مۆلیدەی گەڕەک کوژێندرانەوە و لە زاخۆش 317 مۆلیدە، بەپێی ئەو داتایانەی دەست ئاڤا کەوتوون، تاوەکوو ئێستا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، 3 هەزار و 689 مۆلیدەی گەڕەک بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کوژێندراونەتەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە ڕاگەیێنراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری  بۆ نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی لە 70%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی.

ژمارەکان وا دەڵێن: خشتەی یەک: دوایین ئاماری هاووڵاتی و هاوبەشانی نێو پڕۆژەی ڕووناکی

کوردستان:
ژمارەی هاووڵاتی: 4,292,000
ژمارەی هاوبەش: 1,131,000

هەولێر:
ژمارەی هاووڵاتی: 1,935,000
ژمارەی هاوبەش: 504,000

سلێمانی:
ژمارەی هاووڵاتی: 1,345,000
ژمارەی هاوبەش: 351,000

دهۆک:
ژمارەی هاووڵاتی: 495,000
ژمارەی هاوبەش: 38,000

هەڵەبجە:
ژمارەی هاووڵاتی: 135,000
ژمارەی هاوبەش: 38,000

سۆران:
ژمارەی هاووڵاتی: 144,000
ژمارەی هاوبەش: 39,000

زاخۆ:
ژمارەی هاووڵاتی: 238,000
ژمارەی هاوبەش: 65,000

خشتەی دوو: کۆی گشتی ژمارەی ئەو مۆلیدانەی کوژێنراونەتەوە لە پڕۆژەی ڕووناکی

کوردستان:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 3,689
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 690,000

هەولێر:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 2,197
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 410,000

سلێمانی:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 604
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 112,000

دهۆک:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 379
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 70,000

هەڵەبجە:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 65
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 15,000

سۆران:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 127
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 23,000

زاخۆ:
ژمارەی مۆلیدەی کوژێنراوە: 317
کەمکردنەوەی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن – ساڵانە: 60,000

ئەمەش بزانە: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر ڕایگەیاندبوو کە هاووڵاتیان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی هەشت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەباوە دانراون. لەژێر نرخە نوێیەکاندا، 80%ـی هاووڵاتیان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و کارەبای مۆلیدە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ