سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دواخران

شەیری بکە لە:
سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دواخران

دیمەنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

ئاڤا نیوز

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند، بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دواخران و دەشڵێت: "لەگەڵ نوێنەری سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان لە کۆبوونەوەداین."

لێدوانی فەرمی: ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە کاتژمێر 9:30ـی ئەمشەو، بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دواخران، ئەو هەنگاوەش بۆ سەلامەتیی گیانی گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان جێبەجێ کراوە.

زانیاریی زیاتر: بە گوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمشەو هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاین دوو گەشتی هەبووە و هەردووکیان بۆ کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی سبەی هەینی دواخران، ڕەنگە هەردوو گەشتەکە بکرێنە یەک گەشت و بە فڕۆکەیەکی گەورەتر لەوەی پێشتر دەستنیشان کرابوو، ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە: گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی پێگاسۆس خرانە بەرەبەیانی سبەی، ئێستاش بە شێوەی ئۆنلاین لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیاکانی هێڵی گواستنەوە لە کۆبوونەوەداین و دەمانەوێت گەشتەکانیان بۆ ڕێکبخەین.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەرێمی کوردستان و تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەرییدان؛ ئەم شەپۆلە بووەتە هۆی بارینی بەفر و دروستبوونی تەمومژی چڕ، کە لە هەندێک ناوچە ئاستی بینینی بۆ خوار 200 مەتر کەم کردووەتەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ مەترسیی لەسەر سەلامەتیی گەشتە ئاسمانییەکان دروست دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ