سوودانی لەبارەی بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەی دژی حیزبوڵڵا و حوسییەکان داوای لێکۆڵینەوە دەکات

شەیری بکە لە:
سوودانی لەبارەی بڵاوکردنەوەی بڕیارەکەی دژی حیزبوڵڵا و حوسییەکان داوای لێکۆڵینەوە دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا دەکات پەلە بکرێت لە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو بڕیارەی دژی حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن بڵاوکراوەتەوە و لایەنی کەمتەرخەم دیاری بکرێت، جەختیش دەکاتەوە کە تەنیا ئەو کەس و لایەنانە خراونەتە لیستی سزاکانەوە کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەیە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی عێراق لە بڕیاری سڕکردنی موڵکەکانی حیزبووڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن پاشگەز بووەوە و دەڵێت، ئەو نووسراوەی بڵاوکرایەوە کۆتا پێداچوونەوە و پاکنووسی بۆ نەکراوە و ڕاست دەکرێتەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکرێت و ئەو لایەنە کەمتەرخەمە دیاری بکرێت کە هۆکار بووە لەو هەڵەیەی لە نووسراوی لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆرستان کراوە و دواتریش لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە، چونکە ئەوەی لە نووسراوەکەدا هاتووە بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی ڕاستەقینەی عێراق نییە و حکومەت تەنیا ناوی ئەو کەس و لایەنەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق جەخت لە هەڵوێستەکانی پێشووی بەرامبەر لوبنان و فەلەستین دەکاتەوە و پاشەکشەیان لێناکات، ئەویش بریتییە لە مافی گەلان بۆ ئازادی و ژیانێکی ڕێزلێگیراو، لەم بوارەشدا هیچ کەسێک ناتوانێت موزایەدە بەسەر حکومەتدا بکات، کە هەمیشە لەگەڵ گەلانی خاوەن ماف بووە و دژی داگیرکاری و هێرشی دوژمنکارانە هاتووەتە دەنگ، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەیانەوە بێ دەنگ بووە.

شەیری بکە لە: