گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دروست دەبێت

شەیری بکە لە:
گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دروست دەبێت

وێنەی مووچە و لۆگۆی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

وەزارەتی دارایی عێراق، هێشتا دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی عێراق نەکردووە، کاتی دەستپێکردنیشی دیارنییە، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا دەڵێت: هۆکارەکەی کێشەی کەمیی پارەی نەختینە، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە لە عێراق.

وێنە گەورەکە:  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی مووچەی مانگی 10 دەکەن، لەکاتێکدا پێویستە حکومەتی فیدراڵی مووچەکانی هەرسێ مانگی کۆتایی ساڵ خەرج بکات.

لێدوانی فەرمی:  بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ و سبەی پەیوەندی بە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکەین، دواتر کاتی ناردنی مووچەی مانگی 10 دەزانین و ڕێككارەكانی دەستپێدەكەن.

-  ئەو دەڵێت: دوای وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق، 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەنێرین، پارەکە و نووسراوەکەشی ئامادەیە، تەنها ئەوە ماوە پارەکە بە کاش بگوازرێتەوە بۆ لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر. 

- بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی وتی: تائێستا هیچ گرفتێک بۆ ناردنی مووچە درووست نەبووە،  ئەگەری زۆرە بەغدا ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی خۆی بکات، دواتریش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

زانیاریی پەیامنێر:  دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا ڕایگەیاند: کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تائێستا دیارنییە، بەهۆی ئەوەی بەغدا کێشەی دابینکردنی نەختینەی هەیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ڕاستەوخۆ مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات.

- تاڕادەیەک دڵنییای هەیە بەغدا مووچەی مانگی 10 بنێرێت، بەڵام مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی هەرێمی کوردستان چارەنووسی نادیارە. 

باکگراوند: ڕۆژی 18/11/2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ بەشدایی لە کۆڕبەندی مێپس، سەردانی دهۆکی کرد. سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لەگەڵ سوودانی کۆبووەوە، جەختیان لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، سوودانی دووپاتی کردەوە مووچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بەپێی ڕێککەوتنەکان دەدرێت، بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش، هەرێمی کوردستان، بەشەبودجەی خۆی لە چوارچێوەی بودجەی گشتيی فیدراڵ دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: