لە نێوان دوو (شەرع)دا؛ چما سووریا بەرامبەر کورد وا دەکات؟

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی

ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان

لە نێوان دوو (شەرع)دا؛ چما سووریا بەرامبەر کورد وا دەکات؟


هێرشەکانی سەر حەلەب، بەتایبەتی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، بە تەنیا ڕووداوێکی سیاسی و کاتی نییە، بەڵکوو دیوێکی تر و دیرۆکێکی قووڵتری هەیە و پەیوەندیی بە برینێکی ساڕێژنەبوو و قەیرانێکی ڕیشەدارەوە هەیە کە بەستراوەتەوە بە میراتی عەقڵییەت و تێڕوانینی ڕەوت و ڕژێمە خۆپەرستەکانەوە؛ بەشێکیان بە ناوی عەرەبایەتی و بەشێکیان بە ناوی ئیسلامەوە، قەت ئامادە نین دوور و نزیک دان بە کورد و مافە ڕەواکانیدا بنێن.

ئەوەی بەرانبەر کورد کراوە و دەکرێت، بە هەموو پێوەرە ئەخلاقی و ئینسانییەکان، پێشێلکاری و زوڵمێکی گەورەیە؛ ئامانجی هەرە سەرەکیش سەرکوتکردن و شکاندنی ئیرادەی کورد و شێواندنی شوناس و دیمۆگرافیایە. هاوکات بەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر کورد هێنراوە و دێت، کورد وەک گەلێکی خۆڕاگر و بەئیرادە لەسەر خاک و ناسنامەی خۆی ماوەتەوە و سازشی نەکردووە. لە مێژووشدا وابووە ئەوەی ستەمی کردووە و مافی کوردی پێشێل کردووە، شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە؛ ئەوەشی بەرگریی لە ماف و مانەوە و کەرامەتی کورد کردووە، بووەتە ڕەمزی شانازیی کورد و مرۆڤایەتی.

کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و کولتووری لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی، هەمیشە ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە ئیسلام نەکاتە ئامراز بۆ ئەجێندای سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بەرژەوەندیی تایبەتی، بەڵکوو لە ئایینەوە ئەو تێگەیشتنەی لا گەڵاڵە بووە، کە مرۆڤایەتی بەو هەموو تیرە و هۆز و گەل و نەتەوەیەوە، ئیرادە و ویستی خوای پەروەردگارە لە پێناو ئامانجێکی گەورەدا، کە خۆی لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی و یەکتر قبووڵکردن و ئاشنایەتی و پێکەوەژیاندا دەبینێتەوە. خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا..) الحجرات: 13.

لەگەڵ ئەمەدا، بە درێژایی مێژوو کورد ستەمی لێ کراوە و خاکی پارچەپارچە و داگیر کراوە و مافی خوراوە یان نەدراوە، وەلێ لە جیهانی ئیسلامیدا کەسێکمان نەبینی پاڵپشتیی دۆزی کورد بکات و ئەوەی ئیسلام پێی بە ڕەوا دەبینێت قسەی لەسەر بکات؛ ڕۆژێک هەڵوێستێکی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبیی ئیسلامیمان نەبیست بڵێن بەپێی ئایینی ئیسلام کوردیش هەمان ئەو مافەی هەیە کە گەلانی تر هەیانە. لەوەش زیاتر، سیاسییەکانیان وەک دروشم جاری وا هەیە موجامەلەی کورد دەکەن، بەڵام لە ڕووی پراکتیکییەوە تا سەر ئێسقان دژن و قسە و بڕیاریان بستێک لە خۆیان تێپەڕ نابێت!

دوا نموونە دۆخی ڕۆژئاوایە؛ کە هەمووان چاوەڕوانیی زۆرمان لە سووریای نوێ هەبوو، بەتایبەتی لێکتێگەیشتن و پێنگاڤی گرنگ و ستراتیژی نرا لە پێناو سەروەریی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری و مافی پێکهاتەکان لە بنیاتنانەوەی وڵاتدا، بەڵام بەداخەوە نەک گەرەنتیی پاراستنی مافی کورد نەدرا، بگرە هەوڵێک هەیە بۆ لەباربردنی خەونی کورد و شکاندنی ئیرادەی ئەو نەتەوەیەی پتر لە هەشت سەدەیە مێژووی هەیە و خاوەنی ئەو خاکەیە. قەڵای دیمەشق و قوتابخانە و شوێنەواری ئەو شارە و بوونی سووریا وەک ناوەندی بڕیار لە سەردەمی سوڵتان سەلاحەددیندا، هێمای ئەو ڕاستییە دەردەخات کورد پێکهاتەیەکی نامۆ و میوان نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکی خاوەنماڵە لەسەر خاکی خۆی و دەیەوێت بە ئازادی و کەرامەتەوە بژیت و شوناسی خۆی بپارێزێت؛ چونکە ئەم دیرۆکە لە چوارچێوەی مێژوودا تەنیا چالاکییەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو گوزارشتە لە ڕەسەنایەتیی نەتەوەیەک کە مێژووی ناوچەکەی نەخشاندووە.

لەسەر ئاستی ئایینییەکەش، کورد نموونەیەکی سەرکەوتوو بووە لە خزمەتکردنی ئیسلام و کەلەپووری ئیسلامی؛ خشتێکی جوانی هەیکەلی دینداریی ڕاستەقینە و جیهانی ئیسلامی بووە لە گەشەپێدانی شارستانییەت و هەڵکەوتەی هەزارەها سەرکردە و زانای پایەبەرزی ئایینی و پاڵپشتی ڕێبازی زانستی و تەبلیغ و پەیڕەوی ئایینی و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان. قەت نەبووە کورد بە ناوی ئایین و نەتەوەوە ستەمی لە کەسێک کردبێت، یان هەڕەشە و مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایش و کیانی لایەنێک و دەوڵەتێک. هەزار ساڵ پترە ڕۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی دین و ژینی گەلەکەماندا ئەرێنی بووە و هەوڵی تەواویان داوە ڕەحمەتی ئیسلام پیشان بدەن و چوارچێوەیەکی دروست و زانستیی دونیابینی و دینداریی نەتەوەی کورد بگوازنەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، کە لەناو کورددا ئایین نەک تەنیا فاکتەری یەکڕیزیی نەتەوەیی، بگرە هۆکاری ئاشتیخوازی بووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

کەچی گەل و وڵاتی تر بە ناوی ئیسلامەوە زوڵمی گەورەیان لە کورد کردووە و دەکەن و زیانی گەورەشیان پێ گەیاندووە؛ وێڕای پارچەپارچەکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزانەوە، پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و تەهجیر و تەعریب و تەرحیل و کوشتوبڕی زۆر و دروستکردنی لەمپەر و مەینەتیی جۆراوجۆر لە وێرانکردنی شار و دێهات و گۆڕینی دیمۆگرافیا و سەپاندنی هێز و ڕێگەنەدان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دەیان بەربەستی تر! بەشێکی ئەو مێژووە تاڵەیە کە کورد لەگەڵیدا ژیاوە. بە مانایەکی تر، کورد تەنیا بۆ ئەوەی بژیت دەریایەک خوێنی بۆ مافی خۆی و پارێزگاری لە بوونی خۆی ڕشتووە و هەزارەها ڕۆڵەی ئەو میللەتە بوونەتە قوربانیی ڕێی ڕزگاریی کوردستان، کەچی نەک کەس بە ناوی ئیسلامەوە بەدەنگ نەهات! بگرە زۆربەشیان ڕەوایییان دەدا بەو کردە وێرانکەر و شۆڤێنی و پاکتاوانەی بەرانبەر کورد کراوە و دەکرێت. خۆ ئەگەر چەند وڵات و لایەن و گرووپێک هەڵوێستی جوان و موسڵمانانەیان پیشان بدایە و بە ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کورد بکردایە، ئێستا دەمانگوت بێ کەس نین و ویژدانی مرۆڤایەتی بەرانبەرمان زیندووە. وەلێ بەداخەوە..

ئێستا لە ئاست ئەو هێرشانەی سەر کورد لە حەلەب، بەشێکی زانا و کەسایەتیی ئایینی و بانگخواز و موسڵمانی سووریا، بەری چاویان لێڵ بووە و جاڕی جیهاد بەرانبەر کورد لێ دەدەن و بە وتنی (الله أکبر) پاڵپشتیی کۆمەڵکوژیی کورد دەکەن و ئەو ستەمە گەورەیە دەشەرعێنن بەرانبەر کوردانی ڕۆژئاوا؛ وەک بڵێی کورد هەر موسڵمان نەبێت بەلایانەوە وا دەهۆڵی شەڕی بۆ دەژەنن! چ عەجەب ئەوانە چۆن لە ئیسلام حاڵی بوون و بە چ ویژدانێکەوە ڕێگە بە ماڵوێرانی و دەربەدەری و کوشتن و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدەن؟ مەگەر کورد موسڵمان نییە؟ پێکهاتەیەکی ڕەسەن و خاوەن مێژووی خۆی نییە لەم وڵاتەدا؟ لانیکەم مرۆڤ نییە و مافی ژیانی نییە؟ ئەی ئەو هەموو ئایەت و فەرموودانەی باس لە ماف و برایەتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و پاراستنی کەرامەت و گیان و ماڵ و سامان و نەژاد دەکەن، چ لێ دەکەن؟ چۆن وەڵامی خوا دەدەنەوە کە فەتوای لەناوبردنی کورد دەردەکەن؟ چۆن بە ناوی سیاسەت و بەرژەوەندییەوە، پاساو بۆ ستەم دەهێنرێتەوە و چاوپۆشیی لێ دەکرێت؟ لە کاتێکدا لە ڕووی شەرع و ئەخلاق و مرۆییەوە کارێکی ڕەتکراوە و ناپەسند و تاوانە و بەدڵنیایییەوە ئیسلام بەرییە لەو هەڵسوکەوت و هەڵوێستە نادروستانە.

بۆ کەسێک کە بانگەشەی دیکتاتۆری و بێدینی و هەڵپەرستی بکات، لێی چاوەڕوان دەکرێت ستەم و تاوانکاری ئەنجام بدات، بەڵام کەسێک خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان و میراتگری پێغەمبەری ڕەحمەت بزانێت و نازناوی (شەرع) لە خۆی بنێت، نەک هەر نەنگی و شووم و شەرمەزاری و پەڵەیەکی ڕەشە، بگرە کارەساتێکی مرۆیی هەرە مەزنە بێویژدانانە بەربیتە گیانی نەتەوەیەکی موسڵمان، کە داوای ژیان و ماف و کیان و خاکی خۆی دەکات و خوای باڵادەست ئەو مافەی پێ داوە.

لە نێوان ئەو (شەرع)ەدا کە لە بەرگی ئایینیی خۆی نمایش دەکات و عاتیفەی دینی بەکار دێنێت بۆ لێدان و کوشتن و هێرشکاری و نەهێشتنی کورد، لەگەڵ (شەرع)ی خوا -جل جلاله- کە هەموو ئەمانەی حەرام کردووە و مرۆڤەکانی بە یەکسانی خەڵق کردووە و دادپەروەریی کردووەتە بنەمای حوکمڕانی و ستەمی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە قەدەغە کردووە و ڕێزی لە مرۆڤ گرتووە و مافی هەمووانی پاراستووە؛ نێوانیان زەوی و ئاسمانە! ئەگەر ڕیش و دینداریی ئەو ڕووکەش و نمایش نییە، بۆ لە جیاتی شەڕ بژاردەی ئاشتی پەیڕەو ناکات و بە یەک چاو سەیری هاووڵاتییانی ناکات و پاڵپشتیی داوا و مافی کوردی موسڵمان ناکات؟ ئەگەریش ئامانج دەوڵەتی خیلافەت و پابەندیی دیندارییە، چما لە (جەبەل ئەلشێخ) کە خاکی سووریایە و ئیسرائیل داگیری کردووە، نوقەی لێوە نایەت!؟

ئەوەی ڕوو دەدات لە حەلەب، تەنیا پاککردنەوەی چەند گەڕەکێک نییە وەک دەڵێن، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گەمارۆی ناوچەکە و شەڕی کورد و تێکشکاندنی ئیرادەیە؛ لەبەر ئەوە بە نیسبەت کورد، ویژدانی مرۆڤایەتی بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەیی بەتایبەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ لەوەی پاڵپشتیکردنی کورد تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: