ئەمڕۆ نزیكەی 20 بارهەڵگری دیكەی هەڵمەتی هاوكاریكردنی ئاڤا بەرەو چەمچەماڵ بەڕێ دەكرێن

شەیری بکە لە:
ئەمڕۆ نزیكەی 20 بارهەڵگری دیكەی هەڵمەتی هاوكاریكردنی ئاڤا بەرەو چەمچەماڵ بەڕێ دەكرێن

دیمەنی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لەبەردەم نووسینگەی سەرەکی ئاڤا. گرافیک؛ ئاریان محەممەد

ئاڤا نیوز

لەچوارچێوەی هەڵمەتی ئاڤا میدیا بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی سنووری چەمچەماڵ، ئەمڕۆ نزیكەی 20 بارهەڵگری دیكە بەرەو چەمچەماڵ، تەكیە و شۆڕش بەڕێ دەكرێن.

وێنە گەورەكە: لەماوەی سێ ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی هاوكاریكردنی ئاڤا میدیا، 42 بارهەڵگری جۆری گەورە و بچووكی پڕ لە هاوكاریی جۆراوجۆر، بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی سنووری چەمچەماڵ كۆكراوەتەوە، هاوكات نزیكەی دوو ملیار دینار لەڕێگەی سەرمایەدارانی نیشتمانی و هاووڵاتیانەوە بۆ هەڵمەتەكە دابین كراوە، ئاڤا میدیا لەڕێگەی نمایشكردنی چیرۆكی ناخهەژێنی لێقەوماوانی سنووری چەمچەماڵ، لە كۆكردنەوە و گەیاندنی هاوكارییەكان بەردەوام دەبێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە هەولێر حەوت بارهەڵگری دیكەی پڕ لە كۆمەك و هاوكاری ئامادەن بۆ ئەوەی بۆ ناوچە زیانبەركەوتووەكان بەڕێ بكرێن، بەهەمان شێوە لە بادینانیش 13 بارهەڵگر ئامادەكراون؛ پێنج بارهەڵگر لە دهۆك و چوار لە زاخۆ و چوار لە ئاكرێ، سەرجەمیان بەرەو سنووری چەمچەماڵ بەڕێ دەكرێن.

گۆشەیەكی دیكەی دیمەنەكە: ئاڤا میدیا لەڕێگەی نیشاندانی چیرۆكی ناخهەژێنی خەڵكی لێقەوماوی چەمچەماڵ، دەزگا خێرخوازییەكان و سەرمایەدارانی نیشتمانی هان دەدات بەشداری كۆمەككردنی زیانلێكەوتووان بكەن، لەو چوارچێوەیەشدا، دوێنێ كلیلی خانووێكی نوێ ڕادەستی خێزانێكی لێقەوماوی چەمچەماڵ كرا و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سورچی، لە كرێچییاتی ڕزگار كران.

لەلایەكی دیكەوە: ئەحمەد ڕێكانی، سەرمایەداری نیشتمانی و سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لەڕێگەی هەڵمەتی هاوكاریی ئاڤا، بەڵێنی دا لەسەر ئەركی خۆی 10 خانووی زیانبەركەوتووی لافاوەكەی چەمچەماڵ، تەكیە و شۆڕش، بەتەواوی نۆژەن بكاتەوە.

بڵاوكراوەی فەرمی: گرووپی میدیایی ئاڤا لەبارەی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی سنووری چەمچەماڵ ڕاگەیێنراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند؛ "بە گەیاندنی دەنگی لێقەوماوانی لافاوەكە، هەموو كوردستانمان لە ئازارەكانیان ئاگادار كردەوە، ئەگەر ڕووماڵی ئەو خەمە گەورەی خەڵكی چەمچەماڵ و تەكیە و شۆڕشمان نەكردبا، هەرگیز چیرۆكە ناخهەژێنەكان نەدەگەیشتە ڕای گشتی و خێرا لەبیر دەچوونەوە، تەنانەت میدیا و لایەنی دیكەشمان هێنایە سەرهێڵ كە هاوكاری خەڵكی لێقەوماو بكەن."

بەڵێنیش دەدەین لە هەڵمەتی هاوكاریكردن بەردەوام دەبین تا گریانی تەواوی زیانلێكەوتووانی ئەو ڕووداوە دەگۆڕین بە فرمێسكی خۆشی و شادی.

ئاڤا میدیا سوپاسی دڵسۆزی و خەمخۆری خەڵکی هەولێر، سلێمانی، بادینان، کەرکووک و هەڵەبجە و هەموو شارەکانی کوردستان دەكات، کە کوردانە و مەردانە هاتن بەدەم هەڵمەتەکە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ