ئاڤا میدیا بێلایەن نابێت

ئاڤا میدیا بێلایەن نابێت

لەبەرامبەر ئەو دۆخەی بەسەر كوردانی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود سەپێنراوە لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئاڤا میدیا بە ئەركی میدیایی خۆی هەڵدەستێت لە خستنەڕووی وێنە ڕاستەقینەكە وەك خۆی.

لەم دۆخەدا ئاڤا بۆ چركەیەكیش سڵ ناكاتەوە لە خستنەڕووی ڕاستییەكان و گەیاندنی دەنگ و پەیامی كوردان لە سووریا، كە وادیارە هەموو میدیای عەرەبی لە دژیان وەستاوە و پشتگیری ئەو كوشتارە نامرۆڤانە دەكەن كە سوپای عەرەبی سووریا لەو ناوچانە دەستی داوەتێ، بێ هیچ پاساوێك و زەڕورەتێك و لە كاتێكدا ڕێكکەوتن هەیە.

بۆیە ئاڤا میدیا بەهەموو شێوەیەك هەوڵ و توانای میدیایی خۆی دەخاتەكار بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵكی ئەو ناوچەیە و پەیامی كوردانی سووریا.

پێویستە زوومی كامێرای هەموو میدیای كوردی بخرێتە سەر ئەو ناوچانە لە پێناو ڕێگری لە دروستبوونەوەی جینۆساید و لەناوبردنی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لەسەردەستی چەكدارانی بیانی و سوپای عەرەبی سووریا كە وا دەردەكەوێ نیاز و نییەتیان بەرامبەر خەڵكی ئەو ناوچانە باش نییە.

لەم قۆناغەشدا ئاڤا میدیا وەك هەمیشە بووەتە بڵندگۆی دەنگی كوردانی سووریا، كە ئەمرۆ ڕووبەڕووی كوشتوبڕ و لەناوبردن دەبنەوە لەسەر دەستی چەكدارانی سوپای عەرەبی سووریا.

ئێمە لە ئاڤا میدیا نایشارینەوە پێشبینیمان بۆ ڕووداوەكانی ڕۆژانی داهاتوو مەترسیدارە، بۆیە هەوڵدەدەین لە ڕێگەی ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی نێودەوڵەتی و ڕووماڵی بەردەوام ڕێگری لە ئەگەری مەترسیدار بكەین.

بە خوێندنەوەمان بۆ دۆخە مەیدانییەكە پێمانوایە ئەگەر جیهان بەزووترین كات نەیەتە سەر هێڵ و كار بۆ ڕاگرتنی ئەو جەنگە نەكات، ئەوا لە ڕۆژانی داهاتوو جیهان وێنەی تراژیدی دڵشكێنەری گەورە لە سووریاوە دەبینێت، هیوادارین جیهان لەگەڵمان بێتە سەر هێڵ بۆ ڕێگری لە دووبارە كۆمەڵكوژی و دروستنەبوونی ئەو وێنانە.

پەیاممان بۆ میدیای كوردی ئەوەیە لەبەرامبەر ئەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوودەدات، میدیای كوردی ناتوانێت و ناكرێت بێلایەن بێت. ناكرێ بەناوی بابەتی بوونەوە، هەردوولا، هێرشكارو بەرگریكار، دەستدرێژیكار و ستەملێكراو وەك یەك تەماشا بكات.

ئاڤا میدیا وەك هەمیشە كە ڕایگەیاندوە میدیای خەڵكە، ئەمڕۆش لەهەموو كات زیاتر گەیەنەری دەنگی مەزڵوومیەتی خەڵكی ستەملێكراوی ڕۆژئاوای كوردستان بە گشتی و هەردوو گەڕەكی ئەشرەفییەو شێخ مەقسوود دەبێت و هەموو توانای خۆی دەخاتەكار بۆ ڕێگری لە كوشتار و تا ڕاگرتنی ئەو هێرشانە لەگەڵیان دەبێت.

بەچاوی خۆمان دەبینین و بەگوێی خۆمان دەبیسیتن ئەمرۆ كۆمەڵێك میدیای عەرەبی گەورە بەتەواوی بوونەتە بەشێك لە شەڕی دەستدرێژیكردن بۆسەر گەڕەكە كوردنیشینەكان و بەناوی یەكگرتویی خاكی سووریا پشتیوانی شەڕی سوپای عەرەبی سووریا و چەكدارانی بیانی لە حەلەب دەكەن، بۆیە لەبەرامبەر ئەمەشدا ئاڤا میدیا و هەموو میدیای كوردی دەبێت بەتەواوی پشتیوانی كوردانی رۆژئاوا بن و ناتوانین بێلایەن بین.

ئەو گفتوگۆ و دەمەقاڵێیەی لە یەكەم ڕۆژی هێرشەكان لەنێوان بێژەرمان سوورەیا حەسەن لەگەڵ یەكێك لە میوانەكانی كە بەهەموو شێوەیەك پاساوی ئەو هێرشانەی دەدایەوە كە دەكرێتە سەر ئەو دوو گەڕەكە، بەتەواوی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی كاركردنی میدیاكەمانە.

ئێمە بەهیچ شێوەیەك و لە ژێر هیچ پاساوێكدا و بەناوی باڵانسی میدیایی پشتی كوردانی ستەملێكراو لە رۆژئاوای كوردستان و ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە بەر هێرش بەرنادەین و بڵندگۆو زمانحاڵی ئەوانین، ئەمەش ئەركی ڕاستەقینەی میدیاكەمانە و پێمانوایە میدیا دەنگی ستەملێكراو و قوربانییەكانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: