لەسەر 120 ملیارەکە گفتوگۆیەکی تووند کەوتووەتە نێوان هەولێر و بەغدا

  • بزنس
  • 2 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
لەسەر 120 ملیارەکە گفتوگۆیەکی تووند کەوتووەتە نێوان هەولێر و بەغدا

ئاڤا نیوز

 

حکومەتی عێراق بەنیاز نییە ساڵی نوێ  120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لەسەر هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، تەنانەت دەیەوێت زیادیشی بکات. لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی تووند لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە، ساڵی نوێ چەند کۆبوونەوەیەک دەکەن و کێشەکە یەکلا دەکەنەوە

 

هۆکارە زانراوەکان: حکومەتی عێراق بۆ ئەمە پشت بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەبەستێت کە ناوەڕاستی مانگی نۆی ئەمساڵ ڕاپۆرتی دایە حکومەتی عێراق کە پێویستە حکومەتی کوردستان 120 ملیارەکە زیاد بکات.

 

هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی عێراق بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، بڕیاریان دا پێداچوونەوە بە 120 ملیارەکە بکەن، بەڵام نەیان وت زیادی دەکەن یان کەم، بە لیژنەیەکیان سپارد دیراسەی بکەن.


بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: لە بەرامبەردا حکومەتی کوردستان دەڵێت 120 ملیار دینارەکە زۆرە و چەند جارێک بە فەرمی داوای کەم کردنەوەی کردووە.

 

- بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤای گوت: دەستکاریکردنی 120 ملیارەکە دەبێت بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن بێت لەنێوان هەولێر و بەغدا، لە ساڵی نوێ دەست بە گفتوگۆ دەکرێت.


بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: حکومەتی عێراق تووشی قەیرانێکی گەورە و دۆخێکی نەخوازراو بۆتەوە. جگە لە زیادکردنی 120 ملیار دینارەکەی کوردستان، بۆ ساڵی نوێ حکومەتی عێراق بیرۆکەی هەیە چەند ڕێگایەک وەک چارەسەر بگرێتەبەر.


یەکەم: زیادکردنی باج و ڕسومات و گومرگ.
دووەم: سەرجەم وەزارەتەکان پابەند دەکات خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە و داهاتەکانیان زیاد بکەن.
سێیەم: جێبەجێکردنی سیستەمی باج لەسەر مووچەی سەرجەم مووچەخۆران، بە رێژەی سەدا 10 بۆ سەدا 15.
چوارەم: بەردەوام بوون لە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و سەرمووچە. 


- ئەو نووسراوەی ئەم هەفتەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی کوردستان بڵاوکرایەوە کە گوایە پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە، شتی وا نییە، نووسراوەکە تەنها کارێکی ڕۆتینە، حکومەتی عێراق هی خۆیشی هەمووی ڕاگرتووە.


پێنجەم: دابەزاندنی بەهای دینار و زیادکردنی بەهای دۆلار، حکومەتی عێراق بەنیازە بەهای هەر 100 دۆلارێک لە 132 هەزارەوە بکات بە 150 بۆ 180 هەزار دینار.


ئەمەش بزانە: ئەمانە بیرۆکەن، حکومەتی عێراق ترسی هەیە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر دابەزێت، بەتایبەت ئەگەر شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بووەستێت، ڕووسیا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکاتەوە بۆ بازاڕەکان، نەوتەکەیشی زۆرە و ڕۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل دەفرۆشێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ