لە ژانی دڵی باوکمەوە، تا ژانی دڵی هەموو کورد، ڕازێک بۆ ڕۆژاوای خۆڕاگر

لە ژانی دڵی باوکمەوە، تا ژانی دڵی هەموو کورد، ڕازێک بۆ ڕۆژاوای خۆڕاگر


ئەمڕۆ لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی باوکم، شێخی شاعیران حەسیب قەرەداخی دا، تەنیا یادی ژیان و مەرگی باوک و شاعیرێک بەسەر ناکەمەوە، بەڵکوو قەتماغەی برینێکی ساڕێژنەبووی یادەوەریی خۆم و نەتەوەکەم هەڵدەدەمەوە. باوکم کە شاعیری نەتەوە و شۆڕش و عیرفان بوو، بەرپرسێکی ستەمکاری شەقوەشێنی شەیتانبازاڕی سیاسەت، بە هەڕەشە و سووکایەتییەکانی، دڵی لەشکاندن نەهاتووی ئەوی شکاند.

29 ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی نەگریسدا، ڕۆحی باوکم کەوتە بەر زەبری دەمارگیری و لووتبەرزیی هاوزمانێکی خۆی و ژانێکی قووڵی چاوەڕواننەکراو بە دڵی گەیشت، تا دواجار لە لێدانی خست و بوو بە ستەمێکی سەخت کە هەرگیز شوێنەوارەکەی ساڕێژ نابێتەوە.

حەسیب قەرەداخی پێی وابوو شیعر تەنیا فەنتازیایەک نییە لەناو دەریای بێبنی زماندا، بەڵکوو هەڵوێست و بڕوا و واتای باڵای ژیان و مرۆڤبوونیشە. وشە لەلای شێخ چەکێکی ئەخلاقی بوو لە دژی ستەمکاری و پردێکی ڕۆحی بوو بۆ مرۆڤی کورد کە بەسەریدا بپەڕێتەوە بۆ مانایەکی باڵاتری بوون و ژیان. لە شیعرەکانی حەسیب قەرەداخیدا دەنگ و ڕەنگی میللەتێک دەبیسترێ و دەبینرێ کە لەگەڵ شکۆ و حورمەتی عیرفاندا ئاوێزانی یەکدی کراون و لە یەکدی جیا نابنەوە.

کورد، لە بڕوای شێخی شاعیراندا، بەشێکی زیندووی مێژووە و نەتەوەیەکی لە خاکی خۆی دانەبڕاوە، نەک میوان و نامۆ بە نیشتمانی خۆی. کورد بەر لەوەی ژمارەیەک بێت لەناو تۆماری سیاسەت و دەسەڵاتی داگیرکەردا، لاوک و حەیران و هۆرە و سەما و گۆڤەند و شیعر و عیرفانە؛ بۆیە کارێکی پێشبینیکراو نەبوو کە بکرێتە ئامانجی توندڕەوی و دەمارگیری و کورسیپەرستی، چونکە وشەی ڕاستگۆ و ئازا، دەمامکی ڕووی ساختەکاران دادەماڵێ؛ باسی شکۆ و کەرامەتیش، کەسانی بێ کەرامەت توڕە دەکەن. شیعری شێخ شتەکانی بە ناوی خۆیانەوە دەناساند، ڕووی دزێوی ڕاستەقینەی ستەمکارانی ئاشکرا دەکرد، بانگەشە بێبایەخەکانیان و دروشمەکانیانی بە درۆ دەخستنەوە.

باوکم دڵی لە لێدان کەوت، چونکە سووکایەتیکردنی بەرپرسێکی بێباک تەنیا تاکێک بریندار ناکات، بەڵکوو چەمکی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ تێکدەشکێنێ. سووکایەتی تەنیا چەند وشەیەکی تاڵ و توند نییە، بەڵکوو کردەوەیەکی دڕندانەی ڕەمزییە، پەڵە و شوێنەوارێکی نەبینراو لە ناخی مرۆڤدا جێدەهێڵێت، دڵ ئازار دەدات و خوێنبەری ڕۆح دەپژێنێ. باوکم شەهیدی ئازاری دڵ و خوێنپژانی ڕۆحی بوو. بێباکی و نادادپەروەری، دەتوانن تەنیا وشەیەکی نابەجێ یان هەڕەشەیەکیش بگۆڕن بۆ خەنجەرێکی ژەهراوی.

لەم یادەدا، من ناتوانم خەمی خۆم لە خەم و زامی خوێنلێچووی نەتەوەکەم داببڕم. ئەو ئازار و ژانەی چوار ڕۆژە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەم لە حەلەب لەسەر دەستی توندڕەوەکان دەیچێژن، درێژەی هەمان سیاسەتی زەلیلکردن و چەوسانەوەیە، بە پاڵپشتیی هێزێک کە ئێستا بانگەشەی "حوکمڕانیی سووریای نوێ" دەکات؛ ئەگەرچی زەمان و زەمین و ڕوووخسار و دروشمەکانیش گۆڕاون، بەڵام لە ڕەچەڵەکدا هەر هەمان لۆژیک و ئەقڵییەتە: دەمارگیری، توندڕەوی، دەسەڵاتخوازی و کورسیپەرستی، وەدەرنانی زۆرەملێ، دنەدان بۆ توندوتیژی و ڕقوکینە، پێشێلکاری بە ناوی سیاسەت و ئایینەوە، یان لەژێر ناوی "قۆناغی گواستنەوە"دا.

ئەو کۆمەڵکوژییەی لەناو گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا ڕوو دەدات، ڕووداوێکی بێپێشینە نییە و تەنیا "سەرپێچی و ملهوڕیی تاکەکەس و گرووپێک" نییە، بەڵکوو بەرهەمی ڕاستەوخۆی کەشوهەوایەکی سیاسیی ئایدیۆلۆژیی توندڕەوانەی تیرۆریستانەیە کە پارە و چەک و میدیای دەستێکی باڵای ناوچەیی پاڵپشتی و پەردەپۆشی دەکات. کاتێک دەسەڵاتی سیاسی ڕێگە بە گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان دەدات ئاسایش و کەرامەتی خەڵک پێشێل بکەن، کاتێک دەسەڵاتی سیاسی تەوژم و شاڵاوی ڕقوکینە و تەکفیر پشتگوێ دەخات و خۆی لێ کەڕ دەکات، دەبێ بەردەوام چاوەڕوانی ئەم وەحشیەت و کوشتوبڕە بین. مێژوو پێمان دەڵێت: ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ چاوپۆشی لە توندڕەوی دەکات و پشتیوانیشی لێ دەکات، سبەی یان دووسبەی، درەنگ یان زوو، زۆر بە خراپی باجەکەی دەدات. هەر کە دێوی ڕقوکینە و توندڕەوی لە دەمی قۆرییەکەوە هاتە دەرێ و ئازاد بوو، ئیتر زۆر سەختە خاوەنی قۆرییەکە بتوانێ کۆنترۆڵی بکاتەوە.

ئەگەر ئەمڕۆ باوکم لە ژیاندا بووایە، شیعرێکی ئاگرینی دەنووسی و بەیادی هەمووانی دەهێنایەوە کە کورد لەسەر خاکی خۆی دەژی، نە میوانە و نە کرێچی و نە خوڵامی بابی کەس! ڕەگی کورد لەم خاکەدا هەزاران جار لە بیرەنەوتەکان قووڵترە. دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری، یان دەبێ بۆ هەمووان بن یان هیچ کەس و لایەنێک خێر لە خۆی نابینێ! ئەگەر ئەمڕۆ شێخ لێرە بووایە دەیگوت: شۆڕشێک ئەخلاقی نەبێ، گورگێکە لە پێستی مەڕدا! دەوڵەتێکیش نەتوانێت یان نەیەوێت ڕێزی فرەیی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بگرێ، بە دەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێ!

لە ساڵیادی کۆچی دوایی تۆدا بابە حەسیب، بەڵێنت پێ دەدەم شیعرەکانت وەسیەتنامەت بن بۆ ئێمە و بۆ نەتەوەکەم. لە زاری تۆوە بانگەوازێکیش بۆ حەلەبی زامدار دەکەم و دەڵێم: ژان و ئازارمان یەکە، کەرامەت و شکۆشمان یەکە. هەر ئەو ستەم و ملهوڕییەی بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر ویستی شیعر بێدەنگ بکات، ئەمڕۆ لە بەرگی ئایین و ڕەگەزپەرستیدا دەستی ناوەتە قوڕگی ئێوەش. ئازادی نە دەمرێ و نە بەسەر دەچێ، تەنانەت ئەگەر دەیان شاعیر و هونەرمەندیش بە ئازار و ژانەوە بمرن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: