یانەی گۆڵفەکەی ویتکۆف؛ جێگرەوەی جنێڤ و پاریس بۆ دانوستانە نهێنییەکانی جیهان

شەیری بکە لە:
یانەی گۆڵفەکەی ویتکۆف؛ جێگرەوەی جنێڤ و پاریس بۆ دانوستانە نهێنییەکانی جیهان

یانەیەکی یاری گۆڵفە لە دەورووبەری شاری میامی کە سەرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە کاربەدەستان یاری تێدا دەکەن

ئاڤا نیوز 

بەلایەنی کەمەوە شاندی باڵای نۆ وڵاتی جیهان، لە هەمان ئەو شوێنەدا دانوستانیان کردووە کە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانی تایبەت بە جەنگی غەززە و ئۆکرانیای تێدا بەڕێوەچوو.

وێنە گەورەکە: ناوەندی کۆبوونەوەی شاندە باڵاکانی وڵاتان چیتر جنێڤ یان پاریس نییە، بەڵکو یانەیەکی یاری گۆڵفە لە دەورووبەری شاری میامی؛ خاوەندارێتیی ئەم یانەیە دەگەڕێتەوە بۆ "ستیڤ ویتکۆف"، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چیرۆکی سەرەکی: لەو کاتەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بووەتە بەشێک لە تیمی سەرۆک ترەمپ، ویتکۆف بەردەوام لە نێوان نووسینگەکەی لە کۆشکی سپی و یانەی گۆڵفەکەی لە میامی لە هاتوچۆدایە. ئەو بە فڕۆکە تایبەتەکەی گەشتی خێرا بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بۆ ئەوەی دۆسیە ئاڵۆزەکانی وەک ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس، جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، و تەنانەت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش یەکلایی بکاتەوە.

ڕێککەوتنی غەززە: بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی غەززە لە مانگی 10ی ئەمساڵدا، بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان لە باشووری ویلایەتی فلۆریدا کرد، بۆ ئەوەی لەو یانە تایبەتەدا لەگەڵ "ستیڤ ویتکۆف" و "جارید کۆشنەر"، زاوای ترەمپ کۆببنەوە.

جەنگی ئۆکرانیا: زۆربەی گفتوگۆ نهێنییەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لەم یانەیەدا ئەنجامدراون. تەنانەت هەر لەم هەفتەیەدا، شاندی ڕووسیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەمریکا سەردانی هەمان شوێنیان کردووە.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: میدیا جیهانییەکان هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم یانەیەی گۆڵف بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە نهێنییەکان، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە شوێنەکە لە واشنتنی پایتەخت و چاوی میدیاکانەوە دوورە، ئەمەش ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ دیپلۆماتکاران دابین دەکات.

ئەوەش بزانە: ئەم یانە ناوازەیە لە ساڵی 2023 کراوەتەوە؛ بەپێی زانیارییەکان، هەر کەسێک بیەوێت ببێتە ئەندام و یاری تێدا بکات، دەبێت بڕی یەک ملیۆن دۆلار وەک ڕسووماتی ئەندامێتی بدات.

 


زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ