ڕاگەیێنراوێک لە ئاڤا میدیا لەبارەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی سنووری چەمچەماڵ

شەیری بکە لە:
ڕاگەیێنراوێک لە ئاڤا میدیا لەبارەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی سنووری چەمچەماڵ

دیمەنێک لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری لەبەردەم ئۆفیسی سەرەکی ئاڤا

ئاڤا میدیا


دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش، ئاڤا میدیا وەکو میدیایەکی بەرپرسیار ڕاستەوخۆ دەستی بە گەیاندنی دەنگی خەڵکی لێقەوماو کرد. هەموو کوردستانمان لە ئازارەکانیان ئاگادار کردەوە، بەڵام بینیمان تەنها ئەمە بەس نییە، چونکە لافاوەکە پەردەی لەسەر سەدان چیرۆکی ناخهەژێنی تر هەڵدایەوە.

وەک ئەوەی خودا ویستی لەسەر بووبێت لە رێگەی ئەو کارەساتە سروشتییەوە ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان لە بارودۆخ و گوزەرانی خراپی ئەو سەدان خێزانە هەژارەی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش ئاگادار بکاتەوە. هەروەک خودای گەورە لە قورئان دەفەرموێ: وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ.

هەربۆیە بێ گوێدانە هیچ شتێک، نیشتمانپەروەرانە و مرۆڤدۆستانە هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاریمان راگەیاند. سوپاس بۆ دڵسۆزی و خەمخۆری خەڵکی هەولێر، سلێمانی، بادینان، کەرکووک و هەڵەبجە و هەموو شارەکانی کوردستان، کە کوردانە و مەردانە هاتن بەدەم هەڵمەتەکەی ئاڤاوە.

ئێمە دەمانزانی ئەگەر ڕووماڵی ئەو خەمە گەورەیەی خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش نەکەین، هەرگیز چیرۆکە ناخهەژێنەکان نەدەگەیشتنە ڕای گشتی و خێرا لەبیر دەچوونەوە. ئێمە ئەو شانازییەمان پێ بڕا کە نیشانی خەڵک و دەسەڵاتی بدەین، خەڵکانێک هەن لەم نیشتمانەدا بە چ شێوازێکی کارەساتبار دەژین.

هەربۆیە ئێمە خەمی ئەوانمان کرد بە خەمی هەموو کەسێک، ئازارەکانی ئەوانمان کرد بە خەمی گەورە و بچووک و دەوڵەمەند و هەژاری ئەم نیشتمانە بریندارە. هەموو کەسێک فرمێسکی سۆز و بەزەییان ڕشت بۆ ئەو خەڵکە لێقەوماوە.

تەنانەت ئێمە وامان کرد زۆرینەی میدیاکانی تریش دەست بکەن بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک، ئەمەش هەر شانازییە بۆ ئێمە و دەستیان خۆش بێت. لەمڕۆوە ئیتر کاتی گەڕانەوەی خەندەیە بۆ سەر لێوی لێقەوماوان.

بەرهەمی هەڵمەتەکەی ئاڤا میدیا

لە هەڵمەتەکەی ئاڤا تا ئێستا نزیکەی دوو ملیار دینار پارەی کاش کۆکراوەتەوە، لە کۆکردنەوەی پارەش بەردەوام دەبین.

هەروەها 20 بارهەڵگری گەورە و 20 بارهەڵگری بچووک خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی کۆکراوەتەوە.

تا ئێستا 22 بارهەڵگر بۆ زیانلێکەوتووان ڕەوانە کراوە، لە ناردنی بارهەڵگرەکانی دیکەش بەردەوام دەبین. 

ئاڤا لە ڕووماڵ بەردەوام دەبێت تاوەکو فرمێسکی لێقەوماوان دەگۆڕین بۆ خۆشی و شادی، ئیتر کێ بەوە دڵی دەتەقێ کەیفی خۆیەتی.

جگە لە گەیاندنی هاوکارییەکان ئەمڕۆ کلیلی یەکەم خانووی نوێ پێشکەش بە زیانلێکەوتووێکی چەمچەماڵ کرا بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی.

 لەم کارەماندا شاهێدی خەڵک بۆمان گەورەترین خەڵاتە، چونکە ئاڤا میدیا، میدیای خەڵکە و لای ئێمە دڵی خەڵک لە هەموو شتێک گرنگترە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ